ئامینە ئۆجاك؛ سیمبولی ڕاستی و تێکۆشانی ٣٠ ساڵ
لە ساڵی ١٩٩٥ەوە، ئامینە ئۆجاك لە ریزە پێشەوەی "دایکانی شەممە"دا بوو، لە ڕێگەی گەڕان بەدوای کوڕەکەیدا، بوو یەکێک لە دیارترین سیمبولەکانی تێکۆشان لە پێناو ڕاستی و دادپەروەریدا، بەرخۆدانی ئەو گۆڕا بۆ بەهێزترین دەنگ بۆ داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان.
ناوەندی هەواڵ
هەندێک کەس هەن کە نەک تەنها ئازارە کەسییەکانی خۆیان هەڵدەگرن، بەڵکو یادەوەریی کۆمەڵگەیەک بە تەواوی هەڵدەگرن، ئامینە ئۆجاك یەکێکە لەو کەسانە، چیرۆکی ژیانی تەنها چیرۆکی دایکێک نەبوو کە بەدوای کوڕەکەیدا (حەسەن ئوجاك) دەگەڕێت کە دوای دەستبەسەرکردنی ون بوو، بەڵکو بوو بە سیمبولێک دیاری تێکۆشان لە پێناو دادپەروەری بۆ ونبووە قەدەغەکراوەکان لە تورکیا.
لە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٥دا، ئامینە ئۆجاك یەکێک بوو لەو دایکە سەرەتاییانەی کە لە مەیدانی گەلاتەسەرای وەستان، لەو ڕۆژەوە، بە درێژایی نزیکەی ٣٠ ساڵ، دەستی وێنەی کوڕەکەی بەرنەدا، لە هەر جارێکدا کە دەهاتە مەیدانەکە، تەنها بەدوای حەسەن نەدەگەڕا، بەڵکو بەدوای سەدان کەسی تردا دەگەڕا کە دوای دەستبەسەرکردنیان ون بوون، لە ڕێگەی مانگرتنی بێدەنگییەوە، بەرەنگاری نکۆڵیکردن و ڕزگاربوون لە سزادران و سیاسەتی لەبیرکردن بووەوە.
لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٥دا، حەسەنی کوڕی پەیوەندی پێوە کرد و پێی وت کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەو پەیوەندییە دوا وتوێژ بوو لە نێوان دایک و کوڕەکەیدا، چەندین ڕۆژی بەسەربرد لە نێوان بنکەکانی پۆلیس و دادگاکا و نەخۆشخانەکاندا، بەڵام لە هەموو شوێنێک هەمان وەڵامی پێدەگیشت کە "لای ئێمە نییە"، بەڵام ئەو هەرگیز باوەڕی بەوە نەکرد.
لە پەیامێکدا، کە چەند ساڵ دواتر نووسی، ئەو ڕۆژانەی بەم شێوەیە پێناسە کرد: هەرگیز هیوام لە دەست نەدا لە دۆزینەوەی کوڕەکەم، و دوای ٥٨ ڕۆژ، منداڵەکانم وێنەی حەسەنیان لە تۆمارەکانی پزیشکی دادوەریدا دۆزییەوە، حەسەن بێ کەس نەبوو، بەڵام ئەوان لە گۆڕستانی نەناسراوەکان بەخاکیان پسارد بۆ ئەوەی کەس شوێنەواری ئەشکەنجەدانەکەی نەبینێت کە تووشی بووبوو.
جەنگی ڕاستەقینە دەستیپێکرد
کاتێک ئاشکرای کرد کە حەسەن ئۆجاک لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە، شەڕی ئامینە ئۆجاک کۆتایی نەهات، بەڵکو لە ڕاستیدا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی تەرمی کوڕەکەی لە گۆڕستانی نەناسراوەکە دەرهێنایەوە و بەخاک سپێردرا، بڕیاریدا لە مەیدانی گەلاتەسەرای دابنیشێت بۆ ئەوەی هیچ دایکێکی دیکە تووشی هەمان کارەسات نەکات.
بێدەنگی مانگرتنەکانی "دایکانی شەممە" زوو بوون بە ئامڕاز، نەک تەنها بۆ خێزانی ونبووەکان، بەڵکو بۆ بزووتنەوەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤیش، وەک چۆن ئامینە ئۆجاك دەیوت: لە گەلاتەسەرا بوون بە "خوشک، برا، کوڕ، هاوڕێ". لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەری تێکۆشان، حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردن قەدەغەکراو کەم بوونەوە، مەیدانەکە بوو بە ئامڕازی یادەوەری و داواکردنی دادپەروەری.
بەڵام ئەم خەباتە پڕ بوو لە بەرخۆدان، چونكە چەندین جار ڕێگری لە مانگرتن لە مەیدانەکە کرا، فایکانی شەممە رووبەڕووی دەستبەسەرکردن و توندوتیژی بوونەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامینە ئۆجاك پاشەکشەی نەکرد، چونكە پێی وا بوو کە خۆبەدەستەوەدان واتاای وازهێنان نییە لە حەسەن بە تەنها، بەڵکو وازهێنانیشە لە هەموو ئەو خێزانانەی کە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن.
لە یەکێک لە پەیامەکانیدا نووسی: ئەگەر واز لە خەباتەکانمان بهێنین، ئەوا ناگەینە ونبووەکانمان، ئەگەر واز بهێنین، ئەوا ئەم وڵاتە دەبێتە بەهەشتێک بۆ ئەوانەی هۆکاری ونبوونی خەڵک بوون، ئەگەر واز بهێنین، ئەوا دادپەروەری هەرگیز بەدی نایێت."
خەباتی ئامینە ئۆجاك تەنها سنوردار نەبوو بە داواکردنی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کوشتنی کوڕەکەی، بەڵکو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئەوەی دەنگی ڕاستی و یادەوەری و دادپەروەری بێت لە بەرامبەر توندوتیژی دەوڵەتدا، بە درێژایی ساڵان، ئەو وێنەیەی کە بۆ حەسەن لە مەیدانی گەلاتەسەرای هەڵیگرتبوو، گۆڕا بۆ ئامڕازێک بۆ هەموو ئەوانەی بە شێوەیەکی قەدەغەکراو ون بوون.
میراسێکی خۆڕاگری
لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ، ئامینە ئۆجاك چارەسەری لە بەشی چاودێری چڕدا وەرگرت، پێش ئەوەی لە ٢٣ی تەمووززی ٢٠٢٥ کۆچی دوایی بکات، لە ساڵڕۆژی یەکەمی کۆچی دواییشیدا، شایانی باسە کە ئەو نەک تەنها خەمێکی قوڵی جێهێشت، بەڵکو میراسێکی پتەوی خۆڕاگری و بەرخۆدانی جێهێشت کە بۆ نەوەکانی داهاتوو گواستراوەتەوە.
بەڵام ئاواتە گەورەکەی هەرگیز نەگۆڕا، لە پەیامێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٩دا نووسیبووی وتی: ئەوان چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە هەموومان بمرین تاوەکو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت، بەڵام ئەوان لە لێپرسینەوە ڕزگاریان نابێت، پاشەکشە ناکەین تاوەکو دوایین ونبوو دەدۆزرێتەوە، بەرپرسانی ونکردنیان سزابدرێن، من بە ئێڵماسی هاوڕێم بەڵینیم داوە کە ڕۆژێک وێنەی منداڵەکانمان لە نەیدانی گەلاتەسەرادا هەڵدەگرین، کە ئەوە مەیدانە ئێمەیە و مەیدانی ونبووەکانمانە.
ئەو شوێنەوارەی کە ئامینە ئۆجاك لە مەیدانی گەلاتەسەرا جێیهێشت، بە زیندوویی دەمێنێتەوە تاوەکو چارەنووسی ونبووەکان ئاشکرا دەبێت و دادپەروەری بەدی دێت، ناوی ئەو بە هەڵکۆڵراوی لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە وەک یەکێک لە دیارترین سیمبولەکانی خەبات لە پێناو ڕاستی و دادپەروەری لە تورکیادا.