ژیاننامەی ئەمڕۆ: ژنە هۆنەری خەونە ئەستەمەکان

کەژاڵ ئیبراهیم وەک یەکەم ژنە شاعیری کورد دەبێتە خاوەنی ٢٨ بەرهەمی تایبەتی خۆی و هۆنراوەکانی بۆ زمانەکانی "عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، لاتینی، ئەمازیخی، رووسی و ئیسپانی" وەرگێڕدراون.

کەژاڵ ئیبراهیم وەک یەکەم ژنە شاعیری کورد دەبێتە خاوەنی ٢٨ بەرهەمی تایبەتی خۆی و هۆنراوەکانی بۆ زمانەکانی "عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، لاتینی، ئەمازیخی، رووسی و ئیسپانی" وەرگێڕدراون.

ناوەندی هەواڵ

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر سەرەتای نووسینەکانی بە چیرۆک و هۆنراوەی منداڵان دەست پێکردووە، بەهۆی جوان نووسی و داهێنانی نوێ لە شیعرەکانیدا خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ خەڵات و خەڵاتی شەشەمی لە میهرەجانی میسر بەدەست هێناوە. تا ئێستا ١٣٥ توێژینەوەی جیاواز بەزمانی عەرەبی لە سەر شیعرەکانی ئەنجام دراوە.

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر ساڵی ١٩٦٨ لە قەلادزێ لە دایكبووە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواوکردووە. لەساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ نووسەر "ڕێبوار محمد یوسف" ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت و دەبنە خاوەنی سێ منداڵ. کەژاڵ ئەندامی دەستەی نووسەرانی کوردستان بووە.

 

سەرەتای نووسینەکانی  ساڵی ١٩٨٧ بووە کە بە شیعر و چیرۆکی منداڵان دەستی بە نووسین کردووە. ساڵی ١٩٩٨ دەستدەکات بە نووسینی شیعری سۆزداری و بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو دەبێتەوە.

 

کەژاڵ ئیبراهیم وەک یەکەم ژنە شاعیری کورد دەبێتە خاوەنی ٢٨ بەرهەمی تایبەتی خۆی و هۆنراوەکانی بۆ زمانەکانی "عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، لاتینی، ئەمازیخی، رووسی و ئیسپانی" وەرگێڕدراون

.

لە وڵاتانی عەرەب  دەبێتە خاوەن قەڵەمێکی ناسراوی ژنانی کورد، تا ئێستا ١٣٥ توێژینەوەی جیاواز بە زمانی عەرەبی لە سەر شیعرەکانی ئەنجام دراوە. بەهۆی جوان نووسی و داهێنانی نوێ لە شیعرەکانیدا دەبێتە خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ خەڵات و خەڵاتی شەشەمی لە میهرەجانی میسر بەدەستهێناوە ئەمە جگە لەو خەڵات و ڕێزلینانانەی لە ناوخۆی وڵاتدا وەری گرتووە.

 

زیاتر لە ١٥ جار بووەتە خاوەن خەڵاتی یەکەم لە وڵاتانی عەرەبی و زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەو وڵاتانە شیعرەکانیان بڵاو کردووەتەوە. کەژاڵ چەندین نازناوی پێ بەخشراوە لەوانە "شاعیری خەونە مەحاڵەکان، بەستە هۆنەری فریشتە، ئەو شاعیرەی لە کەسی ترناچێت"، ئێستاش هەندێک بەرهەمی بڵاونەکراوەی کەژاڵ ئیبراهیم هەن کە کچەکەی کاری بڵاوکردنەوەی لە ئەوستۆ گرتووە.

کەژاڵ شەوی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

 

دوایین پۆستی کەژاڵ ئیبراهیم لە پەیجی تایبەتی خۆیدا هۆنراوەیەکە بڵاویکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت:

ھێندە چاوەڕوانم کردی
خورپەی دڵم بوو بە ڕەنگی پرسیار
بەلام وەختێ گەڵای ڕۆحت گەیشت
بووم بە وەڵامێکی ڕووت و
پڕت کردم لە گۆرانی و ئاوازی شار.