ژیلا حوسێنی، یەکەم ژنە هۆنەری کورد کە توانی هۆنراوەی نوێی کوردی بهۆنێتەوە

ژیلا حوسێنی، یەکەم ژنە هۆنەری کورد کە توانی هۆنراوەی نوێی کوردی بهۆنێتەوە، دوای دەستبەکاربوونی لە بەشی کوردیی ڕادیۆی سنە لە بەرنامەی "ئێمە و گوێگران"، پەرەی بە کوردییەکەی داو دەستی بە نووسینی بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ژیلا حوسێنی، لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە شاری سەقز لەدایکبووە، یەکێک بوو لەو هۆنەرانەی کە هەستیارترین پرسەکانی کۆمەڵگەی دەوروژاند، هۆنراوەکانی بۆ نیشاندانی چەوساندنەوەی ژنان و مافی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا تەرخان کردبوو.

 

یەکەم ئاواز و نووسینەکانی ژیلا بە زمانی فارسی بوون، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی لە بەشی کوردیی ڕادیۆی سنە لە بەرنامەی "ئێمە و گوێگران"، پەرەی بە کوردییەکەی داو دەستی بە نووسینی بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی کرد.

 

هۆنراوەکانی ڕەنگدانەوە پرسی مافی ژنان، وێژەی کوردی نوێ و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بوو، بۆ نیشتمان دەینووسی و ئازار و پرسە نەتەوەییەکان بەتایبەتی کیمیابارانی هەڵەبجەش هەوێنی بەشێک لە هۆنراوەکانی بوو، بەشێک لە دیوانە هۆنراوەییەکانی بریتی بوون لە: "گەشەی ئەوین، قەڵای نهێنییەکان، داوای لێبوردن و قەڵای ڕاز".

 

لە سەرەتاکانی پاییز، لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٦، لەگەڵ بنەماڵەکەی کە دەیانویست بۆ بینینی شێرکۆ بێکەس بچنە شاری تاران لە رێگادا ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێت و بە تەمەنێکی کەم و کارامەیی ٣٢ ساڵییەوە لەگەڵ کچە ١٠ مانگەکەی بەناوی "ژینا" گیانیان لەدەستدا.

 

دوای مەرگی ژیلا زۆرێک لە هۆنەران و نووسەرانی وەک شێرکۆ بێکەس، مارف ئاغایی، نەجیبە ئەحمەد، مەهاباد قەرەداغی...هتد، خەم و پەژارەی خۆیان بۆ ئەم کارەساتە بە نووسین دەربڕی.

 

تەرمی ژیلا و منداڵەکەی، لە گۆڕستانی دۆزەغەرە لە ڕۆژھەڵاتی شاری سەقز بە خاک سپێردرا.