شازادەی قەڵەم

نەوال سەعداوی پزیشکی نەخۆشیە دەرونییەکانە، خاوەنی چەندین کتێب و نوسینە کە تەواوی کتێب و ڕۆمان و نووسینەکانی نەوال شۆڕشێکی فکریان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا دروست کردووە.

نەوال سەعداوی پزیشکی نەخۆشیە دەرونییەکانە، خاوەنی چەندین کتێب و نوسینە کە تەواوی کتێب و ڕۆمان و نووسینەکانی نەوال شۆڕشێکی فکریان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا دروست کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەوال سعداوی، ژنە نووسەر وداکۆکیکاری بواری مافەکانی ژنان و پزیشکی نەخۆشیە دەرونییەکان لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣١ دا لە گوندی کەفەر تحلە، سەر بە پارێزگای القلیوبیە لە میسر، لە دایك بووە دووەم منداڵی خێزانەکەی بووە لە خێزانێکی پارێزگار بە دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە، یەکێک بووە لەو ژنانەی کە ڕەتیکردۆتەوە بە ناوی باوکی کە سەعداوییە بناسرێت، بۆیە ناوی نەوال زەینەبی لە خۆی ناوە.


لە ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکیدا بەدەستهێناوە دواتر بۆتە پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان، لە ماوەی کارکردنیدا وەك پزیشك هەستی بە کێشە جەستەی و دەرونییەکانی ژنان کردووە کە بونەتە هۆی کپکردنیان لە کۆمەڵگادا.
جگە لە کاری پزیشکی لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ساڵی ١٩٨٠ بۆتە ڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە ساڵی ١٩٨١ دا بەشدار دەبێت لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە ژنان بە ناوی ڕووبەڕوو بوونەوە کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی لە لایەن حکومەتی ئەو کاتەی میسر، بۆ ماوەیەك ژیان لە زینداندا بەسەر دەبات، نەوال ڕۆژەکانی زیندان بە جوانترین ڕۆژەکانی ژیانی ناودەبات.


کاتێک لە زینداندا دەبێت دەست بە نوسینی کتێبێکی بەناوبانگی دەکات بەناوی (بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان) لەساڵی ١٩٨٣ دا .
لە ١٢ی مارسی ٢٠٠٨ دا دادگای میسر ڕەتی کردەوە ڕەگەزنامەی میسری لەنەوال سعداوی بسەنێتەوە کە لە لایەن پارێزەرێکی میسریەوە بەهۆی بیروباوەڕەکانییەوە داوای لە دژ بەرزکرابووەوە تا ڕەگەزنامەی میسری لێبسەندرێتەوە.

 

سزای زیندانی بۆ نەوال سەعداوی دەردەچێت

نەوال خاوەنی چەندین کتێب و نوسینە کە وەرگێراونەتە سەر ٢٢ زمانی جیاواز خوێنەریان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە .
سەرەتای نووسینی نەوال دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی کورت بە ناونیشانی "فێری خۆشەویستی بووم"، دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دا یەکەمین ڕۆمانی بەناوی "بیرەوەریەکانی دکتۆرەیەک" بڵاوکردەوە .

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانە ناوازە و بەناوبانگەکانی نووسەر بریتیە لە "ئافرەتێک لە خاڵی سفردا"، ئەم ڕۆمانە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ تا ٢٠١٥ بە شەش زمانی جیاواز ٩٩ جار چاپکراوەتە و لە سەرانسەری جیهاندا خوێنەری هەبووە، ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکات کە لە لایەن خێزانەکەیەوە پەراوێز دەخرێت ودواتر لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیری پێشوەختی پێ ئەنجام دەدرێت، ئەم کارە دەبێتە هۆی ڕاکردنی لە خێزان و هاوسەری تا تێکەڵ بوون لەگەڵ گروپێکی لەشفرۆشیدا لەوێوە پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە هۆی دروستبوونی گرێی دەروونی بەرامبەر ئەو پیاوانەی ئازاری جەستەیی و ڕۆحیان داوە دەبێتە کچێکی بکوژ و لە زینداندا چاوەڕێی مەرگ دەکات، ئەم ڕۆمانە کاردانەوەیەکی گەورەی لە کۆمەڵگای عەرەبی و میسریدا دروست کرد بەو هۆیەوە لە لایەن حکومەتی میسرەوە سزای زیندانیکردن بۆ نەوال دەردەکرێت.

 

کتێبەکانی نەوال سەعداوی شۆڕشی فکریین

کتێب و ڕۆمان و نووسینەکانی نەوال شۆڕشێکی فکرییان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا دروست کردووە، بەرهەمەکانی نەوال سەعداوی بریتین لە: بیرەوەریەکانی پزیشکێک، لاپەڕەکانی ژیانم، بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان، شانۆنامەی شین، کێشەی ژنانی میسر لە سیاسەت و سێکسدا، شۆڕشێکی نوێ لە دۆسیەی ژندا، ڕۆمانی مردنی دواین پیاو لەسەر زەوی، کورتە چیرۆکی فێری خۆشەویستی بووم، دوانەی دەسەڵات و سێکس، گەشتەکانم بە جیهاندا، کورتە چیرۆكی ساتی ڕاستگۆی، ڕۆمانی بەهەشت و شەیتان، ڕۆمانی وێنە دڕاوەکە، ڕۆمانی ئافرەتێک لە خاڵی سفردا، ڕۆمانی کەسێکی نادیار، ژن و دین و ئەخلاق، توێژینەوە دەربارەی ژن و پیاو، شکاندنی سنورەکان، شانۆنامەی فەرمانڕەوایەتی بە فەرمانی خودا، ڕۆمانی شکستی ئیمام، ڕۆمانی دوو ژن لە ژنێکدا، داو و چاوی ژیان، ژن و سێکس، ژن و ململانێی دەروونی، ڕۆمانی خۆشەویستی لە سەردەمی نەوت، ڕۆمانی زینە،…هتد).

 

خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە
نەوال سەعداوی بەهۆی بە پێزی و کاریگەری نووسین و کارەکانییەوە لە چەند وڵاتێکی جیهان خەڵات کراوە لەوانە:
خەڵاتی باکور و باشور لە ئەنجومەنی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٤
وەرگرتنی خەڵاتی من لە کوێم لە وڵاتی بەلجیکا ساڵی ٢٠٠٥
وەرگرتنی خەڵاتی ستیغ داغیرمان، لە سوید ساڵی ٢٠١١
وەرگرتنی خەڵاتی ماکبراید بۆ ئاشتی لە سویسرا ساڵی ٢٠١٢
 

ت.پ