دابەزاندنی کێش لەپێناو جەستەیەکی تەندروست یاخود مۆدێلدا؟

عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڕێژەی قڵەوی تێیدا بەرزە، بە جۆرێک بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە بووەتە ٪٣٠.٤، بەشێک لە هاوڵاتیان لە پێناو جەستەیەکی تەندروست کێشیان دادەبەزێنن، بەڵام بەشێکیان دەیانەوێت ببنە مۆدێل. شنیار بایز

عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڕێژەی قڵەوی تێیدا بەرزە، بە جۆرێک بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە بووەتە ٪٣٠.٤، بەشێک لە هاوڵاتیان لە پێناو جەستەیەکی تەندروست کێشیان دادەبەزێنن، بەڵام بەشێکیان دەیانەوێت ببنە مۆدێل.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تێکچونی سیستمی خۆراکی و هۆگربوون بە خۆراکی خێرای تەندروستی هاوڵاتیانی تێکداوە، بە جۆرێک هاوڵاتیان بە گشتی و مێردمنداڵ بەتایبەتی کێشیان لە کێشی زیادەووە بووەتە قەڵەوی.

 

ئەگەر مرۆڤێک کێشی لەشی لە سنوری ئاسایی زیاتر بوو ئەوا پێی دەوترێ قەڵەوی، کە بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە نەبوونی هاوسەنگی نێوان وزەی وەرگیراو لەگەڵ وزەی بەکارهێندراو، ڕوونتر بڵێین "کاردانەوەیەکی ئاسای لەشی مرۆڤە بۆ ژینگەیەکی نائاسایی"، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە جۆری دوو، ئازاری جومگە و فشاری خوێن.

دابەزاندنی کێشی لەش، بۆ کەسانی قەڵەو کارێکی گرنگە بەڵام هەندێک لە مرۆڤەکان خاوەن جەستەیەکی ڕێکن، تەنها لە پێناو شوێنکەوتنی مۆدێلدا زیاتر کێشیان دادەبەزێنن، ئەمەش جارێکی دیکە زیانی بۆ تەندروستی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەرکەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٩ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ، ڕووبەڕووی کێشی زیادە بوونەتەوە.

بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە کۆی ١٩٥ وڵات، عێراق پلەی ٢٣یەمین وڵاتی لە قەڵەویدا تۆمار کردووە، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی زۆرخواردنی خۆراکی ناتەندروست ڕێژەی قەڵەوی تێدا بەرزە، بە جۆرێک ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی ٢٠٢١ بریتییە لە ٤١ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٣٥٠ کەس، بەڵام ڕێژی قڵەوی ٪٣٠.٤٠.

زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

دکتۆر ئیسرا کەمال، پزیشکی گشتی و پسپۆڕ لە بواری زانستی خۆراک، هۆکاری سەرەکی زیادبوونی قەڵەوی دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێکنەخستنی شێوازی ژیان، بەوەی  هاوڵاتیان کەمترین جوڵە لە ژیانیاندا جێبەجێ دەکەن.

زیاتر بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەکەن، خواردنی خێرا دەخۆن، تەنانەت هەندێک کەس بۆ ڕەوینەوەی خەمەکانیان خۆراکی زیادە  دەخۆن، هەروەها بەهۆی ڕیکلامی بەردەوام خواردنگەکان سەرنجی هاوڵاتیان ڕادەکێشرێت، ئەمەش جاریکی دیکە هۆکارە بۆ قڵەوی.

هۆشیاری خەڵک لە پاراستنی تەندروستی و ڕێکی جەستەیدا لە چ ئاستێکدایە؟

لە وەڵامدا دکتۆر ئیسرا ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان لە ئێستادا گرنگی بە ڕێکی جەستە و تەندروستی دەدەن بەڵام لە بەرامبەردا بەشێکی زیاتریان هۆگری خواردنی خێرا بوون.

لە باسی ئەوەی ئایا بۆچی منداڵان یاخود مێردمنداڵان، بە ڕێژەیەکی زیاتر قەڵەوی تیایاندا بەربڵاوە، ئەو پزیشکە دەڵێت "پەروەردەی دایک و باوک وا لە منداڵ دەکات زیاتر چێژ لە خواردنی ناو چێشتخانەکان ببینێت، لەوکاتەی منداڵەکە دەبینێت دایک و باوکی خواردنی نا تەندروست دەخۆن ئەویش چاویان لێدەکات"، دایک و باوک منداڵان فێر ناکەن لە منداڵییەوە خواردنی تەندروست بخۆن یاخود تەندروستی خۆیان خۆشبوێ.

جەختی لەوەشکردەوە لە ئێستادا بەشێکی باش لە هاوڵاتیان هەوڵی ڕێککردنەوەی جەستەیان دەدەن جا لە ڕێی ڕێککردنەوەی سیستمی خۆراکی بێت یاخود وەرزش.

 

کێشی زیادە جیاوازە لە حاڵەتی قەڵەوی

یەکێک لەو ڕێگایانەی دەتوانرێت لێوەی دیاری بکرێت کە ئایا کەسەکە قەڵەوە یاخود کێشی زیادە، ڕێگای BMI یە ڕێگەیەکی کۆنە، لە ڕێی هاوکێشەیەکی بیرکارییەوە ئەنجام دەدرێت بەم شێوەیە "کێش بۆ باڵا بە توانی دوو" لە دوای ئەنجامدانی ئەم هاوکێشەیە کەسەکە لە ٣٠ زیاتر بۆی دەرچوو قەڵەوە بەڵام لە ٢٥ بۆ ٣٠ کێشی زیادە.

بە پێی وتەکانی دکتۆر ئیسرا لە ئێستادا بۆ دیاریکردنی قەڵەوی تاکێک، تەنها BMI بەکار نایەت بەڵکو بە پێی پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ قەڵەوی دیاری دەکرێت بۆ نمونە، هەندێک کات کەسەکەBMI ئاساییە بەڵام چەوری زیادەی هەیە، لەوکاتەدا کێشی زیادە، یاخود بە پێی BMI کێشی زیادەی هەیە لە کاتێکدا وەرزشوانە و خاوەنی ماسولکەی بەهێزە بۆیە بە کێشی زیادە دانانرێت، بۆیە پێویستە BMI و پێکهاتەی جەستە هاوسەنگ بکرێن بۆ دیاریکردنی جەستەیەکی ڕێک.

 

"هەندێک کات نەخۆشی دەبێتە هۆی قەڵەو بوون و زەعیف بوونی جەستە"

بۆ دەستپێکردن بە دابەزاندنی کێش یاخود سەرخستنی کێش، پێویستە پشکنینی تایبەت ئەنجام بدرێت و هۆکاری سەرەکی حاڵەتەکە دیاری بکرێت چونکە بە پێی وتەی ئەو پزیشکە هەندێک کات کەم و زۆری خواردن کار ناکاتە سەر قەڵەوی و زەعیفی بەڵکو نەخۆشی هۆکاری سەرەکییە.

 

"سەرەکیترین ڕێگا بۆ دابەزاندنی کێش، ڕێککردنەوەی خۆراکە"

ڕێکخستنی سیستمی خۆراک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، دەبێت سیستمی خۆراکی بە جۆرێک بێت لەگەڵ کارکردن و توانای مادی بگونجێت هەروەها دوای دابەزاندنی کێش دەبێت بەرنامە دابنرێت بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە سەر کێشی جارانی.

بە پێی وتەی دکترۆ ئیسرا، هیچ پشکنینێک بوونی نییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئەم خۆراکە قەڵەو دەکات یاخود لاواز، بەڵام هەندێک پشکنینی دیکە هەیە لە ڕێی خوێنەوەی دیاری دەکرێت بەوەی کە ئایا ئەو کەسە هەستیاری هەیە بە چ خۆراکێک یاخود جەستەی توانای شیکردنەوەی کام لە خۆراکەکانی نییە.

باسی لەوەشکردن ئەو کەسانەی دابەزاندنی کێش دەکەن سەرەتا پشکنین بکەن تا دڵنیا بن لەوەی هیچ جۆرە نەخۆشیەکیان نییە.

"هەمەجۆری خواردن تەندروستی جەستەیت پێدەبەخشێ"

ئەو کەسانەی دەڵێن تەنها میوە یاخود سەوزە دەخۆین لە پێناو دابەزاندنی کێش هەڵەن، چونکە باشترین سیستمی خۆراک هەمەجۆری خۆراکە، بەڵام بە ڕێژەیەکی زیاتر سەوزە بخورێت.

هەندێک خواردنی وەک شیرینی، جپس و پسکیت، خواردنەوە گازییەکان، شەربەتی ئامادەکراو تەنها کالۆرییە و کێش زیاد دەکات.

خواردنەوەی چای سەوز یەکێکە لە خواردنەوە بەسودەکان، چونکە ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسیدی تێدایە، کە یارمەتی کەمبوونەوەی هەوکردنی جەستە ئەدات و بەرگری جەستە زیاد دەکات.

دکتۆر ئیسرا ئاماژەی بەوەدا، بیرکردنەوەیەکی هەڵە هەیە لە ناو هاوڵاتیان بەوەی زۆرترین بڕە خۆراک دەخوات و چایەکی سەوزی دەکات بەسەردا دەڵێت کێشم زیاد ناکات.

"یەکێک لەو هەڵانەی بەکاریەت بۆ دابەزاندنی کێش خواردنی دەرمانی دابەزاندنە"

بە پێی وتەی دکتۆر ئیسرا، هەندێک کەس ڕێگایەکی هەڵە بەکاردەهێنن بۆ دابەزاندنی کێش، ئەویش "بەکارهێنانی دەرمانی نا سروشتی و ئەو دەرمانانەن کە لەناو بازاڕەکاندا بە ناوی سروشتییەوە دەفرۆشرێن"، و لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرناچن بەڵکو بە قاچاخ دەهێنرێنە ناو بازاڕەکانی هەرێم .

بەڵام هەندێک دەرمان هەیە ڕێگە پێدراوە بۆ دابەزاندنی کێش ئەویش تەنها بە ڕێنمای دکتۆر دەبێت هاوڵاتی بەکاری بهێنێت.

ئیسرا کەمال ئاماژەی پێدا بەشێکی ژنان هەوڵی دابەزاندنی کێش دەدەن تەنها لەپێناو ئەوەی لە مۆدێل و ئەو کەسانە بچن کەلەناو سۆشیاڵ میدیا دان، بە ڕێژەیەکی زۆر سیستم وا لە تاک دەکات شوێن مۆدێل بکەوێت و کێشی دابەزێنێت نەک گرنگی بە تەندروستی جەستەی بدات، چونکە هەندێک کات کەسەکە تەواو جەستەی تەندروستە تەنها لەبەر ئەوەی چووەتە ژێر کاریگەری کۆمەڵگا و سیستمەوە هەوڵی دابەزاندنی کێشی دەدات بە ڕێژەیەکی زیاتر.

 

ئاماژەی بەوەشدا هەندێک لێیان بووەتە نەخۆشی کە دەبێت بەردەوام لاواز بن، هەر بۆیە د.ئیسرا داوا لە گشت هاوڵاتیان دەکات جەستەی خۆیان خۆشبوێت، لە پێناو چاولێکردنێکدا تەندروستی خۆیان تێک نەدەن و ئەگەر بڕیارە کێشیان دابەزێنن لە پێناو تەندروستیدا بێت نەک چاولێکردنی مۆدێل، هەروها باوەڕبەخۆبوون چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەهێشتنی قڵەوی.