ژیاننامەی ئەمڕۆ: فاتن حەمامە، ئەستێرەی سەدەی شاشەی عەرەبی

ئەو ژنەی ناوی ''ئەستێرەی سەدە''ی لێنرا و گەشتی بوون بە شاجوان لە منداڵیدا کردیە گەورەی شاشەی عەرەبی.

ناوەندی هەواڵ

 

فاتن ئەحمەد حەمامە لە ٢٧ی ئایاری ١٩٣١ لە شاری مەنسوڕەی میسر لەدایکبووە، دایکی ژنی ماڵەوە بووە و باوکی فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە بووە، دوو برای بەناوەکانی مونیر و مەزهەر خوشکێکیشی بەناوی لەیلا هەیە.

 

لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای کاری نواندنیدا تەنها ڕۆڵی نواندنی بینیووە، بەڵام ڕابەریکردنی سینەمای میسری لەخۆیدا دروستکرد، بووە یەکێک لە هەرە ئەکتەرە بەناوبانگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ژیانی پیشەگەری کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ بەردەوام بوو بەشداری زیاتر لە ١٠٠ فلیم و پرۆگرامی تەلەفیزۆنیدا کردووە، بەناوبانگترینیان و کاریگەرترینیان '' الأستاذة فاطمة و دعاء الكروان و نهر الحب وإمبراطورية ميم'' بوو، خەڵاتی تایبەتی لە فێستیڤاڵی مۆسکۆی سینەمای نێودەوڵەتی وەرگرتووە، مەدالیایی ئستحقاقی لە لوبنان بەدەستهێناوە، لەگەڵ چەندەها خەڵاتی تر، کۆتا کاریشی ''درامای وجه القمر'' بوو لە ساڵی ٢٠٠٠.

 

سەرەتای دەرکەوتنی فاتن

مێژووی دەرکەوتنی فاتن دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٩، کاتێک یەکەمین کاری نواندنی کرد تەمەنی تەنها حەوت ساڵان بوو دوای هەڵبژاردنی بە جوانترین منداڵ، بەهۆی ریکلامی گۆڤارێکەوە کە داوای منداڵێکیان کردبوو باوکی وێنەکەی بۆ ناردبوون و هەڵیانبژارد، دەرهێنەری فلیمەکە بە منداڵی موعجیزە ناوی بردبوو و سەرسامی خۆیی بە ڕۆڵگێڕانی فاتن دەربڕیبوو.

ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان کردە قاهیرە و چووە پەیمانگای باڵای نواندن، بە ڕۆڵەکانی لە پەنجاکان و شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا بەناوبانگ بوو.

 

لە ساڵی ١٩٥٥-١٩٥٩ لە دیارترین ئەکتەرەکان بوو، پلەی یەکەمینی لە لیستەکەدا داگیرکرد بوو، لەو ساڵانەشدا بەشداری چەندەها فیلمی کرد، لە شەستەکاندا کارەکانی کەمتر بوونەوە و چەند فیلیمێکی دەرکرد، وە لە حەفتاکاندا بە کۆمەڵێک کاری ناوازەوە گەڕایەوە و لە فلیمەکانیدا باسی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت ئەو کێشانەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، کرد، بە یەکێک لەو ئەکتەرانە دادەنرێت کە زۆرترین فلیمی لەسەر بارودۆخ و ئاستەنگیەکانی ژنانی عەرەبی کردووە، فلیمی ''دعاء الكروان، أريد حلاء، امبراطورية ميم" نموونەی ئەو کارانەن.

 

سیاسەت ناچاری کرد شەش ساڵ میسر جێبهێڵێت

ساڵی ١٩٦٦ کاتێك دەزگای زانیاری میسر داوایان لێکرد ببێتە نێراویان رەتی کردبۆوە، ناچاربوو میسر بەجێبهێڵێت و دوای وەفاتی سەرۆکی ئەوکاتەی میسر، جەمال عەبدول ناسڕ، لەساڵی ١٩٧١ گەڕایەوە.

 

هەشت لە فلیمەکانی فاتن حەمامە کە ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە لە لیستی باشترین ١٠٠ فلیمی میسری دایە، پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی ١٩٥٢ کردووە کە دواتر بووەتە هۆکارێک بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەی، ناوبانگی ڕووی لە زیادبوون بووە تا بووەتە خاوەنی ناوبانگێکی نێودەوڵەتی، لە بواری بەرهەمهێنانی هۆلیوددا دەرکەوت و بە ''قاهیرە'' ناسرا، هەروەها فێستیڤاڵێک بە ناوی (فێستیڤاڵی فاتن حەمامە) ڕێکخراوە کە تێیدا ساڵانە خەڵات و ڕێزلێنان بە هونەرمەندان دەدرێن.

 

لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەهەزاران کەس بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاک سپاردنیدا کرد.

 

ت.پ