کارەساتە سروشتییەکان دەبنە هۆی زەبری دەروونی

شایەتحاڵانی ڕووداوی بومەلەرزەکە، هەروەها ئەو کەسانەی بەردەوام چاودێریان هەیە بۆ ڕووداوەکە بەهۆی بومەلەرزەکەوە کاریگەری لەسەر دەروونیان دروست دەبێت، ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی دەروونی دەبنەوە، پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕوودانی هەر کارەساتێک چۆن کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکات بە هەمان شێوە کارەساتە سروشتییەکانیش کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکات بەتایبەت ئەو کەسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون، فرمێسک جاف، چارەسەرکاری دەروونی، ئاماژەی بەوەکرد ڕووداوە سروشتییەکان کە ڕوودەدەن، پێیان دەوترێت ڕووداوە زەبر ئامێزەکان، ڕووداوە زەبر ئامێزەکان ئەو ڕووداوانەن ڕاستەوخۆ مەترسی بۆ سەر گیانی کەسێک دروست دەکەن یاخود، کەسێک ببێتە شایەتحاڵی لەدەستدانی کەسێک، ڕووداوی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوا ی کوردستان بە هەمان شێوەبوو، کە زۆربەی کەسەکان خۆیان لە نێو ڕووداوەکەبوون یاخود بونە شایەتحاڵی ڕووداو و لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان.

 

ڕووداوە زەبرئامێزەکان دەکرێت ببێتە هۆکاری چەند گرفتێکی دەروونی، یەکێک لەوانە فشاری پاش زەبری دەروونییەکەیە، بەردەوام ڕووداوەکە دێتەوە خەیاڵیان و وەک ڤیدیۆیەک دێتە پێش چاویان، یاخود بێتاقەتیەکی بەردەوامیان دەبێت، گەورەترین کاریگەری بریتییە لەوەی هەمیشە لە ترسی ئەوەدا دەبن ڕووداوەکە دووبارە ببێتەوە، ئەم کاریگەرییە زیاتر لەسەر ئەو کەسانەیە کە شایەتحاڵی ڕووداوەکەن.

 

جگە لەمەش ئەو ڕووداوانە کاریگەری دەخەنە سەر ئەو کەسانەی لە دوورەوە تەماشای ڕووداوەکان دەکەن و ئاگادارن لێوەی، لەم حاڵەتەدا دڵەڕاوکێیان بۆ دروست دەبێت، ئەویش بیرکردنەوەیە لە خراپترین ئەگەر، بەردەوام ئەو بیریان لای ئەوەیە ئەگەر ڕووداوەکە لە ناوچەکەی ئەوان ڕووبدات و کەسانی ئازیزیان لەدەست بدەن، لە هەندێکیاندا دەبێتە فۆبیا، خەمۆکی و گرفتە دەروونییەکانی دیکە.

 

"لە ڕووداوی زەبر ئامێزەوە تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی دروست دەبێت"

فرمێسک جاف، ڕوونیکردەوە کاریگەرترین شت کە کەسێک لە ڕووداوێکی زەبر ئامێز وەریدەگرێت تەنگەژەی پاش زەبرەکەیە "لە ناو خەڵکیدا بە شۆک و سەدمە" ناسراوە، وتی "یەکێکی تر لە کاریگەرییەکان بەهۆی لەدەستانی کەسی ئازیزەوە دروست دەبێت بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو، کاتێک لە ڕووداوێکی وەک بومەلەرزە بەشێکی هاوڵاتیان کەسە نزیکەکانیان لەدەستاوە بێگومان چوونەتە دۆخی هەستیار و تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، چوونکە هەموو شتێکیان تەواو بووە و چاوەڕێی ڕووداوێکی لەو شێوەیەیان نەکردووە".

 

ئەو کەسانە ڕووبەڕووی خەمۆکی دەبنەوە چوونکە ڕووبەڕووی چەند ڕووداوێک بوونەتەوە لە هەمان کاتدا کە چاوەڕوان نەکراو بووە، دەربارەی مانەوەی کاریگەرییەکان فرمێسک جاف ڕوونیکردەوە، مانەوەیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت، وتی"زۆر کەس ڕووداوی زەبر ئامێزی بەسەر هاتووە بەڵام نەبووەتە تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، چونکە ئامادەیی بایۆلۆجی هەبووە، بەڵام ئەو کەسانەی ئامادەییان هەیە ئەوەندە کاریگەر نەبن".

 

"کارەساتە سروشتییەکان چەندین گرفتی دەروونی دروست دەکەن"

هەموو کارەساتە سروشتییەکان پێیان دەوترێت ڕووداوی زەبر ئامێز، مەرج نییە ئەم ڕووداوانە هەمیشە ببنە هۆی دروستبوونی فشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، بەڵام مەرجە هەموو فشار و تەنگەژەکی پاش زەبری دەروونی، ڕووداوێکی زەبر ئامێزی لە پشتەوەیە، دەڵێت "لە دیاریکردنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا لە ئێستادا سەرەتای هەموو لێکۆڵینەوەکان دەچنەوە سەر ئەوەی تا چەندێک ڕووداوی زەبر ئامێز لە ژیانیدا ڕوویداوە".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین کاریگەر بۆ ئەو کەسانەی شایەتحاڵی ڕووداوەکە نین و تەنها لە دوورەوە ئاگادارن لێوەی بریتیە لە دڵەڕاوکێی زۆر، ترس و غەمباری، بەڵام ئەوکەسانەی لە ڕاستیدا خۆیان نەخۆشی دڵەڕاوکێیان هەیە بەردەوام بیری لێدەکەنەوە، لە ئەگەری ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا چی بکەن هەروەها کەسانێک کە خەمۆکیان هەیە لە ڕێی میدیاکانەوە هەواڵەکان دەبینن خەمۆکییەکەیان زیاد دەکات، ئەمەش بەو مانایە نایەت تەماشای ڕووداوەکان نەکەین بە پێچەوانەوە دەبێت تەماشایان بکەین و خۆمانی لێ هۆشیار بکەینەوە بەڵام نەبێتە هۆکار بۆ تێکچوونی باری دەروونیمان.

 

 

"بەهۆی کارەساتێکی سروشتی وەک بومەلەرزە، تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ ژیان دەگۆڕێت"

بەهۆی ئەوەی ئەو بومەلەرزەیەی ڕوویدا کارەساتێکی مرۆڤایەتییە فرمێسک جاف ڕوونیکردەوە، ناتوانرێت بوترێت ڕاگەیاندنەکان با باسی نەکەن و چیرۆکەکان بشاردرێنەوە چوونکە هەر یەک لەو ڕووداوانە کاریگەری لەسەر تێڕوانین و دنیا بینینی ژیان دادەنێت وتی "زۆر کەس لەو ڕووداوەوە تێڕوانینی بۆ ژیان گۆڕاوە کە دەکرێت لە یەک چرکەدا ژیان نەمێنێت".

 

بە پێویستی زانی بۆ ئەو کەسانەی لە شوێنی ڕووداوەکەدان، چۆن خزمەتگووزاری سەرەتایی هەیە بەو شێوەیەش خزمەتگووزاری سەرەتایی دەروون دروستیش هەیە، بۆیە دەبێت دەرووناس و کۆمەڵناسەکان سەردانیان بکەن و دۆخی دەروونیان ئاسایی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاساییان و تا ڕادەیەک ڕووداوەکان ئاسایی بکەنەوە لەلایان، هەروەها داوا لەو کەسانە دەکات کە کێشەی دەروونیان هەیە زۆر تەماشای ڕووداوەکان نەکەن چونکە دۆخی تەندروستییان تێکدەدات، گرنگە تەماشای بکەن بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئیرادەیان بەڵام تا ئاستێک.

 

" خزمەتگووزاری سەرەتایی دەروون دروستی بۆ شایەتحاڵانی ڕووداوەکە پێویستە"

دەربارەی تەماشاکردنی منداڵان بۆ ڕووداوەکان، ئەو دەرووناسە دەڵێت"گرنگە هەستی هاوسۆزی بۆ منداڵان دروست بکرێت بەڵام بە جۆرێک نا کاریگەری لەسەر دەروونیان دروست بکات"، چونکە منداڵان تێگەیشتنیان بۆ ژیان جیاوازە و بە ئاسانی لە ڕووداوەکان بەتایبەت کارەساتە سروشتییەکان تێناگەن.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد ئەو کەسانەی کارەساتێکیان بەسەردا دێت لە دەسڵاتی خۆیاندا نییە کاتێک توشی گرفتێکی دەروونی دەبن ناتوانن خۆیان زاڵبن بەسەر دۆخی تەندروستیاندا، بەتایبەت ڕووداوێکی وەک بومەلەرزە کە ئەو کارەساتە گەورەیەی بە دوای خۆیدا هێنا، وتی "کەسانی شایەتحاڵی ڕووداوەکا ئەستەمە بتوانن هاوکاری خۆیان بکەن تەنها لە ڕێی فریاگوزارییە دەروونییەکانەوە دەتوانن هاوکاری بکرێن و دۆخی تەندروستیان باش بکەنەوە، بەتایبەت لە دوای مانگێک لە ڕوودانی ڕووداوە گەورەکە".

 

ئەرکی سەرەکی میدیایە، ڕووداوەکان بە جۆرێک بڵاوبکەنەوە کە کاریگەری زۆر نەخەنە سەر دەروونی مرۆڤەکان، کار لەسەر هەست و سۆز نەکەن، چونکە لە ئێستادا میدیاکانن دەتوانن کاریگەری بخەنە سەر دەروونی مرۆڤەکان، پێویستە بە جۆرێک کاری لەسەر بکەن گرنگی بە هەست و سۆز بدات.