سەرەتای پەرستاری لە ژنێکەوە دەستی پێکرد، تا ئێستاش ژنان پێشەنگن

ژنبوون و میهرەبانی بووەتە سیمبولی پیشەی پەرستاری، نیان عەبدولرەحمان لە شاری سلێمانی ماوەی ١٥ ساڵە کاری پەرستاری ئەنجامدەدات و باس لە ئەزموون و سەرکەوتنەکانی خۆی دەکات، لە ماوەی کارکردنی مامەڵەی لەگەڵ ٣ بۆ ٤ هەزار نەخۆشکردووە.

بێریڤان کەمال

ژنبوون و میهرەبانی بووەتە سیمبولی پیشەی پەرستاری، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ژنە پەرستار فلۆرانس نایتنگەیل، دامەزرێنەری پەرستاری مۆدێرن لە پەرستاری پیشەیی، لە ساڵی ١٨٢٠ لە شاری فلۆرانس لە ئیتاڵیا لە خێزانێکی ئینگلیزی لەدایکبووە، بە یەکەم پەرستار دادەنرێت و لە ئێستاشدا ژنان لە سەرانسەری جیهان بە پێشەنگی پیشەی پەرستاری دادەنرێن.

 

نیان عەبدولرەحمان لە شاری سلێمانی ماوەی ١٥ ساڵە کاری پەرستاری ئەنجامدەدات، دەرچووی کۆلێژی پەرستاری ساڵی ٢٠٠٧ ، دوای تەواوکردنی زانکۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ لە نەخۆشخانەی فێرکاری وەک سەرۆکی پەرستارەکان دەستی بە کارکردن کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٠ وەک یەکەم ژن کاری برینپێچی قورسی دەست پێکردووە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە بواری کۆنترۆڵکردنی برین دەستی بە کارکردن کردووە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا مامەڵەی زیاتر لەگەڵ ٣ بۆ ٤ هەزار نەخۆش کردووە، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە ئەزموونەکانی لە سەرکەوتن و زاڵبوونی بەسەر ئاستەنگی و بەربەستەکانی کۆمەڵگە کرد.

 

" شێوازی فێربوون، یەکێکە لەو ڕێگرییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە"

نیان عەبدولرەحمان باسی لەو ڕێگرییانە کرد کە لە سەرەتای کارەکەیدا وەک پەرستاری برینی قورس ڕووبەڕووی بووەتەوە، "یەکێک لەو ڕێگرییانەی ڕووبەڕووی بوومەوە شێوازی فێربوون بوو، چونکە بۆ پەیداکردنی شارەزایی و زانیاری لە کارەکەم پێویست بوو بچمە دەرەوەی وڵات و شارەکەی خۆم، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەمە بۆ ژنێک قورسە و  ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبێتەوە لە هەمان کاتدا نەبوونی ئەم زانستە لە وڵاتەکەی خۆمان بە شێوەیەکی پێشکەوتوو ڕێگرییەکی دیکەیە بۆ ژنان کە پێویستە بەسەریدا زاڵببن."

 

نیان ئاماژەی بەوەشکرد، " تەنانەت بۆ خولە ئۆنلاینەکانیش ڕووبەڕووی بەربەست دەبوومەوە چونکە لە کۆمەڵگەکەمان بەرپرسیارییەتی و ئەرکەکانی خێزان بۆ ژنان زیاترە و سەختی زیاتر درووست دەکات، بەڵام وەک ژنێک بە هەوڵدانی بەردەوامی خۆم و  پاڵپشتی دایکم و هەموو خێزانەکەم توانیم سەرکەوتووبم."

 

 لە ئێستادا لە ناوەندێک لەگەڵ کۆمەڵێک پەرستاری دیکە وەیک یەکەم ژنە پەرستار کاری چارەسەری برینی قورس دەکەن و وتی، " بە گشتی ئەو نەخۆشانەی سەردانمان دەکەن لەم ناوەندە برینی قورسیان هەیە، برینی نەخۆشی، سووتاوی، پاش نەشتەرگەری، بڕین و ڕووداوی نەخوازراوی دیکە، دوای چارەسەری پزیشکی دێنە ناوەندەکەی ئێمە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پەرستاری."

 

وتیشی، "خەڵک ئاستی زانیارییان کەمە لەوەی کە زوو چارەسەری برینەکانیان بکەن تاوەکو نەبێتە برینی قورس، بۆیە زۆربەی کات نەخۆشەکان بە برینێکی سەختەوە دێنە لای ئێمە، بەڵام لە ماوەی ئەم ٣ ساڵە بە بەراورد بە ڕابردوو باشتربووە و بە گشتی ژنان برینەکانیان کەمتر پشتگوێدەخەن ئەمەش پرۆسەی چارەسەرکردن ئاسانتر دەکات."

 

" پەرستارانی ژن باشتر دەتوانن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشە ژنەکان بکەن "

نیان عەبدولرەحمان، مامەڵەکردنیان لەگەڵ نەخۆشەکانیان بەم شێوەیە ڕوونکردووە، " ئەو نەخۆشانەی دێنە لای ئێمە لە ڕەگەزی ژن و پیاون، پێویستە پەرستار لەگەڵ توانا زانستییەکەیدا توانای پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گفتوگۆشی بەهێز بێت تا مامەڵەی تایبەت بە هەر یەکێکیان ئەنجام بدات، چونکە نەخۆشە ژنەکان هەست و سۆز بە سەریاندا زاڵبووە و برینەکەیان بووەتە هۆی ڕووخان و بێتاقەت بوونیان کاتێک دێنە لامان بە گریان و ناڕەحەتی نیشانی دەدەن، بۆیە بارودۆخیان لە بەرچاو دەگرین و هەوڵ دەدەین بە زمانێکی خۆشەویستی و نەرمونیانی لەگەڵیان مامەڵە بکەین تاوەکو باشتر بتوانن بەسەر نەخۆشییەکەیان زاڵببن ئەمەش وایکردووە نەخۆشەکان هەست بە ئاسوودەی بکەن و دوای تەواو بوونی چارەسەرەکەیان و ڕێز و خۆشەویستیمان نیشان دەدەن."

 

 

 بەم جۆرە باسی لە تایبەتمەندییەکانی پەرستاری کرد، "پەرستاری نەرمونیانی و هونەرە، بە درێژایی مێژوو وەک فریشتە ناسێندراوە و یەکەمجاریش لە ژنێکەوە سەریهەڵداوە، سروشتی هەبوونی هەست و سۆز، نەرمونیانی، هەستکردن بە ئازار، دڵسۆزی لە ژن وایکردووە لە مامەڵەکردنیان لە بواری پەرستاریدا پێشەنگبن چونکە نەخۆشەکان پێویستیان بە ئارامگری هەیە کە ئەمەش لە ژناندا باشتر دەبیندرێت، لە کاتی بەستنی باندجێکدا پەرستارێکی ژن بە لەسەرخۆی دەیبەستێت و نەخۆشەکە کەمتر هەست بە ئازار دەکات بەڵام کاتێک پەرستارێکی پیاو بە هێزەوە دەیبەستێت نەخۆشەکە ڕاستەوخۆ هەست بە جیاوازییەکەی دەکات."

 

" پەرستارانی ژن لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی گرفتی زیاتر دەبوونەوە"

نیان باسی لەوەکرد پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی گرفتی زیاتر بوونەتەوە، " زۆر کات هاوپیشە پەرستارەکانمان کە تەمەنێکی زیاتریان هەیە، باس لە ئەزموونی ڕابردوویان دەکەن کە ڕووبەڕووی ئاسەتەنگی و ناڕەحەتی زیاتر بوونەتەوە چونکە لە لایەنی مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵیان ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکی ئێستا بە بەراورد بە ڕابردوو گۆڕانی بەخۆیەوە بینیووە، لە لایەنی ژیانی کەسییان کاتێک ئەرکی شەوانەیان هەبووە و پێویستی کردووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە بەڵام ڕێگری هاتوەتە بەردەمییان و خێزانەکانیان ڕازی نەبوون کە شەوان لە نەخۆشخانە بمێننەوە، بەڵام لە ئێستادا هۆشیاری کۆمەڵگە تا ڕادەیەک بەرەوپێشچووە."

 

نیان باسی لەوەشکردووە یەکێک لەو بەربەستانەی پێویست بووە بیشکێنێت سەردانی کردنی نەخۆش بووە لە ناو ماڵەکان کە لە ئێستادا وەک تیم سەردانی نەخۆش دەکەن، ئەمەش بۆ پەرستاری ژن هەنگاوێکی تازەبووە و لە ناو خێزانەکانیان نامۆ بووە و پێویستبووە بەربەستەکان لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بشکێنن، بە هەواڵدانی خۆی و تیمەکەی توانیویانە سەرکەوتوو بن و خزمەتێکی زیاتر بە نەخۆشەکانیان بکەن.

 

" گەشبینی نەخۆش و پاڵپشتی خێزانەکان، چارەسەری برینەکان ئاسانتر دەکات"

نیان وەک پەرستارێکی خاوەن ئەزموون جەختی لەسەر دووخاڵ کردووە کە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات لە زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکەیان و بەم جۆرە باسی لێوەکرد، " لە ماوەی زیاتر لە ١٣ ساڵ کارکردنم دوو گروپ لە نەخۆشم دیووە، ئەوانەی کە بەرامبەر برینەکانیان گەشبین و بەهێزبوون لەگەڵ ئەوانەی بە ڕەشبینی و ڕووخاوییەوە تەماشای برینەکانیان کردووە، لە چەند ساڵی ڕابردوو توێژینەوەیەکم کرد لەسەر ١٥ نەخۆش کە نەرینی دەیانڕوانییە برینەکانیان، لەگەڵ ١٥ نەخۆش کە ئەرینی دەیانڕوانییە برینەکانیان، نەخۆشە ئەرێنییەکان ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ زووتر لە خۆشە نەرێنییەکان چاکبوونەوە.

 

ئەمەش وایلێکردین سەرنج بخەینە سەر دووخاڵ، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ئەرێنین کارەکە ئاسان دەکات، نەخۆشە نەرێنییەکانیش پێویستیان بە مامەڵە و گفتوگۆی تایبەت هەیە، هاوەڵی نەخۆشەکانیش کاریگەرییان لەسەر دەروونی نەخۆشەکان و چاکبوونەوەیان هەیە، چونکە مامەڵەی جوان و دڵسۆزی کاریگەریی لەسەر چاکبوونەوەیان هەیە."

 

" سەرکەوتنی ژنێک، هێز بە ژنانی دیکەش دەبەخشێت"

چرا سەروەر، پەرستار و ئەندامی ناوەندی نوێ بۆ چارەسەری برینپێچی، دەربارەی کارەکەی وتی " یارمەتیدانی چاکبوونەوەی نەخۆشێک لە ئازار و دڵخۆشکردنی  وایلێکردووم بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەکی زیاترەوە کارەکەم ئەنجامدەم و هیلاکییەکانی ڕۆژەکەم بیردەباتەوە."

شەیدا سەڵاح، پەرستار و ئەندامی ناوەندی نوێ بۆ چارەسەری برینپێچی، باسی لە سەرکەوتنی ژنان و هاندانیان کرد و وتی: " کە دەبینم خاوەنکارەکەم ژنێکە زۆر ئاسوودەی کردووم و وایلێکردووم هەست بکەم ژنانیش دەتوانن سەرکەوتوو ببن و ببنە خاوەن سەنتەر و کاری خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەربەستەکان بۆ ژنان زیاترن."