"سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەبێ بەکارهێنانی فلتەری هەوا دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە"

٣ ساڵ کورەی سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە کار وەستا و  نەبوونی پاڵاوتنی دووکەڵە زیانبەخشەکان هۆکاری پیسبوونی ژینگەیە، سەرۆکی لیژنەی پاشەڕۆ پزیشکییەکانیش دەڵێت: لە شەش کورە دوو کورە فلتەریان هەیە بۆ پاکردنەوەی ئەو گاز و دووکەڵانەی تێکەڵ بە هەوا دەبن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پاشەڕۆ پزیشکییەکانی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومیەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کورەی ئاگرینەوە لە دەرەوەی شارەکاندا دەسووتێندرێت، نەبوونی ڕێکاری تەندروستی و ژینگەیی هۆکارە بۆ خراپی کارپێکردنی کورە ئاگرینەکان، هەروەها نەبوونی فلتەری ڕێگریکردن لە دووکەڵ و گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەیە.

 

بە پێی زانیارییەکانی نوژنها کە لە سەرۆکی لیژنەی پاشەڕۆ پزیشکییەکانی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومیەکانی شاری سلێمانی وەریگرتووە، لەناوبردنی کەرەستە پزیشکییەکان لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ ئەنجام دەدرێت و کورەیەکی گەورەش لە نەخۆشخانەی شار هەبووە، بەڵام لە پێش ساڵی ٢٠٢٠ لە کار کەوت بەهۆی ئەوەی بودجەکەی لەسەر وەزارەتی تەندروستی بەغدا نەمابوو، ساڵی ٢٠٢٣دا دەستکرا بەچاکردنەوەی و کورەکان خرانەوە کارکردن و کەسی شارەزای بۆ دابینکرا، لە ئێستاشدا شەش کورەی ئاگر تایبەت بە سووتاندن و لەناوبردنی کەرەستە پزیشکییەکان بە شێوازی زانستی و سەردەمیانە هەن.

 

سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا، بە دوو شێواز پاشەڕۆ پزیشکییەکان لەناودەبرێن، یەکەمیان لە ڕێگەی کورە ئاگرینەکانەوە پاشەڕۆکان دەستوتێنرێن، کە لەگەڵ کەرەستەی پزیشکیدا ئەو ماددە هۆشبەرانەش لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە بۆیان دەچێت، دەسووتێنرێن، دووەمیان هەندێک لە کەرەستەکانی دیکەن کە ناتواندرێت بسووتێندرێت و کاری وردکردن و کورەی هەڵمی بۆ ئەنجام دەدرێت.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، لە شەش کورەکان دوو کورەی فلتەریان هەیە بۆ پاککردنەوەی ئەو گاز و دووکەڵانەی لێوەی دەردەچن، تاوەکو نەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە، بەڵام ئەوانی دیکە فلتەریان نییە، کە ڕێگری دەکات گاز و دوکەڵەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بچنە هەواوە، بەهۆی کارکردنیان و نەبوونی فلتەرەوە، ئیشپێکردنی کورەکان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە هەتاوەکو کورەکان گەرم دەبن و پلەی گەرمییەکەیان دەگاتە ١٢٠٠ پلەی گەرمبوونی، لەدوای گەرمبوونی کورەکان بەڕێژەیەکی کەمتر هەوا پیس دەکەن.

 

"وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیی هۆکاری پیسبوونی وڵاتانی هەژارنشینن"

شاگوڵ ئەبوبەکر، مامۆستا لە بەشی زانستە ژینگەییەکان لە زانکۆی سلێمانی و توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی توێژینەوەی زانستی، باس لەوەدەکات دوورکەوتنەوە لە ئاو و خاک و هەوا و دەستکاری کردنی خاک بە شێوەیەکی ناسروشتی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، پیسبوونی خاک بە شێوەی نازانستیانە لە ڕێگەی کشتوکاڵ کردن و بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆ خاک، پاشەڕۆی ڕەق و شل، پیسبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی ئاوەڕۆکانەوە کە بەبێ پاکردنەوە دەچێتە سەر ئاوی شیرین، دووکەڵکێشی کارگەکان و ڕێژەی زۆری ئۆتۆمۆبێل و خراپی جۆری بەنزین لە شارەکاندا و پیشەسازی وڵاتانی پێشکەووتو هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی هەوان و وڵاتێک لەسەر وڵاتێک کاریگەری جێدەهێڵێت.


         


        

شاگوڵ ئەبوبەکر دەڵێت: وڵاتانی پێشکەوتوو بەڕێژەیەکی بەرز پیسکەرەکان دەکەنە هەواوە لە ڕێگەی زۆری پیشەسازییەکانیانەوە، زیانەکانیان بۆ وڵاتانی هەژارنشینە کە ڕێژەیەکی کەم پیشەسازی دەکەنە هەواوە، هەروەها رەگەزەکانی دیکەی ژینگە زیانیان بەردەکەوێت جا لە ڕێگەی پاشەڕۆ هەواییەکان بێت یاخود ئاوەکان.

 

"سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەبێ بەکارهێنانی فلتەری هەوا دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە"

شاگوڵ ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەکرد چارەسەرکردنی پاشەڕۆکان بە دوورخستنەوە و سووتاندنی پاشەڕۆکان نابێت، سووتاندن بە هەموو جۆرەکانی هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، سووتاندنەکە پاشەڕۆی ماڵان بێت یاخود کەرەستە پزیشکییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا بۆ لەناوبردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان ڕێگەی سووتاندن بەکار دەهێنن لە کورە ئاگرینەکاندا کە دابین کراون بۆ سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان، وتیشی: پێویستە کورەکانی سووتاندنی کەرەستە پزیشکییەکان فلتەری هەوایان تیادا بێت تا دووکەڵ و گازەکان نەچنە هەواوە بۆ پیسکردنی ژینگە.

 

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوا فلتەر بەکاربهێندرێت بۆ کورە ئاگرینەکان، پاشەڕۆکان کە دەسووتێندرێت پێکدێن لە کەرەستەی پزیشکی شل بێت یاخود ڕەق لەناویاندا بەشێک لە پێکهاتەی لەشی مرۆڤی تێدایە، کە دەبێت بە شێوازێکی زانستیانە بسووتێندرێن.

 

بە دوورخستنەوەی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان کێشەکانی ژینگە کۆتایی پێنایەت

شاگوڵ ئەبوبەکر، باسی لەوەشکرد دوورخستنەوەی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان چارەسەر نییە بۆ لەناوبردنیان، پێویستە پاشەڕۆ پزیشکییەکان بە شێوازێکی زانستیانە لەناوببرێن بە پێی ڕەقی و شلییان، پاشەڕۆ پزیشکییە ڕەقەکان دەبێت بسووتێندرێت لە ڕێگەی کورە ئاگرینەکانەوە و فلتەری بۆ بەکاربێت تا دوکەڵ و گازە ژەهراوییەکان بپاڵێوێت نەبێتە هۆکاری پیسبوونی هەوا.

 

"کەمکردنەوەی زیانی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بە تەنها بە ڕێکخراوەکان ناکرێت"

شاگوڵ ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەشدا، کێشەی پیسبوونی ژینگە لە ڕێگەی پاشەڕۆ پزیشکییەکانەوە تەنها بە ڕێکخراوەکان و ژینگەپارێزان و کەسانی زانستی کە توێژینەوە دەکەن، چارەسەر نابێت، وتیشی: بەداخەوە لە ئێستادا وەزارەتی ژینگەمان نییە، بەڵام دەستەی ژینگە و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی هەیە، بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی تەندروست، پێویستە هەموو لایەنەکان هەماهەنگ بن، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان و بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکەی و هۆکارەکانی تا بتوانین بە باشترین شێوە چارەسەری کێشەکان بکەین.

 

لە کۆتاییدا شاگوڵ ئەبوبەکر وتی: نەبوونی هۆشیاری تاکەکان لە دامەزراوە حکومی و کارگەکاندا هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە، لایەنێک بە تەنیا ناتوانێت چارەسەری کێشە ژینگەییەکان بکات، گەورە کردنی شارەکان و پڕۆژە وەبەرهێنانەکان بە هەمان شێوە هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە هەمان شێوە هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەن، پێویستە بۆ چارەسەری ژینگە هەموو لایەنە فەرمانگەی ژینگە و وەبەرهێنەکان و دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە هەوڵبدەن بۆ هۆشیاری تاکەکان لەڕێگە پەروەردە و سیمیناراتەوە.