سیبۆفۆبیا، ترسە لە خواردنی خراپ و بەسەرچوو

سیبۆفۆبیا، یان ترس لە خواردن، بە فۆبیایەکی تاڕادەیەک ئاڵۆز پێناسە دەکەن، چونکە ئەستەمە مرۆڤ بە نیشانەکانی بناسرێتەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ پاراستنی لەشجوانی خۆیان، بە تەواوی خۆیان لە خواردنی هەندێک خۆراک بەدوور دەگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆراک ئەو بناغە بنچینەییەیە کە پێداویستییە پێویستەکان بۆ جەستەی مرۆڤ دابین دەکات و تەندروستییەکی باش مسۆگەر دەکات، خواردنی جۆرەها خۆراک یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ لەش بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە. پێویستی مرۆڤ بە خواردن بابەتێکی بژاردە نییە، بەڵکو بابەتێکی جەوهەرییە بۆ ئەوەی بتوانێت تەندروستی خۆی بپارێزێت، بەڵام ژمارەیەک کەس لە جیهاندا هەن کە بەدەست جۆرێک لە فۆبیای نائاساییەوە دەناڵێنن، کە پێی دەوترێت " سیبۆفۆبیا"، واتە ترس لە خواردن.

 

پسپۆڕانی بواری خۆراک سیبۆفۆبیا، یان ترس لە خواردن، بە فۆبیایەکی تاڕادەیەک ئاڵۆز پێناسە دەکەن، چونکە ئەستەمە مرۆڤ بە نیشانەکانی بناسرێتەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ پاراستنی لەشجوانی خۆیان، بە تەواوی خۆیان لە خواردنی هەندێک خۆراک بەدوور دەگرن، بۆیە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە خواردن دووردەکەونەوە تا شێوەی جەستەیان بپارێزن، لەگەڵ ئەوانەی تووشی سیبۆفۆبیا دەبن، کە لە خودی خۆراک دەترسن.

 

ئەو کەسانەی کە سیبۆفۆبیایان هەیە لەوانەیە هەست بە ترس لە خواردنی جۆرەها خۆراک بکەن، یان ترسیان تەنها لە هەندێک خۆراکدا سنوردار بێت، چونکە نیشانەکانی ئەم فۆبیایە لە ترسی خواردنی وەک مایۆنیز، شیر، سەوزە و میوەی تازە و گۆشتە دەردەکەوێت، کە لەو خۆراکان زوو پێکهاتەکانیان تێکدەچێت و خراپ دەبن.

 

تووشبووی سیبۆفۆبیا ترسیان لە نەخۆش کەوتن هەیە

ئەو کەسانەی کە سیبۆفۆبیایان هەیە ترسیان لەوە هەیە کە دوای خواردنی خۆراکە کەم کوڵاوەکان نەخۆش بکەون، یان لەو خۆراکانەوە نەخۆشییە گواستراوەکانی سەر خۆراکەکانیان بۆ دەگوازرێتەوە، بۆیە مەیلیان بۆ زیادەڕۆیی لە کوڵاندنیان هەیە، تا ئەو ڕادەیەی کە بە شێوەیەکی ناباوەڕ دەسوتێن یان وشک دەبنەوە، بە تایبەت بۆ خواردنەکانی وەک مریشک و گۆشت.

 

نیشانەکانی سیرۆفۆبیا بریتین لە ترس لە خواردنی ئەو خۆراکانەی نزیکە لە وادەی بەسەرچوونیان، ئەو خۆراکانەی کە پێکهاتەی نامۆیان تێدایە، هەروەها ئەو خۆراکانەی پێشتر لەلایەن کەسانی دیکەوە ئامادەکراون، ئەو کەسانەی کە فۆبیای خواردنیان هەیە، ترسیان لە خواردنی پێشوەختە ئامادەکراو هەیە کە پێشکەشیان دەکرێت، هەروەها لەوانەیە خۆیان لە خواردنی لە چێشتخانەکان، ماڵی هاوڕێیان، یان هەر شوێنێک کە نەتوانن چاودێری ئامادەکردنی خواردنەکان بکەن یان کۆنترۆڵی بکەن، بەدوور بگرن.

 

تا ئێستا هۆکاری وردی فۆبیای خۆراک نەزانراوە، بەو پێیەی دەکرێت هۆکاری جۆراوجۆر بێت، وەک فێربوونی ترس لە خواردن بەهۆی سەیرکردنی کەسێکی تری تووشبووی فۆبیاکە، یاخود ئەزموونی زەبربەخشی ڕابردوو وەک خۆراکێکی دیاریکراو بووەتە هۆی نەخۆشی، و هەروەها هۆکارە بۆماوەیی و بایۆلۆژییەکان ڕۆڵیان هەیە لە گەشەکردنیدا، هەندێک جۆری فۆبیا، یان تەنانەت لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و فێربوون لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەندێک خۆراک دروستدەبن.

 

ئەو کەسانەی کە سیبۆفۆبیایان هەیە، لەوانەیە تووشی ئاڵۆزییەکان ببن کاتێک خواردن دەبینن، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەرزین، لێدانی خێرای دڵ، هەناسە تەنگی، ئازاری سنگ، وشکبوونەوەی دەم، تێکچوونی گەدە، ئارەقکردنەوەی توند، سەرگێژخواردن و سکچوون، سیبۆفۆبیای چارەسەرنەکراو زۆرجار خراپتر دەبێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕەفتاری وەسوەسەیی، تا ئەو ڕادەیەی کە کەسەکە تووشی بەدخۆراکی دەبێت.

 

زۆر گرنگە چارەسەر لە پزیشکی پسپۆڕی چاودێری تەندروستی دەروونی وەربگیردرێت کە یارمەتی تاکەکەس دەدات بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی و چارەسەری بۆ دابین دەکات کە جیاوازە لەنێوان کەسەکاندا.