ئەگەر لە ژەمەکانی ڕۆژانەدا شۆفان بخۆیت چی لە جەستەدا ڕوودەدات؟

شۆفان سەرچاوەی وزەیە، وەک هەر خواردنێکی دیکە چەندان سودی تایبەت بە خۆی هەیە، یەکێکە لە دانەوێڵە تەواوەکان و بەهای خۆراکی زۆری تێدایە ئەگەر لە ژەمە خۆراکیەکاندا شۆفان هەبێت، هەست بە تەندروستیەکی باش دەکەیت.

ناوەندی هەواڵ

 

شۆفان جۆرێکە لە جۆرەکانی دانەوێڵە وەکو گەنم و جۆ، پڕیەتی لە ڕیشاڵی تواوەی بێتاگلوکان و لەناو ئاودا دەتوێتەوە، شۆفان لەو دانەوێڵانەیە کە زۆر لە گەدەدا دەمێنێتەوە، وادەکات هەست بەتێربوون  بکەیت، شوێنی کشتوکاڵی ئەم دانەوێڵەیە باکووری ئەوروپایە و ئێستا لە زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان دەچێندرێت، ناوە زانستیەکەی "ئەڤینا ساتیڤایە"، شۆفان یەکێکە لە باشترین و تەندروستترین دانەوێڵەکانی سەر زەوی سەرچاوەی ڤیتامینەکان، کانزاکان، ڕێشاڵەکان و دژە ئۆکسیداتەکان.

 

سودە تەندروستییەکانی شۆفان

- ئەو خۆراکانەی کە سەرچاوەی باشی ڕیشاڵی تواوەیان تێدایە، وەک شۆفان، تەندروستی دڵ باشتر دەکەن، شۆفان بڕێکی زۆر پۆتاسیۆم و کالیسیۆمی تێدایە کە پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە.

-پڕە لە پێکهاتەی خۆراکی و هیچ جۆرە چەورییەکی تێدا نییە، تەنیا پێنج گرام پرۆتینی تێدایە هەروەها چەندین کانزای وەک ئاسن و مس ، فسفۆر، زینک.

-وزەی زۆر بە لەش دەدات، ئەگەر لە سەرەتای ڕۆژدا شۆفان بخورێت، ئەوا بە درێژایی ڕۆژ وزەیە وەرگیراوە و لە لەشدا دەمێنیتەوە، وادەکات لەش وزەی زیاتر وەربگرێت و چالاکی جەستەی زیاتر دەبێت.

 

-بەهۆی کەمی گلیسمیک لە شۆفاندا توانای کەمکردنەوەی شەکری خوێنی هەیە و یارمەتی گەدا دەدات لەسەرخۆ کرداری هەرس ئەنجامبدات، بەمەش کار لە شەکرە و کاریگەری ئەنسۆلین دەکات و ڕێ لە نەخۆشی شەکرە دەگرێت.

-شۆفان وەک هێورکردنەوەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ پێست، بۆ کەمکردنەوەی ئەو نیشانانەی کە بەهۆی تیشکی خۆر و هیلاکیەوە لەسەر پێست دەردەکەوێت.

-شۆفان دژە خەمۆکێیە، ئارامکەرەوەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیان هەیە.

-پارێزگاری لە گەدە دەکات لە برین و ترشەڵۆک، ڕێگریش دەکات لە توشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە. بەسودە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی کۆڵۆن و قەبزیان هەیە.

-یەک ژەم خواردنی هەشت کەوچک شۆفان دەتوانێت ١٥٪ پرۆتینی پێشنیارکراوی ڕۆژانە بدات بە جەستە.

-خواردنێکی بەهێزە بۆ منداڵان لەگەڵ شیرو میوە ئامادە دەکرێت.

 

-شۆفان سودێکی زۆری هەیە بۆ قژ، کە ماددەی سودبەخشی تێدایە ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکات، سیلیکای تێدایە یارمەتی پڕبوونی قژ دەدات و ڕەونەقی پێدەبەخشێت، زینک و پرۆتینەکانی تێدایە یارمەتی گەشەی قژ دەدات و پارێزگاری لێدەکات بە بەهێزی دەمێنێتەوە.