هۆکاری هەستکردن بە سەرما و تەزین لە لەشدا چییە؟

پزیشک ھەڤین کەمال شا محەمەد دەربارەی هەستکردن بە سەرما و تەزین لە لەشدا چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو کە یەکێک لە هۆکارەکان کەم خوێنییە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک ھەڤین کەمال شا محەمەد، ئەندامی پڕۆفیشناڵی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن، بابەتێکی لەسەر هۆکارەکانی هەستکردن بە سەرماو تەزین لە لەشدا خستووەتەڕوو، ١٤ هۆکاری باسکردووە کە پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنن.

 

-کەم خوێنی، بەتایبەتی لە دەست و قاچدا، ئەویش بەھۆی کەمی خڕۆکە سورەکانەوە، کە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ بەشەکانی لەش.

 

-کەم کارکردنی غودەی دەرەقی "Hypothyroidism" ،کاتێک کە ھۆرمۆنی تایروکسین کەم دەڕێژرێت ئەمە دەبێتە ھۆی ھەستیاری بەرامبەر سەرما، لەگەڵیدا ئازاری جومگەکان، قەبزی، وشک بونەوەی پێست و کێشی زیادەیان توش بێت.

 

-نەخۆشی ڕاینۆد، "Raynaud's phenomenon" ئەمەش بریتییە لە نەخۆشیەکی بۆری خوێنەکان، کە تیایدا بۆری خوێنەکان ھەستیار دەبن بەرامبەر سەرما و سترێس گرژ دەبن و خوێن بە باشی ناگەیەنن بە پەلەکان، ھەر لەبەرئەوە پەنجەکانی دەست و قاچ شین ھەڵدەگەڕێن و ساردو سڕ دەبن، ئەم حاڵەتە لەوانەیە چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

 

-نەخۆشیەکانی گورچیلە، نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێن کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر گورچیلەکان هەیە و کارەکانیان تێکدەدەن و دەبنە ھۆی کۆبوونەوەی پاشەڕۆ لە لەشدا، ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش.

 

-نەخۆشی شەکرە جۆری دوو، لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا دەمارەکان سست دەبن و تێکدەشکێن بەھۆی بەرزی ئاستی شەکرە، لەبەرئەوە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرەکە زۆر گرنگە، جگە لەوەی ئەم نەخۆشانە لەوانەیە کەم خوێنی و نەخۆشی گورچیلەشیان ھەبێت.

 

-نەخۆشی خوێنبەرەکانی پەلەکان یاخود ھەوکردنیان، لەکاتێکدا دەبێت خوێنبەرەکان لە پەلەکاندا دەگیرێن یاخود ھەو دەکەن، ئەمە زیاتر لە یەک قاچ دا ڕوودەدات واتە ھەست بە ساردی و سڕی و بێ ھێزی دەکەیت لە لایەکدا و لاکەی تری پلەی گەرماکەی ئاسایی دەبێت.

 

-ئەنۆ ڕوکسیا نیرفۆسا "Anorexia nervosa"، ئەم نەخۆشانە دەگەنە باری دەروونیەک کەوا دەزانن کێشیان زۆرە، لەبەرئەوە دەگەنە ڕادەیەک بە ھیچ شێوەیەک خواردن ناخۆن بۆ ئەوەی کالۆری وەرنەگرێت لەشیان، ئەمەش دەبێتە ھۆی لاواز بوونیان بەشێوەیەکی ترسناک، لەبەرئەوەی چەوری لەش کەم دەبێتەوە، ھەست کردن بە سەرما زیاد دەکات، ئەمە حاڵەتێکی ترسناکە و دەبێت زوو چارەسەر بکرێت.

 

-ھەڵامەت یاخود فلو، بەھۆی ڤایرۆسەوە تووشمان دەبێت، کاریگەری ھەیە لەسەر ھەموو لەش وەک لوت تەڕبوون و قورگ ئێشەو کۆکە سەرئێشەو ئازاری ماسولکە ھەست کردن بە تا و بە لەرزیش.

 

-تێکشکاندنی دەمارە کان لە پەلەکاندا، "" Peripheral neuropathy لەم حاڵەتەدا ھەست بە سەرما دەکەیت لە پەلەکاندا، بەڵام بە دەستلێدان سارد نیە، ڕوودەدات لە کاتی زەبر بەرکەوتنی دەمارەکان و بریندار بوونیان، یاخود ھەندێک نەخۆشی وەکو شەکرە ، نەخۆشی جگەر و گورچیلە یان کەمی ڤیتامینەکان یاخود ھەوکردنی دەمارەکان .

 

- کەمی ڤیتامین B12 .

 

- کەمی ماددەی ئاسن لە لەشدا، ئایا بەھۆی کەم خوێنیەوە بێت یاخود خوێن بەربوونەوە بێت یاخود کەمی ھەڵمژینی بێت لە گەدەدا، باشترین سەرچاوە بۆ زیاد کردنی گۆشتی سورە.

 

-سستی کارکردنی ڕژێنی پیتیوتەری، "Hypopitiutarism"، کەمی دەردانی ئەو ھۆرمۆنانەی لەم ڕژێنەوە دەردەچن دەبێتە ھۆی ھەست کردنی بەردەوام بە ساردی و گەرم نەبوونەوە، کەم خوێنی، دابەزینی کێش، کەم خۆراکی.

 

-دەرمان، بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە سەرما وەک کاریگەرێکی لاوەکی دەرمانەکە بۆ نموونە، وەکو ئیندیراڵ یاخود بێتا بلۆکەرەکان کە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن بەکار دێن.

 

-خواردنەوە کھولیەکان، لەوانەیە لە پێشدا ھەستی گەرم کردنەوە ببەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی کشانی مولولەکانی خوێن لەژێر پێستدا، خوێن لە مێشکەوەو لە سەنتەرەوە زیاتر دێت بۆ پەلەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش بە گشتی، ھەروەھا کھول کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئەو بەشەی مێشک کە پلەی گەرما ڕێک دەخات ئەمەش لەوەرزە ساردەکاندا کاریگەرییەکی خراپی ھەیە بۆ زیاتر دابەزینی پلەی گەرمای لەش.