ژیاننامەی ئەمڕۆ: دوریە شەفیق، کچی نیل

ڕابەری بزووتنەوەی ئازادی ژنان و تێکۆشەرێک دژی داگیرکاری بەریتانیا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوریە شەفیق، ڕابەری جوڵانەوەی ئازادی ژنانی میسر بووە لە سەدەی بیستدا، لە  ساڵی ١٩٠٨ لە پارێزگای تەنتا سەربە دەلتای نیل لە وڵاتی میسر لەدایکبووە، ژنە فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕێکی عەرەبی میسری بوو، لە نێو یەکەمین شاندی خوێندکاران لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ خوێندن لەسەر خەرجی دەوڵەت نێردرایە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، هەر لە هەمان زانکۆ بروانامەی دکتۆرای لە ساڵی ١٩٤٠ لە فەلسەفەدا بەدەستهێنا، هەروەها بەشداری لە کێبڕکێی شاجوانی میسردا کردووە و پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

 

دوایی گەڕانەوەی لە فەرەنسا ڕاگری کۆلێژی ئاداب رەتی کردەوە لە زانکۆ دایمەزرێنێت لەبەرئەوەی ''ژنە''، شاژنە شویکار کردی بە بەڕێوبەری گۆڤاری ''ژنی نوێ''، بەڵام زۆر لەو پلەیە نەمایەوە، لە کۆتای چلەکاندا بزوتنەوەی ئازادی بۆ تەواوی ژنانی میسری دامەزراند کە بە '' یەکێتی کچانی نیل'' ناسرا.

 

هەوڵی هۆشیاری گەنجانی دەدا

دامەزراندنی یەکێتی کچانی نیل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٨، ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتکردن بوو بە کرێکاران و ڕەنجدەرانی میسر، پاشان هەستا بە دروستکردنی نوسینگەیەک بۆ دۆزینەوەی کار بۆ خوێندنکارانی زانکۆ، یانەی کچانی نیلی تایبەت بە ئاهەنگەکانی ڕۆشنبیری گەنجان و کۆڕەکان بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی لای ژنان دامەزراند.

 

دوای شۆڕشی ١٩٥٢ دوریە داوای لە حکومەت کرد یەکێتی کچانی نیل بگۆڕێت بۆ حیزبێکی سیاسی و داواکاریەکەی جێبەجێکرا و یەکێتی کچانی نیل بووە یەکەمین حیزبی سیاسی ژنان لە میسر.

 

چەندین گۆڤاری دەرکرد لەوانە ''گۆڤاری نوێی ژنان، کچی نیل، جوچکی بچوک بۆ منداڵان''، لەو ساڵانەی دوورخرایەوە دوریە قورئانی پیرۆزی وەرگێرا بۆ هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی، هەروەها چەندین دیوانی شیعری و کتێبی نووسی و بۆسەر یادەوەرییەکانی زیادیکردن.

 

تێکۆشان بەرەنگاری دژی داگیرکاری

ساڵی ١٩٥١ دوریە دەستیکرد بە ئامادەکردنی تیپێکی ژنانی میسر هاوشێوەی یەکەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکەکانی سوپای بەریتانیا لە کەناڵی سوێس، تیپەکە ئامادەکاری تەواوی شەر و مەشقدانی پەرستاری مەیدانی لەخۆگرتبوو، خۆپیشاندانێکیان بە ڕابەری دوریە شەفیق ئەنجامدا، گەمارۆی بانکی بارکلیزی بەریتانییان لە قاهیرە دا.

 

ساڵی ١٩٥٧ دوریە سەرۆکی ئەوکاتەی میسر، جەمال عەبدول ناسڕی بە ''دیکتاتۆر'' بەناوکرد، لە بەرامبەردا عەبدول ناسڕ هەستا بە بەندکردنی لە ماڵەکەی خۆیدا و گۆڤارەکەشی داخست، فەرمان دەرکرا بە سڕینەوەی ناوی لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کتێبەکاندا.

 

ماوەی شەش ڕۆژ مانی لە خواردن گرت، لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربە ناسڕەوە هێرشێکی توندنی کرایە سەر و بە ''خائین'' ناوبرا، کۆمەڵەی پەیمانی ژنانیش لێی هەڵگەڕایەوە و لە یەکێتی ''کچانی نیل''ی تایبەت بەخۆی دەرکرا.

دوریە تەنها مایەوە و نزیکەی هەژدە ساڵی بە گۆشەگیری و دابران بەسەر برد، دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دابڕانەکەیدا، لە ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ هاوژینەکەی لەیەک جیابوونەوە، بەوەش شەفیق نوقمی گۆشەگیریەکی تەواوەتی بوو، چووە نێو پەستی کەئابەیەکی توندەوە تا لەکۆتایدا لە یەکێک لە ڕۆژەکانی ئەیلولی ١٩٧٥ خۆیی لە نهۆمی شەشەمی بیناکەوە فڕیدایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا.

 

ت.پ