وەرزشی بەیانیان کاریگەری لەسەر کێش هەیە

پزیشکانی کێش و لەش باس لەوە دەکەن، باشترین ڕاهێنان هەر شتێکە، کە دەتوانیت بیکەیت، هەمیشە ئامۆژگاری خەڵکیش دەکەن، هەر کاتێک دەتوانن وەرزش بکەن

ناوەندی هەواڵ

 

مشتومڕ لەسەر باشترین کاتەکانی ڕۆژ بۆ وەرزشکردن ساڵانێکە بابەتی مشتومڕ بووە، بەو پێیەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان ناکۆک بوون، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ئەو کاتەی مرۆڤ هەڵدەبژێرێت بۆ وەرزشکردن، ڕەنگە کاریگەری لەسەر دابەزاندنی کێش هەبێت.

 

بەگوێرەی تۆڕی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی، توێژینەوەکە لەم دواییانەدا ئەنجامی ڕاپرسییەکی نیشتمانی پێشووی بەکارهێناوە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦ کراوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەس تیایدا بەشدار بووە، توێژەران ئاماژەیان بە "پەیوەندییەکی بەهێز" کردووە لە نێوان وەرزشکردن و کەمبوونەوەی قەڵەوی لەو گروپەی کە لە بەیانیاندا وەرزشیان کردووە.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە ئەوانەی بەیانیان وەرزش دەکەن، کێشی لەشیان کەمتر بووە، زێدەترینیان ژنان بوون، هەروەها ئەو کەسانەی لە گروپەکانی بەیانیاندا بوون، کالۆری کەمتریان خواردووە.

 

بەپێی قسەی پزیشکانی کێش و لەش، باشترین ڕاهێنان هەر شتێکە، کە دەتوانیت بیکەیت، هەمیشە ئامۆژگاری خەڵک دەکەن، هەر کاتێک دەتوانن وەرزش بکەن، ئەگەر بەیانیان بچیتە هۆڵی وەرزش ئاسانتر و گونجاوتر بوو، ئەوا بیکە، ئەگەر تا پاشنیوەڕۆ ناتوانیت ئەم کارە بکەیت، پاش نیوەڕۆ وەرزش بکە.