زابێل یسایان... یادەوەرییەک کە سەرپێچی لە قرکردن و لەبیرچوونەوە دەکات

زابێل یسایان، شاهیدی شەڕ و قرکردن و دەربەدەری بووە و تاریکی سەردەمی خۆی بەبێ ڕازاندنەوە و ڕۆمانسیزم گێڕاوەتەوە، سەرەڕای هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک، بەردەوام بوو لە بەدواداچوونی ڕاستییەکان و میراسێکی ئەدەبی و سیاسی بەهێزی لە دوای خۆی جێهێشت.

ناوەندی هەواڵ

ژیانی زابێل یسایان زیاتر بوو لە چیرۆکی نووسەرێک، بەڵگەی یادەوەرییەک بوو کە شەڕ و دەربەدەری و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتیی گرتەوە، ئەم نووسەرە ژنە سۆسیالیستییە ئەرمەنییە لە ئیستەنبوڵی پایتەختی تورکیا لەدایک بووە، بە زمانێکی ڕاستەقینە و سادە، هەڵیبژارد ئازارەکانی سەردەمەکەی بە زمانێکی ڕاستی و سادە بگێڕێتەوە، قسەکانی وەک وەسیەتنامەیەکی بەهێز دەمێننەوە، تاریکی ڕابردوو دەگەیەننە ئێستا و تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە دەنگدانەوە.

 

 

زابێل یسایان یەکێک بوو لەو ژنانەی کە زۆرجار بەهۆی گێڕانەوەی مێژوویی باڵادەستەوە دابەزی بۆ پاشخان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرنجی ڕاکێشا بە بیرۆکەیەک کە سەردەمی خۆی تێپەڕاندبوو، لە نێوان شەڕ و وێرانکاری و دەربەدەریدا، بە هەموو توندییەکەیەوە ڕاستییەکانی دەوت، نەک تەنها لە ئەدەبیاتی ئەرمەنیدا بەڵکو لە خەباتی ژنانیشدا بوو بە کەسایەتییەکی دیار.

 

 

زابێل یسایان لە ساڵی ١٨٧٨ لە ئەسکدار لەدایک بووە و لە قوتابخانەی خاچی پیرۆزی ئەرمەنستان دەستی بە خوێندن کردووە، باوکی گەورەترین پشتیوانی بۆ دابین کرد لە بەدواداچوونی نووسیندا، لە تەمەنێکی گەنجیدا خۆی نوقم کرد لە بازنەکانی ئەدەبی ئیستەنبوڵ، لە ژێر کاریگەری نووسەری ژن سێرپووهی دۆساپ و نووسینی کردە ناوەندی ژیانی.

 

هەر لەو ساڵانەدا، بەشداری لە گفتوگۆ ئەدەبی و سیاسییەکاندا کردووە، کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوە دەچوون، یەکەم بەرهەمی ئەدەبی بە ناوی "گۆرانییەک بۆ شەو" لە گۆڤاری ”Dzağig” ”دزاغیگ”دا بڵاوکرایەوە، هەر لەم کۆبوونەوانەدا بوو کە دیکران یسایان نیگارکێشی ناسی کە دواتر هاوسەرگیری لەگەڵدا کرد.

 

هەروەها نووسینە سەرەتاییەکانی زابێل یسایان لە بڵاوکراوە ئەرمەنییەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوکراونەتەوە، دواتر گەشتێکی بۆ پاریس کردووە و لەوێ لە زانکۆی ”سوربون” ئەدەبیات و فەلسەفەی خوێندووە، وەک یەکێک لە یەکەم ژنە ئەرمەنییەکان کە خوێندنی زانکۆی وەرگرتووە، خۆی جیاکردەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئیستەنبوڵ، ڕۆمانی "غرفة الانتظار" "ژووری چاوەڕوانی"ی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام بەهۆی گرژیی کەشوهەوای سیاسییەوە جارێکی دیکە بەرەو پاریس بەڕێکەوت.

 

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ئەزەنە لە ساڵی ١٩٠٩ وەرچەرخانێکی بەرچاوی ژیانی زابێل یسایان بوو، گەشتێکی کرد بۆ ناوچەکە و بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ڕووداوەکانی بوو، لە پەرتوکەکەیدا، "بين الأنقاض" "لە نێو داروپەردوو"دا وێرانکارییەکانی شەڕ و کۆمەڵکوژییەکانی گێڕایەوە، لەم بەرهەمەدا شێوازێکی سادە و ڕاستی هەڵبژارد کە قورسایی کارەساتەکەی بەبێ ڕازاندنەوە بگەیەنێت.

 

هەروەها هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر بە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا گرتەبەر و بە هەمان گەشبینییەوە وەک زۆرێک لە ڕۆشنبیران سەیری دەسەڵاتی لیژنەی یەکێتی و پێشکەوتنی نەدەکرد، لە یەکەم کەسەکان بوو کە مەترسییە نزیکەکەی ناسی، هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی بە پارتی تاشناقەوە کرد، بەڵام دواتر وازی هێنا، پێیوابوو کە لە بنەما سۆسیالیستییەکانی لاداوە.

 

ئەو بە قووڵی خەمی پرسی ژنانی بوو و بانگەشە بۆ بیرۆکەی زۆر پێش سەردەمی خۆی سەبارەت بە ئازادی ژنان دەکرد، پێی وابوو کە یەکسانی تەنها بە پێدانی مافی خوێندن بە ژنان ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت، بەڵکو ڕزگاری ڕاستەقینە پێویستی بە گۆڕینی تەواوەتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی هەیە.

 

لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥، زابێل یسایان تاکە ژن بوو لە لیستی ڕۆشنبیرانی ئەرمەنی کە بڕیار بوو دەستگیر بکرێن، بەڵام بەهۆی خۆدزینەوە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە دەستگیرکردن ڕزگاری بووە، دوای ئەوە ڕووی لە بولگاریا و پاشان ڕووی لە پاریس کرد، ساڵانێکی زۆر ماندوو نەناسانە بۆ منداڵانی بێ باوک بەهۆی قرکردنەوە و بۆ پەنابەران کار دەکات، بەشداری لە هەوڵەکانی فریاگوزاریدا لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٣٣ لە ئەرمینیای سۆڤیەت نیشتەجێ بوو، لەوێ لە زانکۆ خوێندوویەتی و پۆستی لە یەکێتی نووسەرانی ئەرمەنستان هەبووە، بەڵام جارێکی دیکە لە کاتی "التطهير الكبير" ”پاکتاوکردنی گەورە”ی ستالیندا بووەوە ئامانج، لە ساڵی ١٩٣٧ دەستگیرکرا و دوورخرایەوە بۆ سیبیریا پێدەچێت لە ساڵی ١٩٤٢ یان ١٩٤٣ لە دەربەدەریدا کۆچی دوایی کردبێت، هەرچەندە شوێنی گۆڕەکەی نادیارە.

 

زابێل یسایان ژیانی خۆی لە نێو شەڕ و دەربەدەری و گۆشەگیریدا بەسەر بردووە و نەک تەنها ڕۆمان، بەڵکو میراسێکی بەهێزی ڕاستی و یادەوەری و خەباتی ژنانی بەجێهێشتووە، کارەکانی بەردەوامن و سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی تێگەیشتن لە ڕابردوو و پرسیارکردن لە ئێستا دەدات.