ڕیکلامی بازرگانی ژنان بەرەو جوانکاری پەلکێش دەکات

جوان بوون بووەتە بازرگانی و لەسەر دەروونی ژنان بەڕێوەدەچێت، کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕیکلامە بازرگانییەکانیش بەگشتی  لەسەر ژنان و پیاوان دروستبووە و ڕێژەی ئەنجامدانی جوانکاری و بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان لەپێناو جوانیدا زیادیکردووە.

سلێمانی

 

لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیادا لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەکانیشی پێشدەکەون، ئەگەرچی باس لە بچوککردنەوەی جیهان دەکرێت بە ئینتەرنێت و بەرنامەکانی، بەڵام لایەکی دیکەی بووەتە ئامڕازی بازرگانیکردن بە جەستە، بیر و هۆش و دەروونی مرۆڤەوە.

 

لە دوای پەیدابوونی وێنەی خودی-سێڵفی خواست لەسەر جوانکاری زیادیکردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن سیستمەوە پێناسە دەکرێت، بۆ ڕاکێشانی تاک بەرەو جوانکاری، چونکە لە وێنەی ئاسایدا مرۆڤ بە سروشتی خۆی دەردەکەوێت، بەڵام لە وێنەکانی سێڵفی و بەتایبەت بەرنامەکانی سناپچات و بەکارهێنانی فلتەرە جیاوازەکاندا، ڕوخسارێکی دەستکرد بەڵام جوان نیشان دەدات، ئەمەش تاک پەلکێش دەکات بۆ ئەنجامدانی جوانکاری و خۆکردنە ئەو مرۆڤە دەستکردەی لە شاشەی مۆبایلەکانەوە دەردەکەوێت.

 

مێژووی جوانکاری ژنان

مێژووی جوانکاری دەگەڕێتەوە بۆ ٧٠٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، ژنان بەدرێژایی ئەو مێژووە گرنگیەکی زۆریان بە بواری جوانکاری داوە، لەکۆندا ژنان بۆ جوانکاری و گەشانەوەی ڕووخساریان بە ڕەنگی میوەکان لێویان ڕەنگ کردووە، بە خۆڵەمێش برۆ و برژانگیان ڕەش کردووە، پەڕی باڵندەشیان بۆ ڕازاندنەوە لە قژ و جەستەیان ئاڵاندووە.

 

کیلۆپاترا و نەفرتیتی دوو ژنی سەردەمی فیرعەونەکانی میسر بوون، بۆ یەکەمجار ماسکی پارێزگاری لە چرچبوونی دەمووچاویان بەکارهێناوە، کە هەنگوین و مۆمیان بۆ ماسکەکان بەکارهێناوە، ئەوان ناسراون بە بەکارهێنانی پشت چاوی شین کە پێیان وابوو ئەو ڕەنگە چاویان فراوانتر دەردەخات.

 

لە ڕابردوودا جوانکارییەکان سروشتی بوون و کەمتر زیانیان بۆ جەستەو ڕووخساری ژنان هەبووە

بەکارهێنانی ئارایشت مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا، کە میسرییەکان یەکەم گەل بوون ئارایشتیان بەکارهێناوە، لەوکاتەدا ژنان و پیاوان دەوروپشتی چاویان ڕەش کردووە، بە "کل" پێشیان وابووە ئەم کارە لە هێزی خراپەکار دووریان دەخاتەوە.

 

لە مێژوودا پێیان وابووە، چاوی گەورە یەکێکە لە نیشانەکانی جوانی و سەرنجڕاکێشی، بۆ ئەو مەبەستەش ڕووەکی "بیلادونا"یان بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی چاویان، ئەوەش هەندێکجار بووەتە هۆی کوێربوونی چاوی بەکارهێنەرانی، لەو سەردەمانەشدا ئارایشت تەنها بۆ چاو و برژانگ ئەنجامدراوە بە پێداویستیەکانی خۆڵەمێش، سرمە و کل، تائێستاش ژنان کاتێکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ جوانکردنی چاویان.

 

لە ئەمڕۆدا هۆکارەکانی ئارایشت پێشکەوتووە و گۆڕاون، بەشێوەیەک ئەگەر بتەوێت ئارایشت و جوانکاری بۆ هەر ئەندامێکی جەستە دەکرێت، وەک جوانکاری لێو، گۆنا، برۆ، چاو، قژ و جەستە.

 

ژنان زۆرینەی داهاتەکانیان بۆ جوانکاری تەرخاندەکەن

ڕیکلامەکان و بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە کاریگەرییان لەسەر تاک داناوە بە پالکێشان بەرەو بەکارهێنانی جوانکاری و بابەتی ئارایشت، ئەمەش لەناو ژنان و پیاواندا ڕاستە، بەجۆرێک پیاوان زیاتر جوانکارییەکانی لوت، ڕووتانەوەی قژن، چرچ و لۆچی دەموچاو و  دەرهێنانی چەوری دەکەن، لەناو ژنانیشدا جوانکارییەکانی لوت و گۆنا و دەموچاو، دەرهێنانی چەوری بەربڵاوە.

 

گەنجان و بەتایبەت ژنانی گەنج زۆربەی داهاتەکانیان بۆ جوانکاری بەکاردەهێنن، هەستی سەلمان، فرۆشیاری بابەتەکانی جوانکارییە، لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی نوژنها لەبارەی بەکارهێنانی بابەتەکانی جوانکاری لەلایەن ژنانەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئاماژەی بەوەدا، کە کڕیاری بابەتە جوانکارییەکان بەردەوام لە زیادبوون دایە بەتایبەت ئەوانەی کە تەمەنیان لە ١٦ ساڵ بەرەو سەرەوەیە گرنگی دەدەن بە بابەتەکانی جوانکاری.

 

"لە نێوان ژناندا بابەتی جوانکاری زۆر بەربڵاوە زۆربەی داهاتیان بۆ بابەتە جوانکارییەکان تەرخان دەکەن، کە هەندێک بابەتی جوانکاری هەیە پێویستیان پێی نییە، بەڵام لە کاتی بردنی ئەو بابەتانە و وەسفکردنی لەلایەن مەندووبەوە دەیکڕنەوە، لە ئێستادا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو گرنگی بەهەموو بابەتەکانی جوانکاری دەدەن".

 

تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کاریگەری هەیە لەسەر ژنان

هەستی ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ڕیکلام کردن بۆ ئارایشت چاولێکەری لە نێوان ژناندا دروستکردووە و دەیانەوێت لەو بەرهەمانە و جوانکارییە بکەنەوە، "هەروەها فلتەرەکانی سناپچات کاریگەری هەیە لە سەر حەزکردنی ژنان بۆ جوان بوون، کە هەندێک میکیاژی زیادی بۆ دەکات وایلێدەکات لاسایی بکاتەوە و کاریگەری هەبێت لەسەری و وەک ئەو خۆی نیشانبدات و زیادەڕەوی بکات لە میکیاژ کردندا".

 

هەستی سەلمان وەک فرۆشیارێک باسی لەوەشکرد کە هەندێک بەرهەم هەیە کە زیانی هەیە، بە کڕیارەکە دەڵێین کە زیانی هەیە بەڵام سورە لەسەر کڕینی ئەو بەرهەمە، لە کۆتایشدا ڕێنمایی ژنان دەکات کە زۆر گرنگی بە کوالێتی و شوێنی بەرهەم هێنانی ئەو بەرهەمەی دەیکڕن بدەن.

 

ژنان ئاڵوودەی بەرهەمەکانی جوانکاری بوون

سۆما کامیل، ژنێکی گەنجە و باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگە وایلێکراوە قورسە بۆ ژنان کە بێ میکیاژ بچنە دەرەوە، "ژنان ئالودەی میکیاژ کردن بوون ناتوانن وەک جاران بەبێ میکیاژ بچنە دەرەوە، چونکە سۆشیال میدیا کۆمەڵە کەسێکی تێدایە کە کاریگەریان لەسەر ژنان هەیە، ڕیکلام بۆ هەندێک کاڵا و بەرهەم دەکەن وا لە ژنان دەکات کە لاساییان بکەنەوە و بیکڕن، ئەمەش لەپێناو قازانجی خۆیاندایە بۆ ئەو بەرهەمەی کە ڕیکلامی بۆ دەکەن و هانی ژنان دەدەن لاساییان بکەنەوە، کەسانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ٩٥٪ کاریگەریان لەسەر ژن هەیە".

 

سۆما کامیل باسی لەوەشکرد لە ئێستادا هیچ کارێک ناکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنج، هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەو فاکتەرانەی کە هەیە زیاتر گرنگی بە بواری جوانکاری دەدەن، گرنگی بەوە دەدەن کە ئەمڕۆ باوی چییە؟ ئەمڕۆ ئەو کەسە چی لەبەرکرد چۆن ڕۆشت؟، "ئەوەندە گرنگی بە جوانکاری دەدرێت ئەوەندە گرنگی بە کتێب خوێندنەوە نادرێت، ئەو پۆستانەی کە دەکرێت ئەوەندە بابەتی جوانکاری سەرنجت ڕادەکێشت بابەتی دیکە سەرنجت ڕاناکێشێت".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سۆما کامیل ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان پێویستە باوەڕیان بە خۆیان بێت و قەناعەتیان بە جوانی خۆیان هەبێت، لاسایی ژیانی کەسانی ناو سۆشیال میدیا نەکەنەوە، زیاتر هۆشیارببنەوە، "زۆر ئاساییە ژنێک کە هەموو دەمووچاوی گونجاو نەبێت، کەموکورتییەکی هەبێت گرنگ ئەوەیە خۆت قەناعەتت بەو جوانییەی خۆت هەبێت ئەو کەموکورتی ناشرینییانە نامێنێت".