"شێرپەنجە کوشندە نییە، دەتوانین بەرەنگاری ببینەوە"

ئامارەکان دەریدەخەن لە نەخۆشخانەی هیوا، لە سەرەتای ئەمساڵدا تا ٦ی تشرینی یەکەم ٤٧٩ حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراوە، بەڵام ژنانی تووشبوو دەڵێن: شێرپەنجە کوشندە نییە، دەتوانین بەرەنگاری ببینەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- مانگی تشرینی یەکەم لە سەرانسەری جیهان بە مانگی ڕووبەڕوو بوونەوە و خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک دیاری کراوە، لەو مانگەدا چەندین هەڵمەتی خۆپارێزی، خستنەڕووی ئامارەکان و چالاکی هۆشیاری کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، تەوەری مانگی هۆشیاری خۆپارێزی شێرپەنجەی مەمک بۆ ساڵی ٢٠٢٤ش بریتییە لە "نابێت کەس بە تەنیا ڕووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک ببێتەوە".

 

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەخۆشخانەی هیوا بڵاوی کردووەتەوە، ئامارەکانی تووشبوونی شێرپەنجە ساڵانە بەرەو هەڵکشان دەڕوات، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٠٩ تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤١٨ هاوڵاتی ناویان تۆمار کراوە، لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٣شدا، هەزار و ٥٠٨ هاوڵاتی تەنها لە نەخۆشخانەی هیوا ناویان تۆمار کراوە، هەروەها بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆسخانەی هیوا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بۆ ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە نەخۆشخانەی هیوا ٤٧٩ حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراوە.

 

"شێرپەنجە بە ورەیەکی بەرزەوە تێدەپەڕێت"

جوان نەجمەدین، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تووشبووی شێرپەنجەیە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردەگرێت، سەرەتای هەستکردنی بە نەخۆشیەکەی لە ئازاری شانەکانیەوە دەستی پێکردووە، بەهۆی هەبوونی شێرپەنجە لە خانەوادەکەیدا زوو ڕێکاری تەندروستی دەگرێتەبەر، دەردەکەوێت کە دەرەجە یەکی شێرپەنجەی مەمکە، بۆیە پێویست بە وەرگرتنی کیمیایی ناکات، لە دوای وەرگرتنی چارەسەری دەروونیی و جەستەیی، لە ئێستادا بە هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا و بە هیوایەکی زۆرەوە بەشداری لە چەندین چالاکی وەرزشی و دەروونی دەکات، دەشڵێت: ماوەی ساڵ و نیوێکە تووشبووی شێرپەنجەم، سەرەتا بە هۆکاری ئەوەی لە خێزانەکەمدا خوشکەکەم تووشبووی شیرپەنجە بوو، توانیم بە خێرای تووشبوونم بە شێرپەنجەی مەمک لە خۆمدا دیاری بکەم، سەرەتای هەستکردنم بە نەخۆشیەکە لایەنی دەروونیم زۆر لاواز بوو، دەگریام و هەستم دەکرد باش نابمەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تووشبووی شێرپەنجە بە ترسناک تەماشا دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە خێزانەکەم و منداڵەکانم زۆر هاوکاری دەروونی و جەستەییان دەکردم، هەموو تووشبوویەکی شێرپەنجە نامرێت، زۆرینەی تووشبووان ئەگەر لایەنی دەروونیان بەرز بێت شێرپەنجە تێدەپەڕێنن.

 

ئەو چارەخوازە لە کۆتاییدا وتی: هیوادارم تووشبووانی شێرپەنجە نەترسن لە نەخۆشیەکانیان، بەردەوامی بە ژیانی پێشووی خۆیان بدەن، دەتوانن ئەو نەخۆشیە تێ بپەڕێنن، هەروەها لە ڕێگەی وەرزشەوە دەتوانن چارەسەرەکانیان وەربگرن، من لەگەڵ گروپی نەخۆشخانەی هیوادا هەفتانە وەرزش ئەنجام دەدەم، هەست بە گۆڕانکاریەکی گەورە دەکەین لە نەخۆشیەکانماندا.

 

"هۆشیاری و چالاکیەکانی شێرپەنجە بووەتە هۆی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە"

ئەمیرە تۆفیق، تووشبووی شێرپەنجە و چارەخواز لە نەخۆشخانەی هیوا، باس لەوەدەکات، ماوەی دوو ساڵ پێش دیاریکردنی شێرپەنجە لە لەشیدا بەردەوام سەردانی پزیشکی دەکرد بەهۆی ئازاری گیانیەوە، بەڵام هەتا دوو ساڵ نەیان دەزانی نەخۆشیەکەی بدۆزنەوە، پاشان دیاری کرا تووشبووی شێرپەنجەیە، بەهۆی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ و نەخۆشی کۆرۆناوە و نەبوونی نەخۆشخانەکان زیاتر شێرپەنجە لە گیانیدا تەشەنەی کردووە، دەشڵێت: سەرەتای تووشبوونم هۆشیاریمان لە بارەی شێرپەنجەوە نەبوو، دواتر بەردەوام زانیاری و چارەسەر بڵاودەکرانەوە، چارەسەرکارەکان لە ڕێگەی چالاکییە بەردەوامەکانەوە لە هەوڵی ئاسان کردن و تێپەڕاندنی بارودۆخی تووشبوواندان، لە ئێستادا ئێمەی تووشبوو زانیاری دەدەین بە هاوڵاتیان لە هەر جێگایەکدا بن، سەرەتای تووشبوونم لایەنی دەروونی و جەستەیم زۆر لاواز بوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیم بەسەریدا زاڵبم.

 

ئەو چارەخوازە، لە کۆتاییدا وتیشی: بەهۆی نەبوونی زانیاری دروست لە بارەی شێرپەنجەوە، پێش ئەوەی تووشبووی شێرپەنجە بم نزیک نەخۆشخانەی هیوا نەدەبوومەوە و دەترسام، بەڵام لە ئێستادا هەفتەی چەند جارێک سەردان دەکەم، هەروەها سەرەتا خەڵک خۆی لەو کەسانەی تووشبوون بەدوور دەگرت، کاتێک میوانێکم دەهات لێم نزیک نەدەبووەوە، یان لە کەلوپەلەکانمدا خواردنی نەدەخوارد، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی زانستدا ئەم دیاردانە بەرەو کاڵبوونەوە دەچن، شێرپەنجە ئەو نەخۆشیە مەترسیدارە نییە، کە هاوڵاتیان لێی دەڕوانن، هیوادارم هەموو ژنان ڕووبەڕووی ئەو نەخۆشیە بووەستنەوە.