ژیاننامەی ئەمڕۆ: سەرکردە و تیکۆشەری ڕۆژئاوای کوردستان هەڤرین

ژنێکی تێکۆشەری رۆژئاوای کوردستان و ئاشتیخواز و سیاسەتمەداری کورد، هەڤرین وەک برینە ساڕێژنەکراوەکەی کوردانی ڕۆژئاوا دێتە باسکردن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڤرین جەڵەف خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤، کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی تەواو کردووە لەزانکۆی حەلەب و یەکەمین دەرکەوتنی وەک چالاکوانی مەدەنی بوو لەدواتردا بەشداربووە لە دامەزراندنی دەزگای زانست و بیرکردنەوەی ئازاد. بەهۆی زیرەکی، لێهاتووی و دیبلۆماسییەوە بەشداری دانیشتنەکانی کورد بوو لە گەڵ ئەمەریکا، فەرەنسا و چاندان وڵاتی تریش.

هەڤرین خەڵەف ئامانجی پێکەوەژیان و ئاشتەوای بوو لە نێوان کریستیان، کورد و عەرەبدا. هەڤرین لە ١٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن میلیشیاکانی تورکیا لە بۆسەیەکدا شەهید کرا.

 

هەڤرین خەڵەف ژنە کوردێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لەدایکبووی ١٥ی تشرینی ساڵی ١٩٨٤، لە ناوچەی دێرکی سەر بە پارێزگای حەسەکە لەدایک بووە، ساڵی ٢٠٠٩ کۆلێژى ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی حەلەب تەواوکردووە، لە ساڵی ٢٠١١ دا وەک چالاکوانی مەدەنی دەرکەوت، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ دا لەگەڵ چەند کەسێکی تردا دەزگای زانست و بیرکردنەوەی ئازادیان دامەزراند. ساڵی ٢٠١٥ بوو بەجێگری دەستەی وزە لە هەرێمی جزیرە و چەندین پۆستی پێدرا، لە ساڵی ٢٠١٦دا بووەتە سەرۆکی هەمان دەستە، لەساڵی ٢٠١٧ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەققە لەدەستی تیرۆرستانی داعش بە هاوکاری هەسەدە پارتێکی سیاسی دامەزراند کە ئەویش پارتی ئایندەی سوریا بوو.

بەشدار بوو لە بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ڕۆژئاوا، بەهۆی دیبلۆماسییەت و بەتوانایی بەشداری گفتوگۆکانی کورد بوو لەگەڵ ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەش. هەڤرین بە بەردەوامی کاری بۆ پێکەوەژیانی کرستیان، کورد وعەرەب دەکرد، پشتیوانێکی ئێجگار گەورە و کاریگەری مافی ژنان بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان لەیەکێک لە وتە دیار و بەرچاوەکانی هەڤرین بریتی بوو لە "ڕۆڵی ژنان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریادا گەورەیە، ژن تەنیا نیوەی کۆمەڵگە نییە بەڵکو دروستکەری هەموو کۆمەڵگەیە".

هەڤرین خەلەفی  تەمەن ٣٤ ساڵ بە دروستکەری ئاشتی لە سوریا وەسف دەکرێت، هەڤرین ئامانجی یەکسانییە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بەبێ جیاوازی و لە هەوڵی بەدەستهێنانی یەک هەڵوێستی ئەوان بووە بۆ ڕاگرتنی داگیرکارییە سەربازیەکەی دەوڵەتی  تورک  لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ڕۆژی ١٢ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ هەسەدە تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەفی ڕاگەیاند لەسەرەتادا وابڵاوبووەوە بەهۆی تەقینەوەی بۆمب بووە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین دا، بەڵام لەدواتردا بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک تەواوی هەواڵەکەی پێچەوانە کردەوە کە لە گرتەڤیدیۆیەکەدا هەڤرین لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیا گولەباران دەکرێت بەپێی سەرچاوەکانی پارتی سوریای ئایندە، هەڤرین خەڵەف لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا کردووە لەشاری حەسەکە لەدوای تەواو بوونی کۆبونەوەکە و کاتی گەڕانەوەیدا کەوتووەتە ناو بۆسەیەکی میلشیاکانی تورکیا و گولەباران کراون لەگەڵ شۆفێرە تایبەتەکەیدا تیرۆرکرا.

 

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردەوە کە گومانەکان بۆسەر میلیشیاکانی تورکیا ڕاستن و ئەوان ئەمینداری گشتی پارتی سوریای ئایندەیان کوشتووە، هەر لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە کە ئەوان سەرکەوتووبوون لە پڕۆسەی کوشتنی هەڤریندا هەر لەوباریەوە، ڕوانگەی سورى بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی ئاشکرا کردووە، هەڤرین تەنها کەس نەبووە لەو پڕۆسەیەدا شەهید بووە، بەڵکو لەگەڵ ئەودا نۆ هاوڵاتی دیکەی سیڤیل لەلایەن ئەو چەکدارانەوە لە هەمان کات و ساتدا گولەباران کراون.

 

لەڕاپۆرتێکدا کەناڵی بی بی سی باس لەوە دەکات، کە هەڤرین خەلەف تەنها پارێزگاری  لە مافەکانی کورد نەکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی دامەزرێنەری پارتێکی کوردی بووە لە ناوچەکە، نەوبەهار مستەفا هاوڕێی هەڤرین بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، کۆچی دوای هەڤرین برینێکی ساڕێژ نەبووە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەڤرین لە ماوەی پێشووشدا جێگەدەستی دیار بووە لە نوێنەرایەتی کردنی ژنانی ڕۆژئاوا و کارکردن لە پێناو ئاشتەوایدا.

 

هەریەک لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ تیرۆر کردنی هەڤرین خەلەفیان بە تاوانی جەنگ وەسفکرد و داوایانکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات.

 

سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی بی بی سی بڵاوی کردووەتەوە یەکەمین جارە میدیایەکی جیهانی بەیاسای و ئاشکرا بکەری ڕووداوی تیرۆرکردنی هەڤرین بداتە پاڵ میلیشیاکانی  تورک و تۆمەتباریان بکات و بە بکەری کارەکە لەقەڵەمیان دەدات.