بەکارهێنانی قەسەب زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

بەپێی توێژینەوەیەک بەکارهێنانی ئەو قەسەب-قامیشانەی لە ماددەی ئەندامی دروستدەکرێت و وەک شوێنگەرەوەی قەسەبە پلاستیکییەکانە، زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی توێژینەوەیەکی نوێ دەرکەوتووە، ئەو قەسەب- قامیشانەی لە ماددەی ئەندامی پێکدێن، وەک شوێنگرەوەی ماددە پلاستیکییەکانن، بەڵام زیانیان بۆ ژینگە هەیە، چونکە مادەی کیمیایی تێدایە کە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا شی دەبێتەوە.

 

تیمۆ گرۆڤن، زانای ژینگە لە زانکۆی ئەنتۆرب لە بەلجیکا دەربارەی قەسەبە ئەندامییەکان دەڵێت: "ئەو قەسەبانەی کە لە کەرەستەی ڕووەکی دروستکراون، وەک کاغەز و بامبۆ، زۆرجار ڕیکلامیان بۆ دەکرێت کە دۆستی ژینگەیە لە چاو ئەوانەی لە پلاستیک دروستکراون، بەڵام بەهۆی بوونی ماددەیPFAS لەم قەسەبانەدا، مەرج نییە ڕاست بێت".

 

PFAS کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی دروستکراوە، پێکهاتوون لە زنجیرەیەک ئەتۆمی کاربۆن و فلۆرین، کە لە ژینگەدا تێکناچن، لە توێژینەوەکەدا کە لە گۆڤاری خۆراک زیادکردن و پیسکەرەکاندا بڵاوکراوەتەوە، گرۆڤن و هاوکارەکانی ٣٩ جۆری قەسەبیان تاقیکردەوە، کە لە پێنج ماددە دروستکراون، ئەوانیش کاغەز، بامبۆ، شووشە، پۆڵا و پلاستیک.

 

لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، ٢٧ جۆریان ماددەی کیمیایی PFASی تیادا بووە، کە لە ٪٩٠ی قەسەبی کاغەز، نزیکەی ٪٨٠ی قەسەبی بامبۆ، لە ٪٧٥ی قەسەبی پلاستیکی و ٪٤٠ی قەسەبە شووشەکاندا دۆزراونەتەوە، تەنها ئەو قەسەبانەی لە پۆڵا دروستکراون، هیچ بڕێک PFASی تیادا نەدۆزراوەتەوە.

 

PFAS لە دروستکردنی بەرهەمی ڕۆژانەدا بەکاردێت، لە جلوبەرگەوە تا دەگاتە کەلوپەلی چێشتلێنان کە بەرگری لە ئاو و گەرما و پەڵە دەکات، هەروەها بە تێپەڕبوونی کات زۆر بە هێواشی شی دەبێتەوە، هەر بۆیە پێی دەوترێت "مادەی کیمیایی هەمیشەیی.

 

زیانی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ

بەپێی لێکۆڵینەوەکە،PFAS  زۆر لە ئاودا دەتوێتەوە، هەربۆیە ڕەنگە لە قەسەبەوە دزە بکاتە ناو خواردنەوەکانەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، بوونی ئەو ماددانە ڕەنگە مەترسییەکی سنووردار بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست بکات، چونکە ئەو قەسەبە بۆ هەمیشە بەکارناهێنرێت، بەڵام ئەم ماددانە دەتوانن بەدرێژایی ساڵان لە جەستەدا کۆببنەوە.

 

گرۆڤن لە بەیاننامەیەکی هەواڵیدا دەڵێت: "بڕێکی کەم لە  PFASلەکاتێکدا خۆی زیانی نییە، بەڵام دەتوانێت زیاد بکات بۆ ئەو ماددە کیمیاییانەی کە پێشتر لە جەستەدان، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی"، گرۆڤن دەشڵێت: "ئێمە  PFASمان لە قەسەبی پۆڵادا دەستنیشان نەکردووە، بۆیە ئامۆژگاری بەکارهێنەران دەکەم یان ئەم جۆرە بەکاربهێنن، یان خۆیان لە بەکارهێنانی قەسەب بەدوور بگرن".