هەڵە نووسینی دەرمان ساڵانە گیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە

دەرمان وەرگرتن بۆ چارەسەری هەموو نەخۆشییەک پێویستییەکە، بەڵام زۆر جار بەهۆی کەم تەرخەمییەوە ئەو دەرمانانە لە جیاتی چارەسەر زیان بە نەخۆش دەگەیەنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سیستەمی سەرمایەداری بۆ ساغکردنەوەی دەرمانەکانی و پەک خستنی کۆمەڵگەکان، چەندین نەخۆشی بڵاو دەکاتەوە کە کۆمەڵگە جیاوازەکان پێوەی دەناڵێنن، ئەوەی گرنگە خۆپاراستن و وەرگرتنی چارەسەرییە تا لەو قەیرانە تەندروستییەی دروستبووە، پارێزراو بیت، بەڵام کاری بەشێک لە پزیشکەکان بووەتە بازرگانی بە ڕۆحی مرۆڤەوە و بە مەبەستی بەدەستهێنانی ماددە کەمتەرخەمی دروست دەبێت و دەرمانی هەڵە بۆ نەخۆش دەنووسرێت، کە ساڵانە گیانی هەزاران نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.

 

"هەڵە نووسینی دەرمان دوو لایەنەیە"

بەیان هۆشیار، پزیشکی دەرمانساز ئاماژەی بەوەکرد، ئەو نەخۆشانەی سەردانی پزیشک دەکەن سەرەتا دەبێت لەلایەن پزیشکەوە زانیاری لەسەر ئەو نەخۆشە وەربگرێت، کە چی نەخۆشییەکی هەیە یان پێشتر چی نەخۆشییەکی لەگەڵدا بووە، زۆرجار پزیشک بە بێ پرسیارکردن لە نەخۆش دەرمان دەنووسێت و لەم کاتەدا دەبێت نەخۆشەکە پزیشکەکە ئاگادار بکاتەوە کە چی نەخۆشییەکی لەگەڵدایە، یان چی دەرمانێک بەکاردەهێنێت، بۆیە هەڵە نووسینی دەرمان دوو لایەنەیە، بەشێکی لەسەر پزیشکەکەیە و بەشەکەی تری لەسەر نەخۆشەکەیە تا چەند هاوکاری پزیشکەکە دەکات لە نووسینی دەرمانی پێویست.

 

"لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی گوماناویدا نەخۆش دەنێرینە لای پزیشکی پسپۆڕ"

بەیان هۆشیار ڕوونی کردەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی هەیە بەبێ ئەوەی سەردانی پزیشک بکەن و بەبێ ڕێنمایی پزیشکی دەرمان بەکاردەهێنن، ئێمەی دەرمانساز هەرچەندە ڕێگەمان پێدراوە چەند دەرمانێک بدەین بە نەخۆش کە خۆیان داوای دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین و پێمان باشە نەخۆش پێش وەرگرتنی دەرمان سەردانی پزیشک بکات، چونکە لەوانەیە نەخۆشییەک لەو کەسەدا هەبێت و لەگەڵ دەرمانەکە کارلێکی خراپ بکات، ئێمەی دەرمانساز ئەگەر بتوانین نەخۆشیەکە و چارەسەرییەکەی دیاری بکەین خۆمان دەرمان بۆ نەخۆشەکە دەنووسین، بەڵام لە هەر حاڵەتێکی گوماناویدا نەخۆشەکە دەنێرینە لای پزیشکی پسپۆڕ.

 

وتیشی: هەندێک جار هەڵەی پزیشک وا دەکات دەرمانێک بنووسێت، دواتر کارلێک لەگەڵ ئەو دەرمانە بکات کە نەخۆشەکە هەیەتی و سوودی دەرمانێکیان کەم بکاتەوە، ئەمەش کێشەی تەندروستی بۆ نەخۆش دروست دەکات، بۆیە سادەترین نەخۆشی کە کەمی ڤیتامینە دەبێت لە کاتی سەردانی پزیشکدا ئاگادار بکرێتەوە، لە هەموو حاڵەتەکەندا ئەگەر کەسەکە نەخۆشی شەکرە و زەختی لەگەڵدا بێت دەبێت پزیشک ئاگادار بێت.

 

"نەخۆش ئامادە نییە ڕوونکردنەوەمان بۆ بدات بۆ ئەوەی دەرمانێکی تەندروستی پێ بدەین"

بەیان هۆشیار ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشی ئێستا بەرگە ناگرن و لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ لای پزیشک هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ پزیشک نادات و ئەگەر کێشەیەکیش دروست ببێت، دەیخاتە ئەستۆی پزیشکەکە، کاتێکیش پزیشک دەرمانێکی هەڵە دەنووسێت و ئێمە نەخۆش ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو دەرمانە زیانی هەیە بەکاری بهێنێت، بەڵام نەخۆش ئامادە نییە ڕوونکردنەوە بۆ ئێمە بدات و دەڵێت ئەوەی پزیشک بۆی نووسیوم پێمبدە، بەشێک لە پزیشکەکانیش دەکەوێتە سەر ویژدانی خۆیان چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش دەکەن.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: ئەگەر هەڵەیەک لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانەوە ڕووبدات، دەبێت هەوڵ بدەین پزیشکانی دەرمانساز ئەو هەڵانە چاک بکەینەوە، بەکارهێنانی دەرمان زیانی هەیە، بەڵام ئەگەر لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانسازدا بێت و بە وریاییەوە دەرمانەکان بنووسن، کارییگەرییەکی کەمترە، کاتێک پزیشک دەرمانێک دەنووسێت بۆ نەخۆشێک، پێویستە نەخۆشەکە خۆی بڕوات دەرمانەکان وەربگرێت، چونکە هەندێک جار پێویست بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنین دەکات.