سەمسور هێشتا لە ژێر خاک و خۆڵ دایە

٦ی شووباتی ئەمساڵ سەمسور بەهێزترین بوومەلەرزەی تیادا ڕوویدا و تا ئێستا ئەو شارە لە ژێر خاك و خۆڵ و وێرانەدا دەژین، منداڵای سەمسور تووشی کێشەی هەناسەدان و هەناسەتەنگی بوونەتەوە.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

سەمسور- سەندیکای پزیشکانی تورکیا و پلاتفۆرمی مافی هەوای پاک ٢٧ی تشرینی یەکەم ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکیان بڵاوکردەوە، کە دوای بوومەلەرزەکانی مانگی شوبات لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕوویدا، کردوویانە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ماددەی کیمیایی ئەزبێز لە ناوەندی مەرەش، ئەلبستان و سەمسور بینراوە، تەنها لە سەمسور لە کۆی ٣٠ نمونەی جیاواز، ٢ جۆری دیکەی ئەزبێز دۆزراوەتەوە، شارەکە یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کە پێنج هەزار و ٩٥٣ باڵەخانە وێران بوون و ٢٠ هەزار بیناش زیانی بەرکەوتووە.

 

ماوەی ٨ مانگە شارەکە لە ژێر خۆڵ و وێرانەدایە و لە کاتی کاری شارەوانیدا هیچ ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی نەگیرێتەبەر، جیاکردنەوەی ماددەکانیش لە ناوچەی وێرانەکە ئەنجام دەدرێت و هاوڵاتیانیش بەهۆی پرۆسەی جیاکردنەوەوە کە چەند مانگێکە بەردەوامە و کۆتایی نایەت، ناتوانن لە کۆنتێنەر و ماڵەکانیان دەربچن، چونکە خۆڵ و ماددەکان بە ژینگەکەیاندا بڵاوبووەتەوە و هۆکاری دەیانن نەخۆشییە، هەروەها نەخۆشییە سەختەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە شارەکەدا لە زیادبووندایە، دەرکەوتووە کە نەخۆشی تەنگەنەفەسی بە تایبەتی بۆ منداڵان دەستنیشان دەکرێت و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەمە درێژخایەن بێت.

 

"تەنگەنەفەسی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەناو منداڵان زیاتر دەبن"

ئەمینە ئەسەن ئولوبەی، هاوسەرۆکی سەندیکای کارمەندانی خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی لقی سەمسور، باسی لەو مەترسییە تەندروستییانە کرد کە لە شارەدا بوونی هەیە و وتی: دوای بوومەلەرزەکە خەڵک ناچار بوون بچنە ئەو پارێزگایانەی کە بوومەلەرزەکەی تێدا نەبووە و بۆ ماوەیەک لەوێ بژین، بەداخەوە لە هاوینیشدا ڕووخاندنی باڵەخانەکانی شارەکە کە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە دەستیپێکرد، کاتێک خەڵک دەگەڕانەوە بۆ ئەم شوێنە ڕووبەڕووی خۆڵ و خاشاک دەبوونەوە، لە شاری سەمسور لە مانگی ئەیلوولدا ڕووخانی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان وێرانی زیاتری لێکەوتەوە، کرێکارانی ڕووخاندن کەرەستەی خۆپارێزی بەکارناهێنن، هەروەها لە کاتی ئەم ڕووخاندنانەدا جیاکردنەوەی ئاسن لە هەمان شوێندا ئەنجام دەدرێت، ئێمە لە هەموو پلاتفۆرمێکدا باسمان لەوە کردووە، کە دەبێت ئەم جیاکردنەوەیە لە دەرەوەی شوێنی پاشماوەکان ئەنجام بدرێت و کاتێک پاشماوەکان دەگوازرێنەوە لەسەر بارهەڵگرەکان بمێننەوە، بەڵام ئەم خۆپارێزییانە ناگیرێتەبەر و تۆز و پاشماوە بەرز دەبێتەوە و مەترسی لەسەر خەڵک دروست دەکات.

 

ئەمینە ئەسەن ئولوبەی ڕایگەیاند کە لە بنکەی تەندروستی کاردەکات و باوترین گلەیی لە نەخۆشخانەکاندا سەبارەت بە نەخۆشییەکانی قەبزی و منداڵبوونە، نەخۆشییە مەترسیدارەکانیش بە تایبەتی لە منداڵان و ئافرەتان زیادیان کردووە، وتیشی: بڵاوبوونەوەی ئەزبێز مەترسیدارە و لە دۆخی وەک ناوچەی بوومەلەرزەکە مەترسییەکانی زیاتر دەکات و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا ببێتە شێرپەنجە، چونکە ئەو خۆڵە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بە هەوادا بڵاودەبێتەوە و کاریگەری جددی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی شارەکە دەبێت، منداڵان بە تایبەتی کاریگەری ئەم دۆخەیان لەسەرە، تەنگەنەفەسی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەگەڵ منداڵان زیاتر دەبن، زۆرترین جار ڕووبەڕووی کۆکە و نەخۆشیەکانی هەناسەدان دەبینەوە لەناو ژنان و منداڵاندا.

 

'میکانیزمەکانی چاودێریکردن بەس نین'

ئەمینە لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد، لەم پرۆسەیەدا کە مافی ژیان پێشێل دەکرێت، میکانیزمەکانی چاودێریکردن بەس نین و وتی: لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە کۆکەم نەوەستاوە، هەموو کەسێک لوتی ئاو دەکات و چاوی سوور دەبێتەوە، ئەم دۆخە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو خۆپارێزیانەی کە لە کاتی کارەکانی لابردنی پاشماوەدا ناگیرێنەبەر، چونکە میکانیزمەکانی چاودێری زۆر کەمن و بەداخەوە گەلەکەمان هۆشیاری نییە، مرۆڤەکان لەبری هەوای پاک، تۆز هەڵدەمژن و ئەم دۆخە لە داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەردەکەوێت، خەڵکی ئێرە شایەنی ئەوە نین لەناو ئەم خۆڵ و تۆزەدا بژین، هەم تەندروستیان و هەم مافی ژیانیان پێشێل دەکرێت.