ڕاپۆرتێک، دەستێوەردانی حزبی لە کەرتی تەندروستیدا دەکرێت

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاران، حزب دەستێوەردان لە کەرتی تەندروستیدا دەکات و ڕێگە نادرێت کەسی بە ئەزموون شوێنی شیاویان پێبدرێت، هەروەها پشکنینی کۆرۆنا کراوە بە بازرگانی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کولتوری دیموکراسی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر دەستێوەردانی حزبی لە کەرتی تەندروستی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی نزیک لە حزب لە پشکنینی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان و ئاماری بڵاوکردەوە.

 

پارێزەری ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەکەدا ڕاپۆرتەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ٦ مانگی ڕابردووە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەولێر بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە و ٣٩٩ کەس بەشدارییان کردووە، بەشداربووان کە خۆیان لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن ئاماژەیان بەوەداوە ڕێگا نادرێت کەسانی بە ئەزموون و شارەزا لە شوێنی شیاودا دابنرێن، بەڵکوو پێگەکان بۆ کەسانی حزبییە و ئەوانەیە کە حزبیان لە پشتە.

 

 

دەربارەی پشکنینی کۆرۆنا باس لەوەدەکات کە لە خاڵە سنورییەکان و فرۆکەخانەدا پشکنینێکی دروست و زانستی ناکرێت و ئەنجامی ڕاست وەناگیرێتەوە، جگە لەوەش لە هەر جێیەک نرخی پشکنینی کۆرۆنا جیاوازە و حکومەت نەیتوانیوە نرخێکی دیاریکراو دابنێت کە کاری پێبکرێت.

 

ت.پ