ژیاننامه‌ی شیرین عه‌له‌مهولی
شیرین عه‌له‌م هولی، منداڵی دووه‌می بنه‌ماڵه‌یه و له ۱۳ی جۆزه‌ردانی ۱۹۸۱ له گوندی "دیم قشڵاق"ی ماك‌و له‌دایك بووه. شیرین له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ۱۱ كه‌سی، ۷ برا و ۲ خۆشك مه‌زن بووه.
شیرین عه‌له‌مهولی، منداڵی دووه‌می بنه‌ماڵه‌یه و له ۱۳ی جۆزه‌ردانی ۱۹۸۱ له گوندی "دیم قشڵاق"ی ماك‌و له‌دایك بووه. شیرین له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ۱۱ كه‌سی، ۷ برا و ۲ خۆشك مه‌زن بووه.
ناوەندی هەواڵ
بنه‌ماڵه‌ی شیرین له عه‌شیره‌ی "جه‌لالی" یه‌كێك له مه‌زنترین عه‌شیره‌كانی كوردستانه، عه‌شیره‌ی جه‌لالی له درێژایی مێژوو به‌رده‌وام له به‌رامبه‌ر زۆڵمی داگیركه‌ران به تێكۆشه‌ری، به‌رخۆدان و تێكۆشانی خۆی ڕاوه‌ستانێكی مێژوویی گه‌یانده ئاستێكی به‌رز و ڕۆڵێكی گرنگ له مێژووی تێكۆشانی كورد گێراوه.
گوندی دیم قشلاق له ده‌رده‌وری ڕووباری ئاراس و چیای ئارارات، نێوانی سنوری سێ وڵاتی ئێران، توركیا و ئازه‌ربایجانه، به هۆكاری پێگه‌ی جیوگرافی و چیایی بوونی هه‌رێمه‌كه، خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه زۆرتر مهشخووڵی كاری ئاژەڵداری به‌تایبه‌ت له گوندهكاندان، چیا زه‌حمه‌ت و سه‌خته‌كانی جیوگرافیای تایبه‌تی هه‌رێمی ماكۆ له‌سه‌ر سه‌بوور بوون، به‌رخۆدانی، عیناد و خۆڕاگری گه‌ل كاریگه‌ری زۆری كردوه كه له‌كه‌سایه‌تی شیرین.
شیرین له‌و كاته‌وه كه توانی له‌سه‌ر پێ خۆی بوەستێت، ژیانێكی ئاسایی نه بۆ خۆی و نه بۆ ده‌رده‌وری قبووڵ نه‌كرد، شیرین، سهرههرڵدێر، سه‌ربه‌رز و تێكۆشه‌ر بوو، تایبه‌تمه‌ندی عه‌شیره و كۆمه‌ڵگه‌ی كۆن كه خوێندنی بۆ ژنان به شه‌رم ده‌زانی، ئه‌ویشی له‌م مافه ره‌وایه بێ به‌ش كردبوو، سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، پێداگربوو له‌سه‌ر فێربوونی خوێندن و نووسین، له گونددا دوو ساڵ له قوتابخانەی ته‌مه‌ن گه‌وره‌كاندا ده‌خوێنێ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا مافی بوو له خوێندن، كاتێك گه‌لی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گه‌نجانی ماكۆ له ساڵی ۲۰۰٤ دژ به سیاسه‌تی داگیركه‌ری ڕژیمی ئێران دژ به‌گه‌ل سه‌ریان هه‌ڵدا، ژماره‌یه‌ك له گه‌نجانی ئه‌م شاره ده‌ستبه‌سه‌ر و ۲ گه‌نجیش له‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌دا شه‌هید ده‌بن.
ناكۆكیه‌كانی شیرین له‌سه‌ر دۆخی ژنان له كۆمه‌ڵگه و هه‌روه‌ها كاریگه‌ریه‌كانی له‌م سه‌رهه‌ڵدانانه، ڕێگای شیرینی گۆڕی و شیرین به‌دوای چاره‌نووسی ڕێگای تێكۆشانی ئازادی گه‌لی كورد له چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستاندا گرته به‌ر.
شیرین، ژیانی تاكه‌كه‌سی و بوون به موڵكی پیاوێكی هه‌رگیز بۆ خۆی په‌سه‌ند نه‌كرد، بڕیاری كۆتایی دا و له شه‌وی ماره‌بڕینی دا له ماڵ ده‌رده‌كه‌وێت و له ساڵی ۲۰۰٤ به‌شداری تێكۆشانی ئازادیخوازی ژنانی كورد ده‌بێت، شیرین له دوای ساڵێك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ باشتر پێشه‌نگایه‌تی بۆ ژنان و به‌تایبه‌ت ژنانی ڕۆژهه‌ڵات بكات، له ساڵی ۲۰۰۷ ڕوو له چیاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌ت شاهۆ ده‌كات، هه‌ر له‌وێ هه‌وڵ ده‌دات كار‌و خه‌باتی ڕوناك كردن و پاراستنی مافی ژنان په‌ره پێ بدات و ژنان به مافه ڕه‌واكانیان ئاشنا بكات.
له ساڵی ۲۰۰۸ كاتێك ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران به هاوكاری یه‌ك بۆمبارانی هه‌وایی و زه‌وینی له‌سه‌ر گه‌لی كورد له باشوری كوردستان ده‌ست پێده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكاری شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ك له دانیشتوانی ناوچه‌كه و هاوكات چه‌ند تێكۆشه‌ری گه‌ریلا و ٤ ئه‌ندامی ڕاگه‌یاندنی ئازاد.
دیسان هه‌ر له ساڵی ۲۰۰۷- ۲۰۰۸ زۆڵم و داگیركه‌ری و له‌سێداره‌دان و شه‌هید خستنی ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد گه‌یشته لووتكه و شیرینیش ئه‌مه‌ی پێ قبووڵ نه‌كرا، شیرین به‌ڵێنی دا تا تۆڵه‌ی گه‌لی بنده‌ست و ستەم لێكراو و هاوكات هاوڕێ شه‌هیده‌كانی نه‌گرێته‌وه، یه‌ك چركه‌ش نەوەستێت.
هه‌ر بۆیه له وەڵامدانه‌وه ئەم هێرشه دڕندانه‌ی ڕژێمی سێداره‌ی ئێران، شیرین له ناوه‌ندی فرۆكه‌خانه‌ی تاران، پایته‌ختی ئێران چالاكیه‌كی ئه‌نجامدا و هه‌ر له‌وێ له‌دوای سه‌ركه‌وتنی چالاكیهكهی ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئه‌م چالاكیه ڕژێمی ئێرانی تووشی شڵه‌ژان كردووه، بۆیه هه‌تا ماوه‌یه‌كی بڕوا ناكه‌ن كه ژنێك ئه‌م چالاكیه‌ی ئه‌نجام دابێت. شیرین ئه‌گه‌رچی ده‌ستگیر كرابوو، به‌ڵام له‌وه‌ێ كه به‌ڵێنه‌كه‌ی هێنابوو جێ و توانی سه‌ركه‌وتوو بێت، زۆر خۆشحاڵ بوو.
له‌دوای ده‌ستگیری ۲۵ ڕۆژ له بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی ئیستخباراتی سوپای پاسدارانی دا ده‌بێت، شیرین له‌م ۲۵ ڕۆژه‌دا هه‌ر ڕه‌نگه ئه‌شكه‌نجه‌ی له‌سه‌ر سه‌پێندرا و ۲۲ ڕۆژی مانی له خواردن گرتووه، شیرین له به‌شێكی ڕهنجنامهكهی دا وه‌ها ده‌ڵیت: "لێپرسهرهكانی من هه‌موو پیاو بوون و ده‌ست و پێ منیان به كورسی به‌ستبووه‌وه. ئه‌وان له‌سه‌ر لاش و دهمۆچاو سه‌رم و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر لاق و پشتیان ده‌دام، به باتۆمی كاره‌با و كابڵ له منیان ده‌دا، ئه‌و كاته به باشی نه‌مده‌زانی به فارسی قسه بكه‌م و جوانیش تێنه‌ده‌گه‌یشتم، كاتێك پرسیاره‌كانیان بێ وڵام ده‌مایه‌وه، هێنده‌یان لێده‌دام كه ده‌بوورامه‌وه." لێپرسهرهكان زۆریان هه‌وڵدابوو كه شیرین ده‌ست له مانگرتن هه‌ڵبگرێت، سرۆمی خۆراكیان لێداوه. له زیندان دا به ده‌ست و پێ گرێ‌دراو و لێدانی به‌رده‌وام ئیتر بابه‌تێكی ئاسایی و ڕۆژانه بوو بۆ شیرین.
هاوڕێیانی شیرین له زیندان به‌شێكی وه‌حشت و به ترسی ئه‌شكه‌نجه‌كانی شیرین له دوای له‌سێداره‌دانی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، شیرین وه‌كوو زیندانیه‌ك پێناسه ده‌كه‌ن كه زۆرترین ئه‌شكه‌نجه‌ی له‌سه‌ر سه‌پێندراوه، شیرین له دوای ۲۵ ڕۆژ چاودێری و ئه‌شكه‌نجه ده‌گوازرێته‌وه بۆ به‌شی ۲۰۹ زیندانی ئه‌وین، له‌دوای ٤ مانگ زیندانی له‌م به‌شه و هه‌روه‌ها لێپرسینی به‌رده‌وام و ئه‌شكه‌نجه، ده‌گوازرێته‌وه بۆ به‌شی ژنانی زیندانی ئه‌وین.
له‌ئه‌نجامدا له ۲۸‌ی سه‌رماوه‌زی ۲۰۰۹ له شوعبه‌ی ۱۵‌ی دادگای شۆڕشی تاران به سه‌رۆكایه‌تی قازی ابولقاسم سه‌ڵواتی، به تاوانی ده‌ركه‌وتنی نه‌یاسایی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنور دوو ساڵ زیندان و هه‌روه‌ها به تاوان مۆحاربه(واتا دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خودا) و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی كوردی په‌ژاك، سزای سێداره‌ی به‌سه‌ر سه‌پێندرا، سزای له‌سێداره‌دان له ۱۳ی به‌فرانبار بۆ پارێزه‌ره‌كه‌ی ڕاده‌گه‌ینن، له ۱۹ی ژانوییه‌ی ۲۰۱۰ كاتێك كه سزای سێداره‌دانی راگه‌ێندرا، له‌لایه‌ن گروپێكی چالاكی مافناسیهوه كه‌مپه‌ینێك به ناوی "هه‌تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیعدامی شیرین عهلهمەهولی" به‌ڕێكخستن كرا.
هاوكات ڕاگه‌یاندراوێك به‌ناوی "ژیان مافی هه‌موو مرۆڤه‌كانه" له‌لایه‌ن ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌وه ده‌ستی به خه‌بات كرد، كه‌مپه‌ین له‌چوارچێوه‌ی ڕەنجنامهی شیرین كه له زیندان ههناردبوویه ده‌ره‌وه، خه‌باتی خۆی ده‌ست پێكرد، لەلایه‌ن داموده‌زگای مافی مرۆڤ، چالاكی ژنان، چالاكی مه‌ده‌نی و سیاسی و ڕۆژنامه‌نووس پشتیوانی زۆر گه‌رم له‌م كه‌مپه‌ینه كرا.
كه‌مپه‌ین له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانی ۲۱۰۰ واژۆ بۆ پشتیوانی له شیرین كۆ بكاته‌وه كه له‌سه‌ر ناوی "داخوازی ۲۱۰۰ چالاكی مه‌ده‌نی و پارێزه‌ری مافی یه‌كسانی بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیعدامی شیرین عه‌له‌مهولی" بڵاو كرایه‌وه، كۆماری ئیسلامی كه ته‌حه‌مۆڵی پشتیوانی چالاكانی ماف و مه‌ده‌نی و گه‌لی ئازادیخواز كه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان و ئازادی ئه‌م زیندانیه سیاسیه ده‌ستی پێكردوه، و زۆر بڵاوهشی كردبوو، له ١٤ ڕێبه‌ندان ئه‌و ساڵه، كه‌مپه‌ینه‌كه‌ی فیلتر كرد و به‌م كرده‌وه چه‌په‌ڵه‌ی ده‌نگی شیرینی له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان خنكاند.
له‌گه‌ڵ داخوازی پارێزه‌ری شیرین بۆ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سزاكه، به‌ڵام له‌لایه‌ن دادگاوه قبووڵ نه‌كرا و ته‌نانه‌ت وەڵامیشیان نه‌داوه، هه‌فته‌یه‌كی پێش له‌سێداره، شیرین ده‌به‌نه به‌شی ۲۰۹ی زیندانی ئه‌وین، له‌وێ دوو کەس له لێپرسهرهكان داوا له شیرین ده‌كه‌ن له‌به‌ر كامێرا قسه‌یان بۆ بكات و داوای په‌شیمانی بكات، تاكوو به‌رامبه‌ر به‌م كاره بتوانێ بنه‌ماڵه‌ی ببینێ و هاوكاتیش ئازاد بكرێت! به‌ڵام شیرین قه‌ت و قه‌ت ئه‌م داخوازه‌ی قبووڵ نه‌كرد و به به‌رخۆدانی بێ وێنه‌ی خۆی، سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا و ئامانجه‌ی كه هه‌ڵیبژاردبوو. له‌ئه‌نجامدا له‌لایه‌ن لێپرسه‌رانی ناوه‌ندی ئیستخباراته‌وه پێ ده‌ڵێن: "تۆ له ده‌ستی ئێمه‌دا بارمته‌ی". شیرین ڕۆژێك له‌دوای ئه‌م لێپرسینه نامه‌یه‌كی به ناوی "من بارمته‌م" ده‌نێرێته ده‌ره‌وه‌ی زیندان و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دا له‌ئاستێكی زۆر به‌رفراواندا به چه‌ند زمان وەردەگێڕدرێت و بڵاو ده‌بێته‌وه.
له به‌رواری ۱۹ی گۆڵان كاتژمێر ۹:۵۰ خولەکی شه‌و، ۱۰ خولەک پێش كاتی هاتنی خه‌وی ڕه‌سمی زیندان، شیرین به بیانووی ئه‌وه‌ی كه ناوی باوكی هه‌ڵه داوه، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی گۆڕینی جله‌كانی پێبده‌ن له ژووره‌كه بردیانه ده‌ره‌وه.
سبه‌ی ئه‌و شه‌وه زیندانیانی به‌شه‌كانی دیكه به هاوڕێیانی شیرینیان وتبوو، شیرین هاواری ده‌كرد و ده‌یگوت: "ئێستا كه ده‌تانه‌وێت من له‌سێداره بده‌ن، به‌لانی كه‌م بهێڵن خواحافیزی له هاوڕێیانم بكه‌م، من له‌ده‌ستی ئێوه‌دام، خۆ ناتوانم هه‌ڵبێم. بهێڵن بۆ كۆتا جار له‌گه‌ڵ دایكم قسه بكه‌م." ئه‌و داخوازه‌ی كه قه‌ت له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانه‌وه پێك نه‌هات.
شیرین عه‌له‌مهولی سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی ۱۹ی گۆڵانی ۲۰۱۰ كاتژمێر ۵ی به‌یانی، بێ زانیاری بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌كانی، له‌گه‌ڵ ٣ هاوڕێ دیكه‌یدا به ناوه‌كانی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهاد وه‌كیلی و چالاكی سیاسی مه‌هدی ئیسلامیان له زیندانی ئه‌وین له‌گه‌ڵ گوتنه‌وه‌ی سرودی "ئه‌ی ره‌قیب" له‌سێداره دران.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه له‌كاتی له‌سێداره‌دان و دوای ئه‌وه هه‌تا ۲ ڕۆژ تەلەفۆنی هه‌موو زیندان داخرابوو، ٥ ڕۆژ له‌دوای له‌سێداره‌دانیان، له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌دا، هه‌موو كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ئاستی جیهان و زۆر لایه‌نی سیاسی به یه‌ك ده‌نگ هه‌ستانه سه‌رپێ، ئه‌م سه‌رهه‌ڵدان و نهڕازیبوونه له مێژووی تێكۆشانی گه‌لی كورددا بێ وێنه بوو.