دوکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان ڕێژەی توشبووی شێرپەنجەیان زیادکردووە

ئەوەی ژینگە پیس دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیەکان مرۆڤە، نەبوونی سیستمێکی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و گوێنەدان بە سیستمی تەندروستی کارگەکان هۆکاری دیکەی زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دوکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێلەکان لایەنێکی دیکەی پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی نەخۆشی و توشبووی شێرپەنجەن، ڕێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە وڵاتێکدا دەتوانێت ٪١٠-٢٠ هەوای سروشتی و ژینگە پیس بکات.

 

پیسبوونی هەوا، بریتییە لە پیسبوونی بەرگەهەوا بەو ماددە پیسکەرانەی لە سروشتەوە هاتوون یاخود لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤەوە دروستبوون، پیسکەرەکان بەپێی سەرچاوەکانیان دەکرێن بە دوو بەشەوە، پیسکەرە سەرەکییەکان و لاوەکییەکان، سەرەکییەکان ئەو پیسکەرانەن کەلە ئەنجامی چالاکی مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەچنە ناو هەواوە، وەک "دووکەڵی کارگەکان، ماددە کیمیاییەکانی بۆیەکردن، ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل"، هەروەها لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە پەیدا دەبن وەک "تۆز و خۆڵ، خوێی دەریاکان، دوکەڵی دارستانە سوتاوەکان و خۆڵەمێشی گڕکانەکان".

 

بەڵام پیسکەرە لاوەکییەکان ئەوانەن لە ئەنجامی کارلێکی پیسکەرە سەرەکیەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ ماددە سروشتیەکانی دیکەی وەک هەڵمی ئاو دروستدەبن، نمونە ئۆزۆن و تەمی دوکەڵاوی.

 

"ئێمەی مرۆڤ ژینگە پیس دەکەین"

ئەم هۆکارانە بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ زیادبوونی نەخۆشییەکان بە گشتی و شێرپەنجە بە تایبەت، ڤێنا کەمال، چالاکوانی ژینگەیی بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ئەوەی ژینگە پیس دەکات مرۆڤە، ئاژەڵەکان تەنانەت لاشە مردوو و پاشماوەکانیشیان دەبنەوە بە ماددەی ئەندامی بۆ زەوی، بەڵام مرۆڤ هەڵدەستێت ئەو ماددانەی لە زەویدان دەریدەهێنێت و دووبارە بەکاری دەهێنێتەوە لە دژی زەوی خۆی و دواتر ژینگە پیسدەکات.

 

پێشکەوتنی ژیان بە گشتی و دروستکردنی کارگەکان وایکردووە ژینگە پیس ببێت بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کارگانەی دادەمەزرێن شوێنەکەیان نەگونجاو و ئامێرەکانیان مەرجی تەندروستی تێدانییە، ئەمانەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ئەو چالاکوانە دەڵێت "سەد کیلۆ مرۆڤ لە زەویدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ سەد کیلۆ پاشەڕۆ یاخود ئاژەڵ، چونکە ئەوەی مرۆڤ دەیکات هیچکات زیانەکەی کەمتر نییە لە زیانی پاشەڕۆکان و ئاژەڵەکان"

 

"لەسەر پاک ڕاگرتنی ژینگە دەبێت هەمووان پەروەردە بکرێن"

ڤێنا کەمال ئاماژەی بەوەدا پیسبوونی ژینگە جگە لە دروستبوونی بڵاوکردنەوەی نەخۆشی دەبێت هۆی تێکچوونی دەروونی مرۆڤ، ئەوەی کە هۆکاری گشت ئەمانەشن خودی مرۆڤە، "هەمیشە هەوڵدراوە منداڵەکان پەروەردە بکرێن بۆ ئەوەی ژینگە پیس نەکەن، بەڵام ئەوەی ژینگە پیسدەکات گەورەکانن نەک منداڵەکان، بۆیە پێویستە تاک خۆی هۆشیار بکاتەوە، چونکە لە پیسبوونی ژینگە، جیهان فشاری لەسەر دروستدەبێت".

 

دەربارەی زیانی کارگەکان ئەو چالاکوانە وتی: "جاران دەمانوت پەنجەرەکان بکەنەوە با هەوای پاک بێتە ژوورەوە، بەڵام ئێستا دەڵێین دایبخەن بۆی هەوای پیس نەیەت، لەکاتێکدا ماڵ پێویستە هاوای تێدا ئاڵوگۆڕ بکرێت، کاتێک پاشەڕۆیەک فرێدەدەیت بەهۆی تیشکی بەهێزی خۆر شیدەبێتەوە و دەبێت بە پوش لە ڕێگای ڕەشەباوە دێتە ناو ماڵەکان، دەشبێت کارگەکان شوێنی گونجاو و دوریان هەبێت، چونکە بەهۆی هەوڵکەوتەی جوگرافییەوە ئەم ناوچەیە بەردەوام ڕەشابی هەیە، چەند کارگەکان دووربن دواجار بای بەهێز دوکەڵەکەی دەگەیەنێتە سەنتەری شار، بۆیە باشترین ڕێگا بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوت و دوورخستنەوەی شوێنی کارگەکانە".

 

"لە هەرێمی کوردستان سیستمی ڕێگاوبان و گواستنەوە پەککەوتووە"  

هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە بە جۆرێک خێزان هەیە بە هێندەی ئەندامانی خێزانەکە ئۆتۆمبێلیان هەیە، لەم بارەیەوە ڤێنا کەمال پێیوایە مافی تاکە هەبوونی ئۆتۆمبێل، چونکە سیستمی ڕێگاوبان و گواستنەوە تەواو شکستی خواردووە لە هەرێمی کوردستان. "جگە لە ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕێگایەک نییە ڕۆژانە بتوانیت هاتوچۆی پێبکەیت، هەمیشە ڕووبەڕووی دواکەوتن دەبیتەوە لە کارەکەت یاخود هەندێک شوێن ڕێگای پاسی بەسەرەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوکەڵی ڕەش و پیس دەردەکەن سزا بدرێن و ڕێگریان لێبکرێت، چونکە دواجار دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی زیاتری نەخۆشیەکان".

 

زۆربوونی ئەم ڕێژە زۆرەی شێرپەنجە، بەشێکی هۆکارەکانی، ژینگەی پیسە، چونکە منداڵ هەیە شیرەخۆرەیە بەڵام شێرپەنجەی هەیە، کەواتە پیسبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر یەک تاک ناکات، بەڵکو کاریگەری ماوە درێژی دەبێت و وەچە بە وەچە دەگوازرێتەوە.

 

"حکومەت و هاوڵاتی تەواوکەرن بۆ پیسبوونی ژینگە"

ڤێنا داوا دەکات هاوڵاتیان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و ئەگەر هەوڵی پاکردنەوەی ژینگە نادەن، هەوڵی پیسترکردنی نەدەن، هەروەها دەزگاکانی حکومەت لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک و کارگەیەکدا لیژنەیەک پێکبهێنیت بۆ بەدواداچوونی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، جیا لەمە حکومەت سیستمێکی ڕێک بنیاد بنێت بۆ هاتووچۆ و دابینکردنی هۆکاری گواستنەوەی زیاتر بۆ ئەوەی چیدیکە ڕێژەی ئۆتۆمبێل زیاد نەکات.