شەهیدان لە بیابانی دادپەروەری
ئەو نالە و هاوارانە هێشتا لە بادا هەڵواسراوە، لە ماڵێکی وێرانەوە، کە ترس و ئازار تێیدا تێکەڵ بوون. لە خاکێکەوە کە خوێن تێکەڵ بە خاکە و پڕۆژە چەپەڵەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە تەنانەت منداڵانی بێتاوانیشی لە خەوی ئارام بێبەش کردووە.

لە یادی ئەو هێرشانەی لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی داگیرکەری تورکیاوە دژی خەڵکی سڤیل لە باشووری کوردستان ئەنجامدرا، کە لە ئەنجامدا چەندین هاوڵاتی شەهید و برینداربوونی لێکەوتەوە.
دیڤان سیهاد
ڕانییە- ساڵانە، هەموو جارێک، ئەم ئاگرە هەڵدەگیرسێت، لەم خاکە بێتاوانەدا. تورکیە هەرگیز دەستبەرداری ئامانجەکەی نەبووە کە دەستی پیس بکات بە خوێنی مرۆڤە بێ پاراستنەکان. دەنگی هاوار و خەم بۆ خەڵکی گوندی پێلینگان کە لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩٥ لەلایەن فڕۆکەکانی حکومەتی داگیرکەری تورکیاوە کرایە ئامانج، بەردەوامە.
ماڵێک بەهۆی بڵێسەی ئاگرەوە داڕما و خێزانێک لە ماتەمینیدا بەجێهێشت. سێ خوشک قوربانی بوون؛ یەکێکیان بە ناوی (نارنج ڕەسووڵ محەمەد عوسمان) گیانی لەدەستدا و دوو خوشکەکەی دیکەش بە ناوەکانی هەمین و لیمۆ ڕەسووڵ محەمەد عوسمان بە سەختی بریندار بوون. ماڵەکەیان کە پەناگەیان بوو، بوو بە وێرانە.
ئامینە نەبی حەمەد، دایکی شەهید نارەنج بە چاوی فرمێسکەوە دەڵێت: "٢٣ ساڵ لەمەوبەر کەوتینە ژێر هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ماڵەکەمانیان بۆردومان کرد، سێ کچم بریندار بوون، یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا، دوو کچەکەی تریشم لە نەخۆشخانە خەوێندرابوون بۆ ماوەیەکی زۆر. بەڵام ماڵەکەم وێرانبوو، هیچم نەبوو، نە سەقف، نە پەناگە."
ئامینە نەبی حەمەد هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە: "لە کاتی هێرشەکەدا کچەکەم بەهۆی فیشەکێکەوە کە بەر سەری کەوتووە، تووشی برینێکی سەختی بڕبڕەی پشتی بووە و تا ئێستاش لەگەڵ ئازاری ئەو برینەدا دەژی، کچەکەی دیکەم لە ڕانیدا بریندار بووە و ئێستا کەمێک باشتر بووە".
ئەم شەهیدانە، ئەم ماتەمینانە و ئەم ژنانەی تا ئێستاش برینەکانیان هەڵگرتووە، بیرهێنانەوەی نادادپەروەرییە بەردەوامەکانن. هەرچەندە شەڕ بەردەوامە، بەڵام هاوار بۆ دادپەروەری و چاکسازی بێدەنگ نابێت. بۆ ئەوانەی بوونەتە قوربانی دڕندەیی و چەوساندنەوە، ئەم دڕندەییە لە یادەوەری مێژوودا تۆمار دەکرێت، تا ئەو ڕۆژەی دادپەروەری دەگەڕێتەوە سەر خاکەکەیان.