ژیاننامەی ئەمڕۆ: هونەرمەندی تێکۆشەر هۆزان مزگین

هۆزان مزگین بە هونەر و فیداکارییەکەی بۆ ژنان و گەنجان بووە نمونەی ئازایەتی و هێز و بوێری.

ناوەندی هەواڵ

 

غوربەت ئایدن، لەناو گەلی کورددا بە هۆزان مزگین دەناسرێت، لە ساڵی ١٩٦٢دا لە گوندی بیلەدەری ناوچەی ئیلح لەدایکبووە، ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ گروپێکی گەنجان لە شاری ئیلح بەشداری تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد دەبێت، ساڵی ١٩٨٣ بۆ فراوان کردنی خەباتی چاند و هونەری کوردی دەچێتە ئەوروپا، لەو ساڵانەدا بە گۆرانییەکانی تێکۆشان، ئێش و ئازار و ژیانی گەلی کورد دەهێنێتە زمان و دەنگی بە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە، هۆزان زیاتر بە هەردوو گۆرانی "چەمی هیزل" و "گوندینە هاوارە" بەناوبانگ دەبێت.

 

بە خەباتی چاند و هونەرەکەیەوە ناوەستێت، بەڵکوو بۆ ڕێکخستن کرد و کۆکردنەوەی ژنانی کوردی پەنابەر دەست بە هەوڵدان دەکات، لەگەڵ کۆمەڵێک کەس و گروپی دیکەدا لە ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ ئاواکردنی یەکێتی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان " YJWK"، دوای دامەزراندنی ئەو یەکێتییەش دەبێتە بەرپرسی کاری هونەری و ڕێکخستنیش، پێشەنگایەتی دەکات لە دامەزراندنی گروپی هونەر و گروپی هونەریی بەرخۆدان، زۆر بەرهەمی هونەری و گۆرانییان ئامادەکردووە کە هەتا ئێستاش گوێی لێدەگیرێت.

 

هۆزان مزگین لەدوای خەباتی هونەری لە ئەوروپا، لە سەختترین کاتدا بۆ خەباتکردن دەگەڕێتەوە بۆ باکوری کوردستان، وەک یەکەم فەرمانداری ناوچەی گارزان لە تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستاندا ئەرکدار دەکرێت، بە لێهاتووی و تێکۆشەرییەکەی، کاریگەری لەسەر ژنان دروستدەکات، هەروەها خۆی دەگەیەنێتە ژنانی تاتوان و کاریگەری گەورەیان لەسەر جێدەهێڵێت کە ئیدی بەدوای ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیاندا لێکۆڵینەوە بکەن، ئەوەندە هەوڵی ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی ژنانی دەدا، کە هیچ شتێک بۆی نەدەبووە بەربەست، تەنانەت چەندین جار لەکاتێکدا پێویست بووایە چارشێوی ڕەشی دەدا بەسەری خۆیدا و کۆڵان بە کۆڵان بەدوای ژناندا دەگەڕا.

 

لە ١١ی گوڵان/ئایاری ساڵی ١٩٩٢دا لە تاتوان لەو کاتەی گەمارۆی ئەو ماڵە دەدەن کە لێی دەمێنێتەوە، بەرخۆدانێکی گەورە دەکات و چالاکی گیانفیدایی دەکات تا بە زیندووی نەکەوێتە دەست عەسکەری تورک، دوای گیانفیداکردنی هۆزان مزگین، ژنان قۆناغێکی نوێی تێکۆشانیان دەستپێکرد، سەرەتا ژنانی تاتوان کە بە دەنگ و ورەی هۆزان کاریگەر ببون، ناوی هۆزانیان لەخۆیان نا و بەشداری تێکۆشانی ئازادی ژنان بوون، هەروەها ناوی منداڵانی تازە لەدایکبوو بووە مزگین و بوونە مزگێنی ڕۆژی ئازادی.

 

ت.پ