دەبێت ئازار شكێنەکان بە وریاییەوە بخورێن

هه‌ڤین که‌مال، ‎پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن، باس لە بەکارهێنانی ئازار شکێنەکان دەکات و کە زیانی تەندروستییان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال، ‎پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن، باس لە بەکارهێنانی ئازار شکێنەکان دەکات، کە زیانی تەندروستییان هەیە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، "هه‌موو ئازارێکی بەردەوام وه‌ک سه‌رئێشه‌ی شەقیقە، ئازاری پشت و مل، ئازاری کۆڵۆن و سک ئێشە...هتد، ‎ ده‌بێته‌ هۆی بێزارکردنی مرۆڤ، بۆیە پێویسته‌ به‌ شێوازێکی زانستی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و هه‌وڵ بده‌ین کۆنتڕۆڵی بکەین.

 

ئەو پزیشکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بێگومان ده‌رمانی ئازار شکێن یه‌کێکه‌ له‌ ڕێگا سه‌ره‌کیه‌کان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی باو هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و زیانی لاوەکی هەیە، بۆ ته‌ندروستی و ژیانی ئه‌و که‌سە".

 

هەڤین کەمال باس لە گرنگترین ئەو ‎هه‌ڵه باوانە دەکات، کە له‌ کاتی به‌کارهێنانی ده‌رمانه‌ ئازار شکێنه‌کاندا دەکرێت، ئەوانیش؛

 

۱ـ ئه‌گه‌ربه‌ یه‌ک ده‌نک باش بم، ئه‌وا به‌ دوو یان سێ ده‌نک زۆر باشتر ده‌بم؛

‎ زیاتر کردنی بڕی ده‌رمان، گه‌ره‌نتی نه‌مانی ئازار یا خێراتر چاره‌سه‌رکردنی ناکات، بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؛ ئه‌گه‌ری ڕوودانی زیانه‌ لاوه‌کیه‌کانی ده‌رمانه‌که‌ زیاد ده‌کات و ڕه‌نگه‌ ده‌نکی دووه‌م یان سێهه‌م کاریگه‌ریە ئەرێنیەکانی ده‌نکی یه‌که‌م نه‌هێڵێت.

 

‎۲ـ خواردنی دوو ده‌رمانی ئازار شکێن به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا؛

‎هه‌موو ده‌رمانێک میکانیزمی کارکردنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، که‌ جیاوازه‌ له‌ ده‌رمانی تر، به‌ سه‌ریه‌که‌وه‌ خواردنی دوو جۆر ده‌رمانی ئازارشکێن ڕه‌نگه‌ هیچ سوودی نه‌بێت و زۆربه‌ی جار زیان به‌ مرۆڤ ده‌گه‌ێنێت.

 

۳ـ هه‌ڵگرتن و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌رمان؛

زۆر جار ده‌رمانه‌که‌ واده‌ی به‌کارهێنانی به‌ سه‌ر ده‌چێت، یان تێک ده‌چێت به‌ هۆی شێ و به‌رزی پله‌ی گه‌رما و تیشکی خۆر و ڕووناکیه‌وه‌، یان له‌ ناو ئوتۆمبیلدا، ئه‌و کاته‌ ده‌رمانه‌که‌ بێ سووده‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی دروست ده‌کات.

 

‎٤ـ به‌کارهێنانی ده‌رمانێک که‌ پزیشک بۆ که‌سێکی تری نووسی بێت؛

‎ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ی بۆ یەکێک گونجاوە بۆ تۆ گونجاو نه‌بێت، با نیشانه‌کانی نه‌خۆشیه‌که‌ی له‌ تۆش بچێت، تۆش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ خۆت مه‌ده‌ به‌ که‌سانی تر.

 

‎٥ ـــ لێخوڕینی ئوتۆمبیل پاش خواردنی هه‌ندێ جۆری ده‌رمانی ئازارشکێ؛

‎ چونکه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گێژ بوون و لێڵی له‌ بینین و دابه‌زینی شه‌کره‌ و دابه‌زین و بەرزبونەوەی فشاری خوێن، یان کاریگه‌ری لاوه‌کی لێ بکه‌وێته‌وه‌، که‌ توانای لێخورینی ئوتۆمبیلت نه‌بێت.

 

٦ـ خواردنی ده‌رمانی ئازار شکێن له‌گه‌ڵ ده‌رمانی نه‌خۆشی تر به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا؛

ده‌بێته‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری هه‌ر دوو ده‌رمانه‌که‌ و زیادبوونی کاریگه‌ری لاوه‌کی و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی.

 

‎۷ـ له‌تکردنی حه‌پ؛

‎ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌په‌که‌ شوێنکی ته‌نکتر نه‌بوو و به‌ ئاسانی له‌ت نەکرا، نابێت به‌ زۆر له‌ت بکرێت، هه‌روه‌ها نابێت ده‌رمانی ناو کولاج ده‌ربهێنرێت چونکه‌ سوودی نامێنێت و زیان به‌ له‌ش ده‌گه‌ێنێ.

 

‎۸ ـــ خواردنی ده‌رمانی ئازار شکێن له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ کحولیه‌کان یان پاش که‌متر له‌یه‌ک کاتژمێر دوای خواردنه‌وه‌ی کحول.

 

‎۹ـ پێدانی ده‌رمانی مرۆڤی پێگه‌یشتوو به‌ منداڵ؛

‎بۆ نموونه‌ ئه‌سپرین چونکه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌سپرینی مناڵ نابێت بدرێت به‌ مناڵی که‌متر له‌ شانزه‌ ساڵ.

 

‎۱۰ـ گوێ نه‌گرتن له‌ پزیشکی ده‌رمانساز یان تێنه‌گه‌یشتن له‌ ڕێنماییه‌کانی چۆنیه‌تی و کاتی به‌کارهێنانی ده‌رمان، یان پاپه‌ند ده‌بوون پێیه‌وه.