"بەرکەوتنی پێست بە تیشکی خۆر هەمووکات سودی نییە"

هەندێک پێیانوایە تیشکی خۆر بەر ڕووی پێست بکەوێت سودی زۆرە و ڤیتامینات وەردەگرێت بە تایبەت ڤیتامین D، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە، بەڵکو بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ پێست کاریگەری زیانبەخشی هەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی جۆراوجۆر.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پێست یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی لەشی مرۆڤ، ڕۆژانە بەرکەوتنی لەگەڵ شتانی دەوروبەر دەبێت بە سروشتی و دەستکردەوە، لە هەمووشی زیاتر بەرکەوتنی لەگەڵ تیشکی خۆر دەبێت، هەنێک پێیانوایە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ڕووی پێست لە هەموو بارودۆخێکدا سودی هەیە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، بەڵکو بەرکەوتنی خۆر بۆ ڕووی پێست کات و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە.

 

پزیشک نیاز ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری تایبەت بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ڕووی پێست ئاماژەی بە چەند خالێکی گرنگدا و سود و زیانەکانی خستەڕوو.

 

"دەکرێت تیشکی خۆر زیانی بۆ پێست هەبێت"

نیاز ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، بەرکەوتنی تیشکی خۆر هەرچەندە سودی زۆرە بەڵام کاریگەری خراپیشی هەیە، کاریگەرییەکان جۆراوجۆرن، هەندێکیان لە دوای چەند کاتژمێرێک لە بەرکەوتنی تیشکی خۆرەکە دەردەکەوێت، وەک سوتانی پێست، زۆرکات ئەو کەسانەی لە مەلەوانگەی کراوەدا مەلە دەکەن توشی ئەم حاڵەتە دەبن.

 

هەندێکی دیکەیان دوای چەند ڕۆژ یاخود ساڵ دەردەکەوێت، لەم حاڵەتانەدا پێستەکە توشی خوران و سوربوونەوە دەبێت، هەندێک کات دەبێتە هۆی ئەستووربوونی پێست، هەندێک حاڵەت هەیە بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر هەستیاری بۆ کەسەکە دروست دەبێت، یاخود کەسێک دەرمانێک وەردەگرێت و ئەو دەرمانە لەگەڵ بەرکەوتنی تیشکی خۆر ناگونجێت، لەم کاتەدا کەسەکە توشی هەستیاری دەبێت.

 

بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە هەندێک کاتدا دەبیتە هۆی تۆخبوونەوەی پێست و دروستبوونی پەڵە لەسەر جەستە، چونکە کاتێک خۆر لە پێست دەدات ئەو خانانەی ڕەنگی پێست دروستدەکەن زیاتر و زیاتر دەبن، بۆیە ڕەنگەکە تۆخ دەبێت، ئەم کاریگەریانەی باسکران زیاتر کار لە کەسانی سپی پێست دەکەن وەک لە کەسانێک کە پێستیان تۆخ بێت.

 

"تیشکیی خۆر دەبێتە هۆی پیربوونی پێست"

پزیشک نیاز ئەحمەد باسی لەوەشکرد، یەکەم هۆکار بۆ چرچ بوون و پیردەرکەوتنی پێست تەمەنە، دووەم هۆکار تیشکی خۆرە، چونکە وایلێدەکات خانەکانی پێست بشکێنێت و مادەی کۆلاجین کەم بێتەوە، تۆکمەی و نەرمی ناهێڵێت، هەروەها هەندێک کات ملولەی خووێنی ورد ورد لەسەر پێستەکە دەردەکەوێت کە نیشانەی پیرییە.

 

زۆربەی شێرپەنجەکانی پێست، بەهۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆرە بۆ ماوەیەکی زۆر، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر بە نزیکەیی ٢٠ ساڵ بەردەوام تیشکی خۆریان بەرکەوتووە وایلێدەکات هەندێک شێرپەنجەی تیادا دەربکەوێت، نیشانە سەرەتاییەکانیشی دروستبوونی پەڵەی ڕەساسی و قاوەیی، خورانی پێست، دروستبوونی کڕێش کە هەندێک کات دەبێتە هۆی خوران و برینداربوون.

 

هەندێک نەخۆشی هەن بە بوونی تیشکی خۆر زیندوو دەبنەوە، وەک نەخۆشی گوڵی، ئەو کەسانەی پێستیان چەورە بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر زیپکەی پێست و چەوری دەموچاویان زیاتر دەکات.

 

"لە ڕێگای تیشکی خۆرەوە ڤیتامین D بەدەستدێت"

نیاز ئەحمەد ڕوونیکردەوە، یەکێک لە سودەکانی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ پێست بۆ دروستبوونی ڤیتامین "D" یە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت لە گەرمایەکی زۆردا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بمێنیتەوە، بەڵکو ئەو تیشکی خۆرەی پێویستە بۆ دروستبوونی ڤیتامین "D" لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ خولەکدایە بۆ پێست تەنکەکان، بەڵام بۆ پێست تۆخەکان ماوەیەکی زیاتری پێویستە، بە مەرجێک زۆرینەی شوێنەکانی جەستەی بە دەرەوە بێت نەک تەنها دەست و دەموچاوی.

 

"مەرج نییە لە گەرمای نیوەڕۆدا ڤیتامین "D" باش وەربگیرێت، لە هاویندا باشترین کات لە بەیانیان دایە لەگەڵ دوای کاتژمێر ٤، لەو نێوەندەدا پێویستە نەچنە بەر خۆر، بەڵام زستان چونکە خۆری کەمترە کاتەکەی دەگۆڕدرێت".

 

"باشترین ڕێگا بۆ بەرگریکردن لە تیشکی خۆر، دژەخۆرە"

لە باسکردنی دژە خۆردا پزیشک نیاز ئاماژەی بەوەکرد، کرێمێکە بۆ پارێزگاریکردنی پێست دژی خۆر بەکاردەهێندرێت، بەڵام واتای ئەوە ناگەیەنێت کە بەکارتهێنا بچیتە بەر خۆرێکی بەهێز  و بڵێی کاریگەریم تێناکات، وە بەهێزی دژە خۆریش کەوتووەتە سەر ماددەکانی ناوی، هەتا بەهێزتر بێت زیاتر ڕێگری لە تیشکی خۆر دەکات، لە هەرێمی کوردستان پێویستە ئەو دژەخۆرانە بەکاربهێندرێت کە هێزەکەی لە ٪٥٠یە، یاخود زیاترە، دەەشڵێت: "پێویستە دوو کاتژمێر جارێک دژەخۆر نوێ بکرێتەوە، نەک لە بەیانی تا ئێوارە یەکجار بەکاربهێندرێت".

 

پێویستە بەپێی پێستەکە دژە خۆرەکە بەکاربهێندرێت و بزانرێت بۆ پێستی چەور دەبێت یاخود وشک، ئەگەر دژەخۆرەکە بە پێستەکە نەکەوێت ئەگەری دروستبوونی زیپکەی هەیە بۆ پێستی چەور، یاخود بۆ پێست وشکەکان لەوانەیە توشی پێستهەڵدانی بکات و زیاتر وشکی بکاتەوە.

 

دەربارەی بەکارهێنانی دژەخۆر پێش کرێمەکانی جوانکاری بۆ ژنان وتی: باشترە کە دژە خۆرەکە پێش فاوندەیشن بەکارنەهێنن، بەڵکو ئەو دژەخۆرانە بەکاربهێنن کە ڕەنگیان تیایە بە پێی پێستی کەسەکە، هەروەها ئەو کەسانەی پێستیان هەستیارە بۆ ڕووناکی و تیشکی خۆر پێویستە لە بەرامبەر ڕووناکی گڵۆپیشدا دژە خۆر بکەن.

 

 

لە کۆتایدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، بتوانن پۆشاکێک بپۆشن بەشی زۆری لەشیان بگرێتەوە بۆ ئەوەی بەر تیشکی ڕۆژ نەکەوێت، دژە خۆریش دوو کاتژمێر جارێک بەکاربهێنرێت.