"شیرین عەلەمهولی" تێکۆشەری لە سێدارەدراوی ڕێگای ئازادی

تێکۆشەر شیرین عەلمهولی، لە شەوی دەستگیرانداریدا لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەتکردنەوەی کلتوری پیاوسالاری ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیدا دەستگیر دەکرێت و پاشان لە سێدارە دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ
 
تێکۆشەر شیرین عەلمهولی، لە شەوی دەستگیرانداریدا لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەتکردنەوەی کلتوری پیاوسالاری لەگەڵ دوو هاوڕێی ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکەن، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی لە فرۆکەخانەی تاران دەستگیر دەکرێت، پاش مانەوەی بۆماوەی ٢ ساڵ لەگەڵ چوار هاوڕێی دیکەی لە سێدارە دەدرێن.
 
شیرین عەلەمهولی لە ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١ لە  گوندی دیم قشڵاخ-ی سەر بە شاری ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی ٧ برا و دوو خوشک بووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی دژی  هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەوهۆیەوە چەندین گەنج دەستگیرکران بەڵام ژنەکان نەیاندەتوانی بەشداری ناڕەزایەتیەکان بکەن لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەر بۆیە شیرین بۆ ڕەتکردنەوەی کلتوری پیاوسالاری و چەوساندنەوەی کورد ڕێگایەکی دیکە هەڵدەبژێرێت و لە شەوی دەزگیرانداریدا لە گەڵ دوو هاوڕێی بە ناوەکانی "ڕووناهی دێنیز و چالاک جوانڕۆ" ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات، بەشداری رێزەکانی گەریلا دەبێت.
 شیرین بۆ ماوەی ساڵێک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە و هەر لەوێ فێری خوێندن و نووسین دەبێت و ئاستی ئەندێشە و ڕۆشنبیری قوڵ خۆی زیاتر قوڵ کردۆتەوە، بەهۆی خۆشەویستیشی بۆ هەردوو هاوڕێکەی، ناوی خۆی دەنێت "ڕووناهی چالاک".
لە ساڵی ٢٠٠٨دا هەردوو دەوڵەتی تورک و ئێران بە هاوبەشی ‌هێرش دەکەنە سەر زنجیرە چیاکانی قەندیل، بەو هۆیەشەوە ڕوناهی دەنیز چالاکی فیدای ئەنجامدەدات، هەر لەو چالاکییەدا چالاک جوانڕۆش چووە کاروانی نەمرانەوە.
 
شیرین، لە دوای هاوڕێکانی پەیماندەدات لە بەرامبەر هەموو ئەو زوڵمانەی ڕژێمی ئێران بێتە دەنگ و تۆڵەی هەموو هاوڕێیان و گەلەکەی بکاتەوە بە ئەنجامدانی چالاکیی فیدایی. لەکاتی خۆ ئامادەکردنی بۆ چالاکیەکە لەناو فڕۆکەخانەی تارانی پایتەختی ئێران، ١٠٠ مەتر نزیک لە فڕۆکەخانەکە دەوەستێت، بەڵام چالاکیەکەی ئاشکرا دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت.
 
شیرین لەدوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک نازانرێت کێیە و بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبێتەوە، بەڵام لەجیاتی دانپێدانان، مانگرتن ڕادەگەیەنێت، شیریین لە بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا نووسیبووی "داوایان لێکردووم کە پەشیمانی خۆم دەرببڕم و بەڤیدیۆ ڕایبگەیەنم، بەڵام لە وەڵامدا پێی وتبوون: ئێوە دەتوانن گیانی من بستێنن، بەڵام ناتوانن شەرەفم لێبستێنن".
 
دوای شەش مانگ لێدان و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوین، هاوڕێکانی دەڵێن کە ئەشکەنجە بە جۆرێک ڕووخسار و جەستەی گۆڕیبوو کە نە دەناسرایەوە و سەرسامی ئە و خۆڕاگریەی بوون.
دوای دوو ساڵ مانەوە لە زیندانی ئەوین و بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تاوانی دەرچوونی یاسایی لە سنوور و هاوکارییکردنی پژاک، وەک یەکەمین ژنی ڕۆژهەڵاتی لەسەر دۆسیەی سیاسی بڕیاری سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لە ٩ی گوڵان ٢٠١٠ کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەو شیرین بە بیانووی هەڵە تۆمارکردنی ناوی باوکی بانگ دەکەن و بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی لەگەڵ چوار هاوڕێی تریدا بە ناوەکانی "فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەری، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان" بە وتنەوەی سروودی ئەیڕەقیب لە سێدارە دەدرێن.
 
ت.پ