ژیاننامەی ئەمڕۆ: ژنە بوێرەکەی باکووری کوردستان

ئاردل چەشمە ئەندامی پاژکە و یەکێکە لەو ١٥ زیندانییەی دۆسیەی پەکەکە و پاژک کە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیان بە ڕۆژووی تا مردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچەی "لیجە"ی ئامەد سەرباری ئەوەى هەموو کات بووەتە ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گوشارەکان لەو ناوچەیەدا لە ئاستێکی باڵادایە، یەکێکە لەو ناوچانەی زۆر قارەمان و شۆڕشگێڕی لە باوەشی خۆیدا پەروەردە کردووە کە دواتر "ئاردل چەشمە" ش بووە یەکێک لەو قارەمانانە، ئاردل لە ١ی ئازاری ٢٠١٩ بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی قورسی سەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" دەستی بە مانگرتنی بێسنوور کرد، دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩  بەدواوە، چالاکییەکەی بۆ ڕۆژووی  تا مردن گۆڕی.

ئاردل چەشمە، لە ساڵی ١٩٧٣ لە ناوچەی لیجەی ئامەد چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، خانەوادەکەی خاوەنی هەشت منداڵ بوون چەشمە منداڵی شەشەمی خانەوادەکەی بووە، ساڵی ١٩٧٥ بومەلەرزەیەک لە لیجەدا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی کاولبوونی ناوچەکە، بۆیە خێزانی چەشمە ناچاردەبن شوێنی نیشتەجێبوونیان گواستەوە بۆ ناوەندی ئامەد، ئاردل چەشمە ساڵی ١٩٨٠ دەست بە خوێندن دەکات و خوێندنی لە ئامەد تەواو کردووە، هەمیشە بە کەسێکى ڕووخۆش لەناو دەوروربەرەکەیدا ناسراوە، هێشتا منداڵ بوو کە لە بارەی هاوڕێیەتییەوە بابەتى دەنووسی.

لە بواری ژناندا خەباتی دەکرد

چەشمە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٩٠ لە لقی" گەنجانی هادیپ" دەستی بەکار کردووە، لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا  بەشدارێکی چالاک بووە، هەروەها لە هەمان ساڵدا لە دروستکردنی کۆمەڵەی ژنانی وڵاتپارێزدا (YKD) دەستی بە کار کرد و لەوێش بۆ ماوەیەک خەباتی ژنانی بەڕێوەبردووە. بەردەوام بووە لە خەبات کردن و لە ساڵی ١٩٩٣ لە بواری کاری مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ئامەد بەشدار بووە، لە بواری ژنانی تورکیا و کوردستاندا کاری کردووە، دواتر بەشداری ناو ڕیزەکانی پەکەکە بوو و لەناو تێکۆشاندا چالاکانە ڕۆڵی دەگێڕا.

قۆناغی زیندانی بە دوورخستنەوە لەنێوان زیندانەکاندا تێدەپەڕنێت

چەشمە لە ساڵی ١٩٩٤ و لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بوو کاتێک لە ناوەندی ئامەد لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەستگیرکران، دواتر بە پێی بڕیاری دادگا زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، سەرەتا دوورخرایەوە بۆ زیندانی چەولیک، مووش و زۆرێک لە زیندانەکان، دواتر دوورخرایەوە بۆ گرتووخانەی جۆری  (M)ی گەبزە.

هەمیشە بوەتە پارچەیەک لە تێکۆشان

لە ١٢ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢ دا، ٦٨٠ كەس لە گیراوانی دۆزی پەكەكە لە ناو زیندانەكانی توركیادا مانگرتنی گشتیان ڕاگەیاند، داواكاری مانگرتووان "باشتركردنی بارودۆخی ئۆجالان" بوو، چەشمە یەکێک بوو لەو ٦٨٠ کەسە بۆ لابردنی گۆشەگیریی قورس لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، ٦٨ ڕۆژ مانیگرت.

ساڵی ٢٠١٢ مانگرتنی لێ دەکەنە بیانوو و دووری دەخەنەوە بۆ گرتووخانەی جۆری (M)ی گەبزە، دوای ٦ ساڵ و لە ٢٠١٨دا دا جارێکی دیکە بۆ هەمان ئامانج و مەبەست لە ١ی ئاداردا بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی لەیلا گیوڤەن و زیندانییەکان بەشداریی لە مانگرتندا کرد، و بڕیاری چالاکى مانگرتن تا مردن دەدات، لە چاوپێکەوتنی پارێزەران لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلاندا هەموو زیندانیان مانگرتن دەشکێنن.

 چەشمە هەمیشە بەشێک بووە لە بەرخۆدان و لە پێناو دۆزی کورد و مافەکانی ژناندا تێکۆشاوە و لە بەرخۆدانیدا بووە، و ماوەی ٢٧ ساڵیشە لە زینداندایە.

 

ت.پ