هەڤین کەمال: بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکار کاریگەری نەرێنی نییە

دەرمانی بێهۆشکاری یەکێکە لەو دەرمانانەی بەکاردەهێندرێت بۆ بێهۆشکردنی نەخۆش بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری، زانیاری تەندروستی دەربارەی بەنج نییە و ئەمەش بووەتە هۆکار تا نەخۆش سڵی لێبکاتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ‌هاوڵاتیان زانیاری تەندروستییان دەربارەی کاریگەری و چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمان و بەرهەمە کیمیاییەکان نییە، ئەمەش وایکردووە هەندێکجار سڵ لە جۆرە جیاوازەکانی دەرمان دەکرێتەوە، بۆ نمونە، بەنج-دەرمانی بێهۆشکار.

 

پزیشک هەڤین کەمال، پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن، وردەکارییەکانی دەرمانی بێهۆشکاری و جۆرەکانی بۆ نوژنها ڕووندەکاتەوە: سێ جۆر بێهۆشکاری هەن، گشتی، جێگەیی و ناوچەیی، بێهۆشکاری گشتی دروستکردنی دۆخێکی بێئاگاییە لە مرۆڤێکدا بەهۆی بەکارهێنانی چەند دەرمانێکەوە، بەڵام دوو بێهۆشکارییەکەی دیکە، کەسی نەخۆش ئاگاداری خۆیەتی بەڵام ئەو بەشەی کە پزیشک دەیەوێت سڕ دەکرێت و نابێتە هۆی ئازارگەیاندن بە نەخۆش.

 

پزیشک هەڤین کەمال ڕوونیکردەوە کە بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکاری بە پێی جۆری کەسەکە و نەشتەرگەرییەکە دەگۆڕدرێت، بۆ نمونە دەکرێت بۆ نەشتەرگەرییەک دوو دەرمانی بێهۆشکاری گونجاو بێت بەڵام لەو کاتەدا دۆخی کەسەکە لێکدەدرێتەوە و بەپێی دۆخی تەندروستی بۆی هەڵدەبژێردرێت، "تەمەن و کێشی لەش مەرجی سەرەکین بۆ دیاریکردنی بەکارهێنانی کام جۆرەی بێهۆشکاری، بە جۆرێک لە منداڵدا زیاتر بێهۆشکاری گشتی بەکاردێت، چونکە منداڵ ناتوانێت ماوەیەکی زۆر خۆی ڕابگرێت تا نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە تەمەنی گەورەدا بەو جۆرە نییە"، کێشی جەستەش یەکێکی دیکەیە لەو بنەمایانەی لە کاتی بەکارهێنانی بێهۆشکاردا ڕەچاو دەکرێت.

 

"شتێک نییە بە ناوی قورسی بێهۆشکاری بۆ جەستەی مرۆڤ"

لەناو خەڵک وا باوە بێهۆشکاری ماددەیەکی خراپە یاخود قورسە بە تایبەت بێهۆشکاری گشتی بە بەراورد بە بێهۆشکاری جێگەیی و ناوچەیی، ئەو پزیشکە دەڵێت: "شتێک نییە بە ناوی قورسی بێهۆشکاری، تەنها گونجا و نەگونجاوی دەرمانەکە دەور دەبینێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم دەرمانە گونجاوە یاخود نا پێویستە مێژووی تەندروستی نەخۆشەکە وەربگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیە یان پێشتر بێهۆشکاری وەرگرتووە".

 

دەشڵێت: کەسێک دەتوانێت لە مێژووی ژیانیدا چەندجار پێویستی بە بێهۆشکاری گشتی هەبوو بەکاریبهێنێت، ساڵانی ڕابردوو دەرمان هەبوون بۆ بێهۆشکردنی نەخۆش دەبوایە لە پاش سێ مانگەوە دوبارە دەرمانی دیکەی بێهۆشکاری وەربگرتایە، چونکە کاریگەری جێدەهێشت لەسەر نەخۆش، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە و لە دوای چەند کاتژمێرێک کاریگەری نامێنێت لەسەر جەستەی".

 

ساڵانی ڕابردوودا لە کۆی ١٠ هەزار کەس، یەک کەس کاتێک دەرمانی بێهۆشکاری وەرگرتووە گیانی لەدەستداوە بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زانستی بێهۆشکاری پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە ڕێژەکە کەمی کردووە و لە کۆی ١٠٠ هەزار کەس، تەنها یەک کەس بە بێهۆکار لەکاتی وەرگرتنی دەرمانی بێهۆشکاری گیان لەدەستدەدات.

 

لە بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکاری ڕەگەز جیانەکراوەتەوە

بەپێی قسەکانی ئەو پزیشکە بەکارهێنانی بێهۆشکار بۆ ژن و پیاو جیاوازی نییە، تەنها ئەوەیە کە پیاو ماسولکەی زیاترە پێویستی بە ماسولکە خاوکەرەوەی زیاترە بەراورد بە ژنان، کە بەشی زۆری جەستەیان چەورییە و پێویستی بە ماسولکە خاوکەرەوەی کەمتر هەیە.

 

پزیشک هەڤین باسی لەوەکرد، کۆمەڵەی بێهۆشکاری ئەمریکی هەیە کە پێدانی دەرمانی بێهۆشکاری کردووە بە پێنج بەشەوە، دابەشکردنیان لەسەر بنەمای مەترسیداری دیاریکراوە، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە دەرەجەی سێ و چواردان، واتە مەترسیان بۆ دەرمانی بێهۆشکاری زیاترە، "ئەوە کاری پزیشکی بێهۆشکارییە بڕیار لەسەر دۆخی ئەو نەخۆشە بدات و بڕیار بدات کە بێهۆشکاری بۆ بەکاربهێندرێت یاخود نەشتەرگەرییەکەی دواخرێت، ئەگەر بارودۆخی تەندروستی کەسەکە گونجاو نەبوو بەڵام نەشتەرگەرییەکە پێویست بوو دەبێت کەسوکاری نەخۆش لە مەترسییەکانی نەشتەرگەرییەکە و دەرمانی بێهۆشکارییەکە ئاگادار بکرێتەوە، دەشبێت هەر کەسێک شارەزای جەستەی خۆی بێت و بزانێت چ جۆرە نەخۆشییەکی هەیە تا ئەرکی پزیشک ئاسان بێت".

 

دەرزی بێهۆشکاری بۆ نەشتەرگەری لەدایکبوونی منداڵ چۆنە؟

لەم بارەیەوە پزیشک هەڤین کەمال ئاماژەی بەوەدا، ئەو جۆرە بێهۆشکارییەی بەکاردەهێندرێت بۆ لەدایکبوونی منداڵ بە نەشتەرگەری جۆری "نیوەی"یە کە بە دەرزی دەکرێتە نێوان بڕبڕەکانی پشتی دایکەکە و شلەی دەوری دڕکە پەتک بۆ ئەوەی لە ناوکەوە بۆ بەشی خوارەوەی جەستەی سڕ ببێت، "هەموو دەرمانێک بەکارهێنانی مەترسیداری خۆی هەیە، بەڵام بێهۆشکاری بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون ئەو مەترسیدارییەی نییە نەخۆش لێی بترسێت، کاریگەری خراپی نییە بۆسەر دایکەکە تەنها ماوەی ٣ بۆ ٤ کاتژمێری دەوێت تا بێهۆشکارییەکە خاو دەبێتەوە، ئەو ماوەیەی دوای خاوبوونەوەی بێهۆشکارییەکە کە بە نەخۆش دەوترێت هەڵمەسە تەنها بۆ توش نەبوونە بە سەر ئێشەی دوای بێهۆشکاری."

 

مەترسییەکانی بێهۆشکاری چین؟

بەکارهێنانی دەرمان کاریگەری باش و خراپیشی هەیە، لێرەدا پزیشک هەڤین مەترسییەکانی بێهۆشکاری بە گشتی ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: مەترسییەکان زۆرن کە دەکرێت نەخۆش ڕاستەوخۆ لە کاتی بێهۆشکاری گشتی و خەبەربوونەوە لە بێهۆشکاری گشتی توشی ببێت، لەوانەیە ڕاستەوخۆ فشاری خوێنی دابەزێت و ببێتە هۆی وەستانی دڵ، یاخود خوێنبەربوونێکی زۆر لە کاتی نەشتەرگەریی، هەندێک کات کێشەی هەناسە و شینبوونەوە بۆ نەخۆش دروستدەبێت، بەڵام پێویستە بزانرێت ئەم حاڵەتانە لە ئەنجامی چەند هۆکارێکەوە دروستدەبن کە زۆر کات نەخۆشەکە خۆیەتی.

 

لە هەرێمی کوردستان دەرمانی بێهۆشکاری پێشکەوتوو بوونی نییە

لە ئێستادا تەکنیکێکی تازە بۆ بێهۆشکاری بەکارهێنانی nerve block، واتە دەمارەکە سڕ دەکرێت، لەوکاتەدا پێویست بە بەکارهێنانی بێهۆشکاری گشتی ناکات، چونکە دەمار سڕکراوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەو نەشتەرگەرییانە بەکاردەهێندرێت کە ناوچەییە.

 

بەرەوپێشچوون لە بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکاری هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە ئاستێکدا لێی بێبەشە، پزیشک هەڤین کەمال باسی لەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان کەموکورتی زۆر هەیە، چونکە هەندێک دەرمانی ئازارشکێن هەن زۆر بە دەگمەن دەستدەکەوێت بە تایبەت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا، هەروەها هەندێک دەرمانی تازە هەن کە مەترسیان زۆر کەمترە، بەڵام ناگاتە نەخۆشخانەکان بە جۆرێک زۆرینەیان لەوانەیە ناویان نەبیستبێت.