دوای ١٢ ساڵ بەسەر بڕیاریدا ڕۆژی تەندروستی سێکسی ژنان چی پێشکەش کرد؟

پرسەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ بۆ ژنان گرنگن و پەیوەندییان بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە بەگشتی و چەندین لایەن لەخۆدەگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕۆژی جیهانی تەندروستی سێکسی لەلایەن کۆمەڵەی جیهانی بۆ تەندروستی سێکسی- WAS بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەبارەی تەندروستی سێکسی لە سەرانسەری جیهان دیاریکرا، ساڵانە لە ڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ و کۆنفرانس بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەرز ڕادەگیرێت.

 

مافی ژن بۆ تەندروستی مەبەست لێی تەندروستی سێکسی و زاوزێییە، بۆیە بڕیارەکانی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەندییان بە ژنان و مافی مرۆڤەوە هەیە بەگشتی ڕوون بوو سەبارەت بە پێویستی پاراستن و ڕێزگرتن لەو مافانەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستیە بە ژنان.

 

پێویستی دیاریکردنی ڕۆژێک و شکاندنی تابۆ

ئامانجی ڕۆژی جیهانی تەندروستی سێکسی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لەسەر تەندروستی سێکسی لە سەرانسەری جیهاندا، دەکەوێتە ڕۆژی ٤ی ئەیلولی هەموو ساڵێکەوە لەلایەن کۆمەڵەی جیهانی بۆ تەندروستی سێکسی دیاریکراوە، کە کاردەکات بۆ شکاندنی تابۆکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە تەندروستی سێکسی و لە ساڵڕۆژەکەشدا لە ڕێگەی کۆڕ و کۆنفرانسی تایبەت لە قوتابخانە و زانکۆکان و ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان و لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا، باس لە پرسەکانی تەندروستی سێکسی دەکرێت، جگە لە تیشک خستنەسەریان لە ڕێگەی پێشانگای هونەرییەوە.

 

توێژینەوە پزیشکییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی سەرکوتکردنی سێکسی و تێنەگەیشتن لێی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی کە ڕەنگدانەوەی لەسەر جەستە دەبێت، هەروەها زانیاریی نادروست لەسەر جەستە هۆکاری ڕێزنەگرتنە لە مافە سێکسییەکانی مرۆڤەکان و تێیدا ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، لەوانە زۆرەملێکردن و توندوتیژی و جیاکاری.

 

نەبوونی تەندروستی سێکسی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

له‌ كۆمه‌ڵگەكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا باسكردن له‌ په‌روه‌رده‌ی سێكسی یاخود ته‌ندروستی سێكسی به‌ شه‌رم یان قێزه‌ون داده‌نرێت و له‌گه‌ڵ نەریتەکانی کۆمەڵگەدا ناگونجێت، ته‌نانه‌ت یاساكانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش به‌ ترسنۆكانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مافی سێكسی و زاوزێ ده‌كه‌ن.

 

نەبوونی ئاگاداری لە مافە سێکسییەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە کردەکانی وەک هەراسانکردن، دەستدرێژیکردن، توندوتیژی، هاوسەرگیریی لە تەمەنی کەمدا، دووگیانی زوو، لەباربردنی ناتەندروست و خەتەنەکردن، هەروەها بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی نەزانینی مافە سێکسییەکان.

 

بەم پێیە، کۆمەڵەی جیهانی بۆ تەندروستی سێکسی جەختی لەسەر پەیوەندی نێوان تەندروستی و مافی مرۆڤ کردووەتەوە، بەڵام یاسا و پراکتیکەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ژنان لە دەستدرێژی سێکسی ناپارێزن، هاوسەرگیریی لە تەمەنی کەمدا لە زۆرێک لە وڵاتان یاساییە، ئازاردانی سێکسی لە وڵاتانی جیهاندا بەربڵاوە، بارۆمەتری عەرەبی کە سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ توێژینەوەی چەندایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەیدا، کە وڵاتانی میسر، عێراق، سودان، مەغریب، یەمەن، جەزائیر، لوبنان، فەلەستین، ئوردن، لیبیا و تونس دەگرێتەوە، ئاماژەی بە دیارترین خاڵەکانی پەیوەست بە هەراسانکردن بۆ هەر وڵاتێک کردووە.

 

لە میسر، ئازاردانی سێکسی زۆرترین و بەرزترینە بە بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی، هەروەها هەراسانکردنی زارەکی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، توێژینەوەکە عێراق و سودان و جەزائیر و مەغریبی وەک پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی دیاریکردووە چونکە بەپێی ئامارەکانی ژنان تووشی هەراسان دەبنەوە لەو وڵاتانە.

 

ئەو ژنانەش ئامادە نین سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە پێشوەختە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی هانی هەراسانکاران دەدەن لە ڕێگەی جلوبەرگەوە، یان چوونە دەرەوە لە کاتە نەگونجاوەکاندا بۆ ڕەچاوکردنی کۆمەڵگە، لەو وڵاتانەی کە بەدەست ململانێیەوە دەناڵێنن، ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە.

 

كرێكارانی ژن له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ شوێنی كاردا بێبه‌ش نین، ده‌ستدرێژیی هاوسه‌رگیری له‌ یاساكانی وڵاتانی ئیسلامیدا نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ ژنان به‌ كاڵای پیاوان داده‌نرێن و مافی ڕه‌تكردنه‌وه‌یان نییه‌.

 

بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە تەندروستییەکان

کێشەکانی ژنان لە کڕینی پێداویستییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە تەندروستی سێکسی یەکێکە لە دیارترین شێوەکانی نەبوونی هۆشیاری لە تەندروستی سێکسی، لەم ساڵانەی دواییدا، داواکارییەکانی ژنان بەرزبوونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بەرزی نرخی پێداویستییەکانی ژنان، بەتایبەتی پادە تەندروستەکان-سانتی، و کەمکردنەوەی باج لەسەریان بەو پێیەی کە پێویستن بۆ ژیانی ژنان.

 

لە ساڵی ٢٠١٥ ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا، ستێلا کرێسی داوای هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر پادی تەندروستی کرد و لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڵمەتێکی ئۆنلاین لە مەغریب دەستیپێکرد و داوای دابینکردنی پادی تەندروستی بەخۆڕایی کرد، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی کچ لە ناوچە دوورەکان.

 

لە وڵاتانی هەژار و ناوچە دوورەکان و کامپی پەنابەران، ژنان دەستیان بە پاد ناگات، بۆیە پەنا بۆ ئەو شێوازە کۆنانە دەبەن کە لە کۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و بەمەش مەترسی زۆریان لەسەر دروستدەبێت، لە کامپەکاندا ژنانی پەنابەر ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ کە پێویستن بۆ دڵنیابوون لە دووگیانییەکی تەندروست و منداڵبوونێکی سەلامەت.

 

سەبارەت بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاردەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە تەندروستی سێکسی، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی کە لە ئەنجامی کەمی هۆشیارییەوە دروستدەبن لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هاوسەرگیری منداڵان، بەڵام ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، دیارترینیان نەبوونی بودجەی پێویستە.

 

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کاردەکات بۆ باشترکردنی چاودێریکردنی ژنان پێش منداڵبوون و دوای منداڵبوون، چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی نەزۆکی و هەوڵدەدات ژنان مافی لەباربردنی سەلامەتیان هەبێت، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە سێکسییەکانی وەک ئایدز، سفلیس، شێرپەنجەی منداڵدان و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی ژنان ببەنەوە.