تێکچوونی هۆرمۆن و گومانی کۆمەڵگە لە هەبوونی دووگیانی

ناهۆشیاری کۆمەڵگە وای کردوە ژنان لە کاتی هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی نەتوانن قسە بکەن، چونکە کۆمەڵگە گومانی خراپیان پێ دەبات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- تێکچوونی هۆرمۆن یەکێکە لە کێشە تەندروستییەکان کە زۆرجار ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دواکەوتن یان تێکچوونی سوڕی مانگانەیان، ئەمەش حاڵەتێکی تەندروستییە و دەکرێت هەموو کەسێک ڕووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا بەشێک لە ژنان ناتوان لە کاتی هەبوونی کێشەیەک لە هۆرمۆنەکانیاندا پەنا ببەنە بەر پزیشک، چونکە بەشێکی کۆمەڵگە وا بیر دەکاتەوە دوا کەوتنی هەموو سووڕێکی مانگانە بە مانای دووگیانی دێت.

 

"هۆرمۆنەکان بە پێی تەمەن گۆڕانکاریان بەسەردا دێت"

چراخان محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی, ئاماژەی بەوەکرد، هۆرمۆن کۆمەڵێک دەنکۆڵەی کیمیای بچوکن لە ناو لەشدا و لە لایەن هەندێک لە ڕژێنەکانەوە دەردەدرێت و کاریگەریان هەیە لەسەر کۆئەندامەکانی تر، هەروەها کاریگەری لەسەر هزر و گەشە هەیە، هۆرمۆنەکان بە پێی گەورەبوونی کەسەکان دەکرێت بگۆڕێن و بەرزی و نزمی تیادا ڕووبدات، هەندێ لەم گۆڕانکاریانە ئاساییە و هەندێکیان کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە بەجێدەهێڵن، لەشی مرۆڤ سێ ڕژێنی هەیە و کۆنترۆڵی هەموو لەش دەکات لە ڕێگەی هۆرمۆنەکانەوە ئەوانیش ژێر مێشکە رژێن، ڕژێنی غودە و ڕژێنی سەر گورچیلەکان.

 

"بەشێک لە تێکچوونە هۆرمۆنییەکان بۆماوەیین"

چراخان محەمەد ڕوونی کردەوە، لە هۆرمۆندا ئێمەی پزیشکان زیاتر سەرنجمان لەسەر ژنانە، هەر گۆڕانکارییەک لە هۆرمۆنەکانیاندا ڕووبدات هەستی پێدەکەن بە پێی دەرکەوتنی هەندێک نیشانە وەک، تێکچوونی سوڕی مانگانە، فرەکیسی هێلکەدان کە باوترینیانە و کاتێک ژنێک ئەم کێشەیەی دەبێت کێشی زیاد دەکات، هەندێکجار هۆرمۆنەکان هەر لە سەرەتاوە تێکچونیان پێوە دیارە کاتێک دەبینین ژنانی گەنج لە دوای تەمەنی پێگەیشتن سوڕی مانگانەیان نییە.

 

وتیشی: تێکچوونی هۆرمۆنەکان زۆر جار بۆماوەییە یان کێشەیەک لە ڕژێنەکاندا دروست دەبێت، هەندێجار فیسیۆلۆجیە، بەشێک لەو ژنانە کاتێک دایکیان کێشەیەک لە هۆرمۆنەکانیان هەیە بەو شێوەیە دەگوازرێتەوە بۆ کچەکەی لەم کاتەدا ئاساییە، هەندێکجاریش ژنان لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵیدا سوڕی مانگانەیان دەوەستێت و دەبێتە هۆی پوکانەوەی ئێسەکانی و هێزو تاقەتی نامێنێت."

 

"دواکەوتنی هەموو سوڕێکی مانگانە مانای دووگیانی نییە"

چراخان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ژنان لە کاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک دەبێت سەردانی پزیشک بکەن، حاڵەتی شەرمی خێزانەکانیش تا ئێستا لە کۆمەڵگەکەماندا ماوە کاتێک ژنان کێشەیەک لە سوڕی مانگانەیاندا دروست دەبێت نایبەن بۆ لای پزیشک، زۆرجار ژنان خۆیان شەرم دەکەن لە وتنی کێشەکانیان، بۆیە دەبێت لەم حاڵەتانەدا دایکەکە ئاگەداری کچەکەی بێت، پێشتر لەبەر ناهۆشیاری کاتێک ژنێک سوڕی مانگانەی بوەستایە کۆمەڵگە گومانی دەکرد کە ژنەکە دووگیان بێت، بۆیە دواکەوتنی هەموو سوڕێکی مانگانە بە مانای دووگیانی نایەت.

 

دەشڵێت:تێکچوونی هۆرمۆنەکان وەکو هەر نەخۆشییەکی تر چارەسەری هەیە بە ڕێگەی کێش دابەزاندن و وەرزشکردن و وەرگرتنی دەرمان، دەبێت دایکان هۆشیار بن بەرامبەر بە هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕووی کچ دەبێتەوە، دەبێت کۆمەڵگەش هۆشیار بێت کە ئەم حاڵەتانە تەندروستین نەک حاڵەتێک ببێتە هۆی کێشە.