ژیاننامەی ئەمڕۆ: هۆنەرێک لەگەڵ زەحمەتییەکانی ژیانیدا

کەنار موراد دوای لەدەستدانی چاوەکانی ناوی بێباک هەڵدەبژێرێت و لەدوای لەدەستدانی باوکی دەبێتە هۆنەر و دەڵێت زۆرجار خەڵکی بە چاوی بەزەیی سەیرم دەکەن و هەندێکیش وەک کچە کوێرەکە بانگم دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەنار بێباک لە تەمەنی ٧ ساڵیدا چاوەکانی لەدەست دەدات و ئێستا خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسیە لە زانکۆی سلێمانی، خاوەنی پەرتوکێک هۆنراوەیە و لە دیدارێکیدا بۆ ژنها دەڵێت "زۆرجار خەڵکی بە چاوی بەزەیی سەیرم دەکەن و هەندێکیش وەک کچە کوێرەکە بانگم دەکەن".

 

سەرەتاکانی ژیانی کەنار بێباک

کەنار بێباک میدیاکار و هۆنەر باس لە چیرۆکی نابینابوونی خۆی دەکات و دەڵێت:" وەک هەر مناڵێک بە تەمەنی ٦ ساڵی دەستم بە خوێندن کرد و هیچ کێشەیەکی جەستەیم نەبوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا هەستم بەوە دەکرد کە هێدی هێدی چاوەکانم بینینیان کەم دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵ بووم نەم دەزانی کە دەبێت بۆ ئەم مەبەستە ماڵەوە ئاگادار بکەمەوە. ڕۆژێکیان لە ڕێگەی گەڕەنەوە بۆ ماڵەوە بینایم لەدەستدا و دکتۆرەکان بە بنەماڵەکەمیان ڕاگەیاند تەنها لە دەرەوەی وڵات چارەسەری بۆ دەکرێت.

 

کەنار دەڵێت بنەماڵەکەی لەبەر کێشەی ئابوری نەیانتوانیوە ببیبەنە دەرەوەی وڵات و بیناییەکانی لە پۆلی دووەمی سەرەتایی لەدەسداوە. کاتێک پەیمانگای ڕووناکی بۆ نابینایان لە سلێمانی دەکرێتەوە کەنار دەست دەکاتەوە بە خوێندن. ئەو دەڵێت زۆر سەخت بووە دوای بینین چونە ناو منداڵانی نابیناو دەستکردنەوە بە خوێندن و پێی وایە لە زۆر شتی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی دورکەوتۆتەوە بەڵام توانیویەتی هەرچۆنێک بێت لە ڕووی دەرونیەوە خۆی دروست بکاتەوە.

 

لە شتێکدا توانات هەبوو دەتوانی خۆتی تیا بدۆزیتەوە

کەنار لە ئێستادا خوێندکارە لە زانکۆی سلێمانی و دەڵێت "دەمەوێت درێژە بە خوێندنەکەم بدەم و دکتۆرا لە بوارەکەی خۆمدا کە کۆمەڵناسییە بەدەست بهێنم". ئەو بڕوای وایە کە "لە شتێکا توانات هەبوو دەتوانی خۆتی تیابدۆزیتەوە".

 

کەنار بێباک میدیاکار و هۆنەریشە، باس لە چیرۆکی بون بە هۆنەریی خۆی دەکات و دەڵێت یەکەم هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا نوسیوە لە دوای لەدەستدانی باوکی و دەڵێت تاقە ڕێگا بۆ هێنانە زمانی هەستەکانی لەو کاتەدا هۆنرا بووە. کەنار کۆڕی هۆنراوەیی بۆ ڕێک دەخرێت و لە ئێستادا خاوەنی بەرهەمێکی چاپکراوە و دەڵێت بەرهەمێکی تر بڵاو دەکاتەوە بەڵام بە شێوەی دەنگی.

 

کۆمەڵگا نازانن کە ئێمەی نابینا هەستی بیستنمان هەیە

کەنار باسی زەحمەتیەکانی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: هەموو خاوەن پێداویستیەک خاوەنی زۆر چیرۆکی جیاوازن کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. منیش وەک خاوەن پێداویستیەک ڕۆژانە ڕووبەڕووی توانج و زۆر شت بومەتەوە، زۆر کات گوێم لێبووە بە دەنگی بەرز وتویانە "ئەوە کچە کوێرەکەیە" ئەسڵەن باکیان بەوە نەبووە کە گوێم لێیە. بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بە بەزەییەوە تەماشامان دەکات خوازیارم بتوانم گۆڕانکارییەک لە تەماشاو تێڕوانینی خەڵکا بکەم بۆی بە چاوێکی بەزەییەوە تەماشەی خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت نەکەن بەڵکو بەقەر توانا و شیاویەکەمان ڕێزمان لێبگرن بە کەمتر و پلە دوولێمان نەڕوانن.

 

لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیر بێباک خاوەنی منداڵێکە و دەڵێت خوازیارم منداڵەکەم ببێتە کەسێکی باش بۆ کۆمەڵگا.

 

ت.پ