ژیاننامەی ئەمڕۆ: نەجات سەغیرە (بچکۆلە)

نەجات سەغیرە بچۆلەکەی هونەری عەرەبی و خاوەن دەنگێکی زوڵاڵ

ناوەندی هەواڵ

 

هونەرمەندی گەورەی عەرەب نەجات سەغیرە نازناوی ''بچکۆلەی'' لێنراوە هەندێک دەڵێن بەهۆی کورتی بەژن و باڵای بووە، بەڵام هەندێکی تر دەڵێن لەوکاتەدا هونەرمەندێک هەبووە بە ناوی ''نەجات'' لە هەمان کاتی ''نەجات سەغیرە'' دەستی بە کاری هونەری کردووە، بۆ ئەوەی لەو جیابکرێتەوە نازناوی بچکۆلەی لێنراوە و لەوکاتەوە تا ئێستا ''نەجات بچکۆلەیە''، هەروەها نازناوی ''گیتاری هونەریشی'' لێنراوە.

 

نەجات محەمەد حوسنی پاپا، لە باوکێکی کوردی شاری حەماتی سوریا و دایکێکی میسری لە ساڵی ١٩٣٨ لەدایکبووە، هەشت خوشک و بران، لە خانەوادەیەکی هونەریە و لە دیارترین ڕەمزی مۆسیقای عەرەبی ''سەردەمی زێڕین"ی پەنجا و شەستەکانە سەدەی بیستەمە.

 

نەجات عاشقی هونەر و گۆرانی بووە لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە دەستی بە وتنی گۆرانی وتن کردووە و لە تەمەنی هەشت ساڵەوە چووەتە ناو جیهانی هونەری و نواندنەوە، بۆ یەکەمین جار لە فلیمی ''هدية'' بەشداری کردووە، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی بچووک بوو بەڵام زیرەکی و جوانی ئەداکردنی وای کرد نووسەری گەورە ''فیکری ئەبازە'' وەسفی بەهرەکەی بکات و بە ''موعجیزە'' ناوی بەرێت.

 

ماڵی باوکی بە ''ماڵی هونەرمەندان'' ناسرابوو، عزەدین حوسنی برای ئاوازدانەر بووە و وانەی میوزیک و گۆرانی بە خوشکەکەی داوە، خوشکەکەشی هونەرمەندی بەناوبانگ سوعاد حوسنی بووە لە باوکەوە خوشکی بوون.

 

ڕۆژ بە ڕۆژ هەوادارانی ڕووی لە زیادبوون بوو

نەجات پێگەیەکی بەرزی لە جیهانی هونەر و گۆرانیدا هەبووە، هەوادارانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبوو، لە بواری سینەما و نواندندا خاوەنی ١٣ بەرهەمە لە بەناوبانگترین فلیمەکانی ((الشموع السوداء، ابنتي العزيزة، سبعة أيام في الجنة، شاطئ المرح، بنت البلد..)، هەروەها خاوەنی ٢٥٠ گۆرانیە، کۆمەڵێک گۆرانی نایابی پێشکەش کردووە بەناوبانگترینیان، «دوبنا يا حبايبنا»، «أيظن»، «شكل تانى»، «لا تكذبي» ،«ساكن قصادي» ،«كل شيء راح» ،«ماذا أقول» ،«أسألك الرحيل» ،«أنا بعشق البحر» ،«عيون القلب» «أما غريبة»..

 

نەجات دووجار هاوسەرگیری کردووە، یەکەمین هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێی براکەی کەمال منسی لە ساڵی  ١٩٥٥ لە تەمەنێکی منداڵیدا کە ١٦ یان ١٧ ساڵان بووە، تاکە کوڕەکەی بەناوی ''وەلیدی'' بووە و لە ساڵی ١٩٦٠ لێک جیابوونەتەوە، دوای حەوت ساڵ و بۆ کۆتاجار هاوسەرگیری لەگەڵ دەرهێنەر حوسامەدین موستەفا کردووە و دوای ماوەیەکی کورت لێی جیابۆتەوە.

 

ڕاستەخۆ دوایی مردنی سوعادی خوشکی کۆنسێرتی کرد

زۆرجار ڕاگەیاندەکان باسیان لەوە کردووە نێوانی نەجات و سوعاد باش نەبووە و ئیرەیی هونەری لە نێوانیاندا هەبووە، نەجات ٥ ساڵ لە سوعاد گەورەتر بووە و لەوە ترساوە ئەستێرە بوونی سوعاد و درەوشانەوەی ڕۆشناییە هونەریەکەی بشارێتەوە، هەرچەندە لە چاوپێکەوتنێکدا سوعاد جەختی لەوەکردەوە نێوانیان باشە و ئامادەکاری بۆ فلیمێک دەکەن، بەڵام فیکرەی فلیمەکە سەری نەگرت بۆ کۆتا داخرا، دوایی مردنی سوعاد حوسنی نەجات راستەخۆ کۆنسێرتێکی ئەنجامدا، ئەوەش ڕەخنەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام هەندێک باسیان لەوەکرد نەجات لە حاڵەتێکی کەئیبدا دەژی و هەست بە گوناە و پەشیمانی دەکات بەرامبەر خوشکەکەی.

 

خەڵات و ڕێزلێنانەکانی نەجات سەغیرە

نەجات ڕێزلێنانی زۆری لێنراوە و کۆمەڵێک خەڵاتی بەدەست هێناوە، لەوانە لە شەستەکاندا ڕێزلێنانی لەلایەن سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ جەمال عەبدول ناسڕەوە لێنراوە، خاوەن جەماوەرێکی فراوانە لە وڵاتی تونس دووجار مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایەن هەردوو سەرۆکی وڵاتی تونس حەبیب بورقیە، زەین عابدینەوە وەرگرتووە.

 

دوای چوار ساڵ وازهێنانی لە کاری هونەری لە ساڵی ٢٠٠٦دا خەڵاتی لەلایەن شاعیری ئیماڕاتی سوڵتان بن عەلی عوێس بە ناونیشانی'' ئەوانەی خەڵکیان دڵخۆشکرد'' خەڵاتی مەدالیای ئاڵتونی لە دوبەی وەرگرت کە بڕەکەی ١٠٠.٠٠٠ دۆلاربوو.

 

دوای وازهێنان لەکاری هونەری، ژیانی دوور لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بەسەر دەبات

لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە نەجات لەسەر تەلەفیزیۆن دەرنەکەوتووە و لە هیچ شوێنێکی گشتیش نابینرێت، ساڵی ٢٠١٠ پەیامنێرێک دڵنیای کردەوە هێشتا لە قاهیرە دەژی جارجار لە هاویناندا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەفەری لەندەن دەکات.

 

لەساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لە کەناڵی(سی بی سی) میسڕی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە دەرکەوت کەبۆ چارەسەری پزیشکی لەوێ بوو، لە ساڵی ٢٠١٥ پێشنیاری پارەی کەناڵەکانی تەلەفیزۆن ڕەت کردەوە کە داوای لێکرابوو بەشداری لە درامایەکی تەلەفزۆنیدا بکات لەسەر سوعادی حوسنی خوشکی، لەبەهاری هەمان ساڵدا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئاماژەیان بە ناجێگیری باری تەندروستی نەجات دابوو، ڕایانگەیاند چارەسەری سروشتی وەردەگرێت و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

 

ت.پ