تابلۆی "دایک"ی ئێلیزابێث نۆرس

نیگارکێشی ئەمریکی ئێلیزابێس نۆرس (١٨٥٩-١٩٣٨) لە تابلۆکانیدا وێنای ژنانی گوند، منداڵ و دیمەنی سروشت دەکات، یەکێک لە جوانترین تابلۆکانی بە ناوی "دایک"ە کە سەرەتای ناسینەوەی پیشەیی خۆی بوو لە هونەردا.

 

ئێلیزابێس یەکەم وێنەکێشی ژن و یەکەم ئەمریکی بوو کە وەک ئەندامی دامەزراوەی نەتەوەیی هونەرە جوانەکان هەڵبژێردرا، وەک پێشەنگێک لە بواری وێنەکێشانی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی پێناسە کرا، کارە هونەرییەکانی لە مۆزەخانەی لوکسەمبۆرگ هەڵگیراوە.

 

لە ساڵی ١٨٩٢دا جێدەستی خۆی لە مێژووی هونەردا جێهێشت بە کێشانی وێنەی خۆی، تا توانا و لێهاتووییەکی دەربخات، چونکە لەو کاتەدا ئەو جۆرە نیگارکێشانە تایبەت بوو بە پیاوان، لە ساڵی ١٩٢١یشدا بەو بۆنەیەوە مەدالیای ئاڵتونی پێبەخشرا.

 

سەرەتای ناوبانگی هونەرمەند ئێلیزابێس نۆرس دوای نمایشکردنی تابلۆ "دایک"بوو لە هۆڵی پاریس، تابلۆکە ژنێکی گەنجی گوند بەرجەستە دەکات کە منداڵە خەوتووەکەی بە سۆزەوە لە باوەش گرتووە و لێی دەڕوانێت، نیگارکێشەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەو دایکەی لە تابلۆ تاریکەکەدا ڕووناک کراوەتەوە، لە پشتیشەوە جێگەی خەوی منداڵەکە وەلانراوە، تا ڕۆڵی دایک لە ژیانی مرۆڤدا نیشان بدات.

 

وێنەکێشەکە ڕەنگی ڕۆنی بەکارهێنا بۆ وێنەکێشانی تابلۆکەی کە لە ساڵی ١٨٨٨ کۆتایی پێهات، ئێستا لە مۆزەخانەی هونەری سینسیناتی ئەمریکایە.