ژیاننامەی ئەمڕۆ: یەکەمین ژنە ئاوازدانەری سینەمای عەرەبی

بەهیجە حافز ئەکتەرو دەرهێنەرو یەکەمین ژنە ئاوازدانەری سینەمای میسریە، لە خێزانێکی مۆسیقی هاتووەتە دونیاوە، یەکەمین سەندیکای ئاوازدانەرانی لە ساڵی ١٩٣٧ دروست کردووە، دەر‌هێنانی بۆ فلیمی'' ليلى بنت الصحراء'' کردووە کەبە رووداوێکی مێژووی سینەمای و نوێگەری ئەو کاتە دادەنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهیجە حافز، لە ٤ ئابی ١٩٠٨ لە حەی مەحرەم بەگی شاری ئەسکەندەریە لەدایکبووە، ئەکتەر و دەرهێنەر و نووسەرێکی میسڕیە، یەکەمین ژنە ئاوازی بۆ فلیمەکانی سینەمای میسڕی داناوە، لە سەرەتاکانی دروستبوونی سینەمادا جێ پەنجەی خۆی داناوە، زۆرێک گەواهی دەری ئاستی بەرزی ڕۆشنبیریەکەین.

 

لە خوێندگای فرەنسیسکان خوێندنی تەواو کردووە، پاشان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا سەفەری کردووە بۆ فەڕەنسا و بڕوانامەی لە زانکۆی کۆنسرفتوار لەبواری مۆسیقادا لە ساڵی ١٩٣٠ بەدەست هێناوە، بەهیجە لە خێزانێکی مۆسیقی گەورە بووە، ئیسماعیل حافز باشای باوکی ئاوازدانەر بووە، دایکیشی ژەنیاری ئامێری کەمانچەبووە خوشک و براکانیشی ئامێری جیاوازی مۆسیقایان ژەنیوە و بەهیجەش ژەنیاری ئامێری پیانۆ بووە.

 

سەرەڕایی شەیدابوونی بە مۆسیقا، بەهیجە هاوسەرگیری لەگەل پیاوێکدا کردووە ئارەزووی مۆسیقای نەبووە، کە ڕەنگە ئەوە هۆکارێک بووبێت بۆ جیابوونەوەیان، دواتر شاری ئەسکەندەرییەی جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە قاهیرە و لەوێ جێگیر بووە، پەرەیەکی نوێی لە ژیانی تایبەتی و هونەری دەست پێکردووە.

 

بڵاوبونەوەی وێنەکەی لەسەر بەرگی گۆڤاری "المستقبل" کە لە ژێریدا نوسرابوو ''یەکەمین ژنە ئاوازدانەری میسری'' ڕۆڵێکی گەورەی لە بەناوبانگ بوونیدا هەبووە و هەڵبژێردراوە بۆ پاڵەوانی فلیمی "زينب" لە ساڵی ١٩٣٠ کە خستیە سەر ڕێگای نواندن.

بەهیجە حافز تەنها بە نواندنەوە نەوەستا بەڵکو ئاوازی بۆ فلیمەکانیش دادەنا لە ١٢ پارچە پێک دێت، دواتریش کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی سینەمای دروستکرد کۆمەڵێک فلیمی دەرهێنا.

 

لە ساڵی ١٩٣٧ یەکەمین سەندیکای ئاوازدانەرانی دروستکرد، سەندیکاکە تا ساڵی ١٩٥٤ بەردەوام بوو، هەروەها هۆڵێکی ڕۆشنبیری لە ساڵی ١٩٥٩ لەناو کۆشکەکەیدا لە شارح قەسر نیل دروست کرد، چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری دیاری هەبووە.

 

بە دەرهێنانی فلیمی ليلى بنت الصحراء نوێگەریی لە سینەمادا کردووە

دەرهێنانی فلیمی «ليلى بنت الصحراء» بە ڕوداوێکی مێژووی سینەمایی ئەو کاتە دادەنرێت، بە دیکۆراتە بەهێز و جلوبەرگەکەی بینەری ڕاکێشاوە بەتایبەت جلوبەرگی پاڵەوانەکە، جگە لەوەی بابەتی فلیمەکە نوێ بووە بۆ سینەمای میسڕی، یەکەمین فلیمی میسڕی بووە زمانی عەرەبی ڕەوان و ئاسانی تێدا بەکارهاتووە.

 

ئەم فلیمەی بەهیجە هەڵبژێردرا بۆ نمایشکردن لە ڤیستیڤاڵی بوندوقیە لە ساڵی ١٩٣٨، بەڵام لە کۆتا چرکەکاندا لە ناوخۆ و دەرەوەدا قەدەغە کرا، دوای ئەوەی لەلایەن حوکمەتی ئێرانیەوە سکاڵای لێکرا، بەوەی لەناو فلیمەکەدا بێ ڕێزی بە پاشای فارس کەسری ئەنەوشیروان دەکات.

 

لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بەهیجە ساڵانێکی زۆر لەسەر جێگابووە کەس لە دەرگای نەداوە هەندێک لە ناسیاوەکانی نەبێت، لە ١٣ ئەیلولی ١٩٨٣ کۆچی دوایی کردوو دوایی دوو ڕۆژ لە مردنی لەلایەن دراوسێکانیەوە پێیزانراوە، سەرەڕای ساڵانێکی درێژ لە خزمەت لەکاتی بەخاک سپاردنیدا هیچ هونەرمەندێک ئامادەنەبووە.

 

ت.پ