بەپێی توێژینەوەیەک هەڵمژینی دووکەڵی ئاگر زیان بە تەندروستی دڵ و مێشک دەگەیەنێت

توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکات، هەڵمژینی دووکەڵی ئاگر زیان بەهەمان شێوەی جۆرەکانی دیکەی پیسبوونی هەوا، بە تەندروستی دڵ و مێشک دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی پزیشکی هاوارد هیوز لە ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، دەشێت لە ژینگەی پیس و دووكەڵاویدا گەردیلەی ورد'PM2.5' هەڵبمژرێت بۆ ناو سییەکان و تێکەڵی خوێن ببێت، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەبێت.

 

لەو بارەیەوە پزیشک ماریا کاریلۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە لە ئەمریکا وتووویەتی: مانەوە لە ژینگەی پیس و دووکەڵاوی و هەڵمژینی ئەم گەردیلە بچووکانە، ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە بەڕێژەی ٢١%  زیاد دەکات'

 

پێشتر ڕێکخراوی یونیسێف ڕایگەیاندبوو، پیسبوونی هەوا هۆکاری گیان لەدەستدانی ٨.١ ملیۆن کەسە لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەروەها دووەم هۆکاری گیان لەدەستدانی دانیشتووانی جیهانیش بووە.