ژیاننامەی ئەمڕۆ: یەکەمین نوسەری جەزائیری ڕۆمانەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە

ئەحلام موستەغانمی هۆنەر و نوسەرێکی جەزائیریە، کتێب و ڕۆمانەکانی لەهەرە کتێبە سەرکەوتووەکانە لەناو عەرەبدا، یەکەمین جەزائیریە ڕۆمانەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ڕۆمانە هەیە بەناوبانگترینیان '' ذاكرة الجسد، فوضى الحواس، الأسود يليق بك''.

ئەحلام موستەغانمی هۆنەر و نوسەرێکی جەزائیریە، کتێب و ڕۆمانەکانی لەهەرە کتێبە سەرکەوتووەکانە لەناو عەرەبدا، یەکەمین جەزائیریە ڕۆمانەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ڕۆمانە هەیە بەناوبانگترینیان '' ذاكرة الجسد، فوضى الحواس، الأسود يليق بك''.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەحلام موستەغانمی لە ١٣ی نیسانی ١٩٥٣ لە شاری تونسی پایتەختی وڵاتی تونس لەدایکبووە، بەهۆی بەشداری کردنی محەمەد شەریفی باوکی لە جەنگی ئازادی جەزائیر لەلایەن فەرەنساوە بەدوایەوە بوون، بەو هۆیەوە خێزانەکەی هەڵهاتوون و لە تونس ژیاون و دوای ئازادی جەزائیر گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئەحلام لەیەکەمین خوێندنگای عەرەبی لە جەزائیر خوێندنی بەزمانی عەرەبی تەواوکردووە.

 

ساڵی ١٩٧٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی جەزائیر بەدەستهێناوە، یەکەمین کۆمەڵەی هۆنەریی خۆی بەناوی "على مرفأ الأيام" بڵاوکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ژن بووە و بە زمانی عەرەبی نووسینەکانی بڵاوکردووەتەوە، بە راست و دروستی دواوە و باسی ئازادی ژنانی کردووە، ڕێگەی پێنەدراوە ماستەر بخوێنێت و لەلایەن یەکێتی نووسەرانی جەزائیریشەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام باوکی پشگیری کردووە و دەربارەی یەکەمین نووسینی هۆنەری وتویەتی: "ئەوە کچی منە، چی بوێت ئەوە دەونوسێت، ئازادە".

 

ساڵی ١٩٧٦ ئەحلام چووە پاریس و دوومین کۆمەڵە هۆنەری بەناونیشانی " كتابة في لحظة عري'' بڵاوکردەوە، لەو ماوەیەی لەوێ بوو دوبارە گەڕایەوە بۆ نووسین و لە گۆڤارەکانی "الحوار"، "التضامن'' بەشداری کرد کە لە پاریس دەردەکرا، لە ساڵی ١٩٨٢ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس بەدەستهێناوە، لە تەمەنی لاویدا لە ڕادیۆ کاری کردووە.

 

ساڵی ١٩٩٧ ڕۆمانی  "فوضى الحواس"ی بڵاوکردەوە کە تەواوکەری ڕۆمانی "ذاكرة الجسد" ە، دوایی ساڵێک خەڵاتی نەجیب مەحفوزی لە ئەدەبی عەرەبیدا بەدەستهێنا، ساڵی ٢٠٠٣ ئەحلام ڕۆمانی "عابر سرير"ی بڵاوکردەوە و زیاتر لە بیست جار چاپ کراوەتەوە.

 

ئەحلام چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە لە بەیروت و لوبنان

ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن حاکمی بەیروتەوە بە ئامادەبوونی نزیکەی ١٥٠٠ نووسەر خەڵاتی قەڵغانی بەیروتی پێبەخشرا، لە کۆتای هەمان ساڵدا کتێبی "نسيانكم"، بڵاوکردەوە، ساڵی ٢٠١٢ زیاتر لە هەزار کۆپی لە پێنجەمین ڕۆمانی "الأسود يليق بك'' فرۆشرا بە باشترین و بەناوبانگترین ڕۆمانی موستەغانمی دادەنرێت.

 

ئەحلام موستەغانمی خاوەندی چەندین ڕێزلێنان و خەڵاتە ساڵی ١٩٩٨ خەڵاتی نەجیب مەحفوز بۆ ئەدەب لە ڕۆمانی یەکەمی "ذاكرة جسد" بەدەستهێناوە، مەدالیای ڕابەرانی لوبنانی بۆسەرجەم کارەکانی بەدەستهێناوە، ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن سەرۆکی جەزائیر بوتەفلیقە مەدالیای شکۆی پێبەخشرا، هەر هەمان ساڵ نوسینگەی لێکۆڵینەوەی ژنانی عەرەب لە پاریس و دوبەی نازناوی جیاوازترین ژنی عەرەبی پێبەخشراوە، ڕۆمان و نوسینەکانی وەرگێڕاوە بۆ چەندین زمان، هەروەها چووەتە پرۆگرامی خوێندنی خوێندنگا و زانکۆکان لە جیهاندا.

 

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەو هۆکارەی لە نووسینی هۆنەرەوە گۆڕا بۆ نووسەری ڕۆمان ئەحلام دەڵێت: "مرۆڤ کاتێک خۆشەویستەکەی لەدەستدەدات هۆنەر دەنووسێت، بەڵام کاتێک نیشتیمان لەدەستدەدات ڕۆمان دەنووسێت''.

 

ت.پ