نەخۆشخانەی گەڕۆکی لیڤبار باری قورسی ژنان سووک دەکات

دەزگای ژنی ئازاد بۆ چاودێری و چارەسەرکردنی ژنان و منداڵان لە ناوچە گوندنشینەکانی شاری دێریک لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەی "نەخۆشخانەی لیڤبار"ی بەڕێوەبردووە و ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، ئەم پڕۆژەیە بارگرانییان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا سووک دەکات.

عەبیر محەمەد

 

دێرک- دەزگای ژنی ئازادی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەندین پڕۆژە بۆ ژنان پەرەپێدەدات، یەکێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی کلینیکی گەڕۆکە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵان لە ناوچە گوندنشینەکانی شاری دێرک لە کانتۆنی جزیرە، پڕۆژەکە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە و پاڵپشتی هەزاران ژنی دانیشتووی گوندەکان دەکات.

 

لە ماوەی ٥ ساڵدا هەزاران ژن سوودمەند بوون لەو پڕۆژەیە

لەیلا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای ژنی ئازاد لە دێرک و گیرکێ لەگێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانەکەیان بەتەواوی بێبەرامبەرە چونکە ژنانی ئەو گوندانە بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن وتیشی: نەخۆشخانەکەمان گەڕۆکەو بێبەرامبەرە، هەم چاودێریکردنەکە و هەم دەرمانەکە بەخۆڕاییە، زۆربەی نەخۆشەکانمان ژنن، ئامێری تایبەت بۆ نەخۆشی ژنان لەبەردەستمانە، بێگومان ئەو دەرمانانەی لەبەردەستماندان پێشکەشی دەکەین، زۆرێک لە ژنانی گوندەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە تا دەگەنە شار، ئەم کلینیکە یارمەتی ژنان دەدات، تەنانەت ئەگەر نەخۆشییەکانیان زۆر سەختیش بێت، ئێمە دەیانبەینە لای پزیشکی پسپۆڕی شارەکە، هێشتا ئەو تێڕوانینە هەیە کە خێزانەکان ڕێگە نادەن ژنان بچنە شار و چارەسەر وەربگرن، بۆیە سەردانی ئەم کلینیکە زۆرە.

 

هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگاکان

 لەیلا محەمەد ڕایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ کۆمەڵگەی گەڕەک و گوندەکاندا هەیە بۆ پێدانی زانیاری بە خەڵکی گوندەکە وتی: ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بۆ ئەو گوندانەی کە دەرمانخانەیان نییە، ئێمە تەنها دەچینە ئەو گوندانە، لە ماوەی ٥ ساڵدا هەزاران کەس سوودمەند بوون لەم پڕۆژەیە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 

پزیشکە خۆبەخشەکان بەشداری لە پڕۆژەکەدا دەکەن

 لەیلا محەمەد ڕوونیشیکردەوە، لەڕووی نەبوونی دەرفەتەوە، ئەوانیش ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ دەبنەوە، چونکە پڕۆژەکەیان بێبەرامبەرەو ڕێکخراوە مرۆییەکان هاوکارییان ناکەن، لە کۆتاییشدا وتی: هەفتەی سێ ڕۆژ نەخۆشخانەکە بەڕێوەدەبەین، پێویستمان بە پزیشکێکی خۆبەخشە بۆ هاوکاریکردن، لەم پڕۆژەیەی ئێمەدا دەمانەوێت ڕێکخراو و کۆمەڵە مرۆییەکان یارمەتیدەرمان بن بۆ یارمەتیدانی ژنان و منداڵان.

 

"یارمەتیمان دەدات"

خاتوون موسا خەڵکی گوندی تل سەدەق کە سەر بە دێرکە، پێشتر بۆ هەندێک دەرمان سەردانی کلینیکی گەڕۆکی کردووە، دڵخۆشی خۆی دەربڕی و وتی: سودێکی زۆرمان پێدەبەخشێت، هاوکارمان دەبن لە دەرمان و چاودێریکردن، مانگانە دێنە گوندەکەمان،  ئێمە لە گوندەکاندا دەژین، دەرفەتی دۆزینەوەی ڕێگاوبان کەم هەیە، کلینیکە تایبەتەکان نرخێکی زۆرمان لێ وەردەگرن، بە پێچەوانەوە دەزگای ژنی ئازاد، خزمەتگوزارییەکی باشمان پێشکەش دەکەن، زیاتر لە خزمەتگوزارییەکی تایبەت، لەم دۆخە ئابوورییە خراپەدا ئەم هەنگاوە بۆ ئێمە زۆر باشە.