تابلۆی "جێنیفرا دی پێنتچی"

"جێنیفرا دی پێنتچی" لە نێوان ساڵانی ١٤٧٤ و ١٤٧٦دا لەلایەن هونەرمەندی ئیتالی لیۆناردۆ داڤینچی کێشراوە، تابلۆیەکی ڕۆنی لەسەر داری پۆپلارە، ٣٨.٨ سانتیمەتر درێژی و ٣٦.٧ سانتیمەتر پانییەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەم تابلۆیە بە ژنە گەنجەکەی بەردەم ڕووەکی عەرعەر ناسراوە، بەڵام لە ئێستادا بە "جێنیفرا دی پێنتچی" ناودەبرێت، تابلۆکە وێنەی جێنیفرا دی پێنتچی کە لە چینی ئەرستۆکراتی سەدەی ١٥یەمە و لە ساڵی ١٤٥٨ لە فلۆرەنسا لەدایکبووە، جێنیفرا زۆرێک لەگەنجەکانی فلۆرەنسا پێی سەرسام بوون بەهۆی زیرەکی و جوانییەکەیەوە، هەتا ئێستاش یاد دەکرێتەوە بە یەکێک لە نمونە هونەرییەکانی ١٧ تابلۆکەی هونەرمەند دەناسرێت.

 

لەرابردوودا تابلۆکە گەورەتر بووە، بەڵام بەشی خوارەوەی بڕاوەتەوە، لە پشتی جێنیفراوە داری عەرعەر هەیە کە تیشکی ڕوناکی دەداتەوە و سەرنجی زۆر وردی تێدا بەکارهاتووە، لەوانە ڕووناکی بریسکاوەی قژە لولەکەی جێنیفرا.

 

جلوبەرگەکەی ئەو ژنە نمونەیەکە لە سەدەی ڕێنیسانسی کلاسیک کە بەهرەی هونەرمەندەکەی تێدا دەرکەوتووە، تابلۆکە لە گەلەری نەتەوەیی هونەر لە واشنتۆن دانراوە دوای کڕینی بە ٥ ملیۆن دۆلار لە خێزانی شاهانەی لیختنشتاین و لەو کاتەدا نرخێکی بێشومار بوو.

 

ت.پ