ژیاننامەی ئەمڕۆ: هەڵۆی بەرزە فڕی زاگرۆس

قەدەم خێر کچی میر قەندی قەلاوەندی، سەرۆکی هۆزی قەلاوەندییە، ناوچەی دەسەڵاتیان دەڤەرەکانی باگریوە، گوندەكانی تاتواوە‌، خونیلە ‌و میرزیل بووە، جگە لە قەدەم خێر میر قەندی ٩ کوڕی دیکەی هەبووە کە هەموویان کەسانی ئازا و چاونەترس بوون.

قەدەم خێر کچی میر قەندی قەلاوەندی، سەرۆکی هۆزی قەلاوەندییە، ناوچەی دەسەڵاتیان دەڤەرەکانی باگریوە، گوندەكانی تاتواوە‌، خونیلە ‌و میرزیل بووە، جگە لە قەدەم خێر میر قەندی ٩ کوڕی دیکەی هەبووە کە هەموویان کەسانی ئازا و چاونەترس بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

قەدەم خێر لە ساڵی ١٨٨٩ لە باکوری ئەندیمەشک لەناو چیاکانی لوڕستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، خوشکی ٩ برا بووە و یەکێک بووە لەو ژنانەی کە لە ڕووبەڕوو بوونەوەدا نەتوانراوە بشکێندرێن، تا لە کۆتاییدا لە ڕێگەی پیلانگێڕانەوە دەستگیر دەکرێت.

 

لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەمدا رەزا شای پەهلەوی لە ژێر ناوی چاکسازیدا کەوتە لەناوبردنی دەسەڵاتی هۆزەکانی کوردستان و ئازەربایجان، ئەم چاکسازییەش هۆزی قەلاوەندی گرتەوە و بە هێزێکی تۆکمە و پڕ چەک هێرشیان کردە سەر ئەم هۆزە، لەم بەرەنگاربوونەوەدا دوو لە براکانی قەدەم خێر و هاوژینەکەی لە بەرزاییەکانی گاوازین کوژران.

 

لە دوای کوژرانی دوو براکەی و هاوژینەکەی، قەدەم خێر سەرکردایەتی هێزە چەکدارییەکانی هۆزەکەیان دەکات و ڕێکیان دەخاتەوە، قارەمانییەتییەکی بێوێنە دەنوێنێت کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەرامبەر هێزە زۆر و زەبەنەکەی ڕەزا شا شەڕ دەکات، لەم ماوەدا چەندین داستان تۆمار دەکات لە بەرگریکردن لە چیاکانی زاگرۆس و لوڕستان، ترسێکی زۆر دەخاتە دڵی دوژمنەکانی.

 

ئەو ژنە تێکۆشەرە نامە بۆ شێخ مەحمودی نەمر دەنێرێت کە هێزەکانیان یەکبخەن و بەیەکەوە دژی دوژمنان شەڕ بکەن چونکە دەزانێت هێز لە یەکگرتن دایە، بەڵام ئەم هەلەیان بۆ ناڕەخسێت، پاش پێنج ساڵ لە شەڕ کردن ڕەزا شا بۆی دەردەکەوێت کە ناتوانێت دژی قەدەم خێر لە جەنگدا سەرکەوتوو بێت، بۆیە دەستدەکات بە پیلانگێڕان و نانەوەی تەفرەقە و ئاژاوە لە نێوان فەرماندەی هێزەکەی قەدەم خێردا، ئەمەش جگە لەوەی چەندین فەرماندەی خیانەتیان لێکرد و پەیوەندیان بە دوژمنەوە کرد، لە کۆتاییدا ڕەزا شا نامەیەکی بۆ دەنێرێت کە خۆی بەدەستەوە بدات و لەگەڵ نامەکەشدا قورئانێک دەنێرێت وەک پێدانی دڵنیایی کە ژیانیان پارێزراوبێت.

 

قەدەم خێر کە دەزانێت فەرماندەکانی دڵسۆز نەماون و چەک و ئازوقەیان بەرەو تەواو بوون دەڕوات، هیچ چارەیەکی دیکەی نامێنێت جگە لە خۆبەدەستەوەدان، بۆیە لەگەڵ سەد سوار و فەرماندەکانی بەرەو پایتەخت بەڕێدەکەوێت، لە سەرەتادا پێشوازییەکی گەرمیان لێدەکرێت، بەڵام پاشان ڕەزا شا بەڵێنەکانی خۆی ناباتە سەر و ١٧ لە فەرماندەکانی دەکوژن و خۆشی دەخەنە زیندانەوە.

 

لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری ناو زیندانەکانی ڕەزا شادا دوای ماوەیەکی قەدەم خێر گیان لەدەستدەدات، تەرمەکەشی لە کەربەلا بە خاک دەسپێردرێت.

 

ت.پ