دوای مردنی دەیان منداڵ، وڵاتێکی ئەفریقی فرۆشتنی شروبی پاراسیتامۆڵ رادەگرێت

گومان دەکرێت دەیان منداڵ لە وڵاتێکی ئەفریقا بەهۆی خواردنەوەی شروبی پاراسیتامۆڵەوە گیانیان لەدەستدابێت

ناوەندی هەواڵ

 

گامبیا وڵاتێکی بچووکی ڕۆژئاوای ئەفریقایە، پاش ئەوەی دەیان منداڵ لە وڵاتەکەدا بە گوماناوی گیان لەدەست دەدەن، گامبیا فەرمانی بە هاوردەکاران و فرۆشگاکانی دەرمان کردووە کە فرۆشتنی هەموو مارکەکانی پاراسیتامۆڵ ڕابگرن لە کاتێکدا حکومەت لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکی گوماناوی نێوان دەرمانەکە و مردنی دەیان منداڵی بچووک دەستپێدەکات.

 

بەرپرسی سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتەی رۆژئاوای ئەفریقا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە دوای دەرکەوتنی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندی گورچیلە لەنێو منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو دەستیپێکردووە.

 

ڕێکخراوی چاودێری دەرمانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییەکی تەواو لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی پاساو بۆ قەدەغەکردنی گشتی دەرمانی پاراسیتامۆڵ بهێنێتەوە، کە ئازارشکێنێکە زۆرجار بۆ کەمکردنەوەی تا لە منداڵاندا بەکاردەهێنرێت.

 

منداڵەکان نیشانەکانی نەخۆشییان لێکەوتەوە لەوانە نەتوانینی میزکردن، بەرزبوونەوەی تا و ڕشانەوە، کە بە خێرایی بووە هۆی لە کارکەوتنی گورچیلەکان.

 

ناوی هیچ ماركەیەك یاخود کۆمپانیایەکی دیاریكراوی نەهێندراوە بەڵام ئاماژە بەوەكراوە کە هەندێك نمونە رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە بۆ پشكنینی كوالێتی كۆنتڕۆڵ.

 

بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە بەڵگەکان ئاماژە بەوە ناکەن کە پاراسیتامۆڵ هۆکاری مردنەکە بووبێت، بەڵکو ئاماژە بە سەرچاوەیەکی دیکەی وەک ئاوی پیس دەکەن کە ڕەنگە هۆکاری مردنی منداڵەکان بێت، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە چەندین پرسیاری بێ وەڵام هەیە پێویستە کای لەسەر بکرێت.