پسپۆڕێکی خۆراک: نابێت قەرەبوونی ماوەی ڕۆژوو بە زۆر خواردن بکرێتەوە

خواردن بە شێوەیەکی تەندروست لە مانگی ڕەمەزاندا گرنگی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی گەدە توشی ئازار و ناڕەحەتی نەبێت، بۆیە پێویستە ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەخورێن تەواو سروشتی بن و دوور بن لە ماددەی زیانبەخش.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە مانگی ڕەمەزاندا، بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتیان گرنگی زۆر بە خواردن ئامادەکردن دەدەن، ئەو خواردنانەی بۆ هەردوو ژەمی بەربانگ و پاشێوان دادەنرێت هەندێکیان تەواو ناتەندروستن، یاخود بەربانگ بە شیرینی زۆر و شەربەتی ناسروشتی دەکرێت، بۆیە وەک پسپۆڕێکی خۆراک، چنار کەمال، دەرچووی بەشی پیشەسازی خۆراک و کۆنتڕۆڵی جۆری، ئەندامی لیژنەی کۆگاکانی ئاو لە لیژنەکانی قایمقامیەت، شێوازی خواردن لە مانگی ڕەمەزاندا بە شێوەیەکی تەندروست دەخاتەڕوو.

 

"ناکرێت بە ماوەیەکی کەم قەرەبووی کاتی ڕۆژوو بکرێتەوە"

چنار کەمال، پسپۆڕی خۆراک ئاماژەی بەوەدا هاوڵاتیان لە قەرەبووی ماوەی بەڕۆژوو بووندا دەیانەوێت زۆرترین خۆراک بخۆن و بخۆنەوە، دەشڵێت ئەم شێوازی نان خواردنە هەڵەیە، "پێویستە ڕۆژوو بە دەنکێک خورما یاخود پەرداخێک ئاو بشکێنرێت، پاشان خواردنێکی سوک و سادە بخورێت وەک شۆربای نیسک کە ڕێژەیەکی باش لە پڕۆتین و ماددەی ئاسنی تێدایە، دواتر خواردنێکی سەرەکی پڕ ڤیتامینات و پڕۆتینی دوور لە چەوری بخورێت و دوای کاتژمێرێک یاخود دوو کاتژمێر پارچەیەکی بچوک شیرینی بخورێت، نەک بە شیرینییەکی زۆر و خواردنێکی چەور دەست بە ڕۆژوو شکاندن بکرێت".

 

ئەو پسپۆڕە وتیشی ١٤ کاتژمێر بەڕۆژوو بوون و خواردنی قورس و چەور ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە و دروستبوونی ئازاری سک و گەدە و ڕیخۆڵەکان، نابێت سەرەتای ڕۆژوو شکاندن بە خواردنەوە گازییەکان بێت، یاخود ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر ترشیان تێدایە وەک ترشیات، لە بەرامبەر خواردنەوە گازییەکان دەتوانرێت پارچەیەک لیمۆ یاخود نەعنا بکرێتە پەرداخە ئاوەکەوە بۆ ئەوەی تامەکەی خۆشتر بێت.

 

"پێویستە بە لەسەرخۆیی خواردن بخورێت"

یەکێک لە خاڵە گرنگەکان خواردنی خۆراکە بە شێوەیەکی لەسەرخۆ، چنار کەمال دەڵێت: "بۆ ئەوەی گەدە هێواش هێواش خواردنی تێبچێت و بە لەسەرخۆیی دەست بە پڕۆسەی هەرسکردن بکات پیویستە لەسەرخۆ خواردن بخورێت، ئەگەرنا خواردن بە خێرایی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی خۆراکەکە و کاتێکی زۆر خواردنەکە هەرس دەبێت"، باسی لەوەشکرد، لەو ماوەیەی کە بەڕۆژووی جەستە بێبەش دەبێت لە چەوری، پڕۆتین و ڤیتامینات بۆیە پێویستە ئەو مادانە لە خۆراکەکەدا هەبێت بەڵام بە ڕێژەی گونجاو نەک ببێتە هۆی دروستبوونی ئازاری گەدە.

 

پاشێوان چی بخورێت باشە؟

دەربارەی پاشیوان ئەو پسپۆڕی خۆراکە وتی: "باشترین خۆراک بۆ پاشیوان خۆراکێکی سوکە وەک نان و ماست، یاخود خواردنی گوێز و بادەم کە پڕن لە پڕۆتین و هاوکاری جەستە دەکەن بۆ بەرگەگرتنی ڕۆژوو، نابێت ڕاستەوخۆ پێش خەوتن خواردن لە پاشێواندا بخورێت، بەڵکو پێویستە ماوەیەک لە نێوان خەوتن و نان خواردندا هەبێت".

 

شەربەت و شیرینییە دەستکردنەکان لەگەڵ ئەوەی ناتەندروستن شێوازی فرۆشتن و هەڵگرتنیشیان نا تەندروستانەیە

لە درێژەی قسەکانیدا چنار کەمال وتی، باشترین جۆری شەربەت شەربەتی فرێشە بۆ بەربانگ، نەک ئەو شەربەتانەی بڕێکی زۆر شەکر و ڕەنگیان تێدایە، ئەگەر کەسێک نەتوانێت شەربەتی فرێش دروستبکات لە ماڵەکەیدا باشترە میوەکە بخوات وەک لەو شەربەتە دەستکردانە، "خواردنی شیرینی و شەربەتی ناسروشتی خودی خۆی خراپە، ئەگەر لە شوێنێکی پاکیشدا نەبێت خراپتر دەبێت، بۆ نمونە، زۆرینەی ئەو شیرینیانەی لە مانگی ڕەمەزاندا دروستدەکرێن لە بازاڕەکاندا سەریان دانەپۆشراوە و ڕۆژانە بەکتریا و ڤایرۆسی زۆریان بەردەکەوێت، یاخود تەپوتۆزی ئۆتۆمبێل و خۆڵی سەر شەقامەکان".