"گەشتی قەندەهار" ژنێک لە پشت سەرپۆش و زەوییەک لە پشت دیواری بێدەنگی
دوای زیاتر لە دوو دەیە بەسەر بەرھەمھێنانی "گەشتی قەندەهار” دا، فیلمەکە لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، گرنگییل خۆی دەبوژێنێتەوە و دەبێتە شاھیدێک بۆ پەراوێزخستنی ژنان، سنووردارکردنە سەپێنراوەکان و ھەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیاندا.
ناوەندی ھەواڵ
ھەندێک فیلم بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن، بەڵکو ئەوە واتاکەیانە کە دەگۆڕێت، فیلمی "گەشتی قەندەهار”ی دەرھێنەر موحسن مخمەڵباف یەکێکە لەو فیلمانە.
فیلمێک کە لە ساڵی ٢٠٠١دا، پێش ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول وێنەی گیراوە، بۆ ئەوەی وێنەیەک لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا پێشکەش بکات، ئەمڕۆش لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، فیلمەکە جارێکی تر واتایەکی ئاشنا دەگەڕێنێتەوە.
چیرۆکەکە باس لە ”نەفەس” دەکات، ژنێکی ئەفغانی کە لە کەنەدا دەژی، نامەیەکی لە خوشکەکەیەوە پێدەگات و بڕیار دەدات بەرەو ئەفغانستان بەڕێبکەوێت بۆ ئەوەی بگاتە قەندەھار و ڕزگاری بکات، گەشتی نەفەس لە ڕوکەشدا دەردەکەوێت وەک ھەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی تاکێک، بەڵام لە ڕێگادا دەگۆڕێت بۆ گەشتێک بە قووڵایی کۆمەڵگەیەکدا کە ژنانی لە بچووکترین ماف و لە ئامادەبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بێبەش کراون.
لەم فیلمەدا، سەرپۆش تەنھا وەک جلوبەرگێک پێشکەش ناکرێت، بەڵکو دیوارێکە، دیوارێک کە ژن لە جیھان جیا دەکاتەوە، نەفەس ناچارە دەموچاوی بششارێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئەفغانستاندا تێپەڕێت، تەنانەت کاتێک دەیەوێت قسە لەگەڵ پزیشکێک بکات، دەبێت لە پشت پەردەیەکەوە دانیشێت، خودی موحسن مخمەڵباف وتویەتی کە سەرپۆش بۆ ئەو نیشانەی خنکان و نەبوونی ئازادی بووە بۆ ژنان.
بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە نەفەس سەرەڕای شاردنەوەی دەموچاوی، یەکێکە لەو کەمترین کارەکتەرەی کە بەڕاستی دینامیکیانەی فیلمەکەیە، دەجووڵێت، هەڵیدەبژێرێت، هەوڵدەدات بگاتە کەسێکی تر، هەر ئەم جوڵەیە، لە خاکێکدا کە بڕیارە ژن بە نەبینراوی بمێنێتەوە، دەبێتە جۆرێک لە بەرخۆدان.
ئەفغانستان کە لە چوارچێوەی وێنە دەردەچێت
موحسن مخمەڵباف ئەفغانستان لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە ڕوون ناکاتەوە، وێنەکان لە جیاتی ئەو قسە دەکەن، پیاوانی پێبڕاو کە بۆ بەدەستھێنانی ئەندامی دەستکرد بەرەو ئاسمان ڕادەکەن، منداڵانی بێبەش لە خوێندن، ژنانی بە سەرپۆش داپۆشراون، ئەو ڕێگایانەی کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا ببنە مەیدانی مردن، ھەموو ئەوانە وێنەی ئەفغانستانێک دەردەخەن کە نەک تەنھا جەنگ خاکەکەی تێکشکاندووە، بەڵکو برینەکانیشی لە جەستە و ڕۆحی نەوەکانیدا جێھێشتووە، دیمەنی خوارکردنەوەی قاچی دەستکرد بە پەڕەشووت بە یەکێک لە دیمەنە هەرە چەسپیوەکانی یادەوەری لە فیلمەکەدا دادەنرێت.
لە ناو ئەم وێنەیانەدا، ژن پێش ھەر شتێک لە ڕێگەی نەبوونەوە دەناسرێتەوە، نەبوونی دەموچاو، دەنگ، خوێندن و ئازادی. لەگەڵ ئەوەشدا، فیلمەکە لە چینی قووڵتریدا، باسی ھیوا دەکات. نەفەس گەشت دەکات بۆ ڕزگارکردنی خوشکەکەی کە ئیتر ھیچ ھیوایەکی بە ژیان نەماوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئارەزووی مانەوە لە ژیاندا تەنانەت لە تاریکترین بەشەکانی فیلمەکەشدا دەمێنێتەوە.
ئەو شوێنەی کە فیلمەکە تێیدا لاواز دەبێت
"گەشتی قەندەهار”بە بێ گومان، فیلمێکی بێ کەموکوڕی نییە، چونکە لە ھەندێک حاڵەتدا زۆر پشت بە ئامڕاز و پەیامە سیاسییەکان دەبەستێت، بە جۆرێک کە کەسایەتییەکان قووڵایی پێویست بەدەستناهێنن، ھەروەھا ھەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە فیلمەکە زیاد لە پێویست ڕوونکردنەوە و وتاری تێدایە، پێیان وایە گێڕانەوە لە ھەندێک ساتدا دەگۆڕێت بۆ شتێک لە شێوەی ڕاپۆرت یان ڕاگەیاندراوێکی سیاسی زیاتر لەوەی چیڕۆکێکی سینەمایی بێت.
تەنانەت کەسایەتی ”نەفەس”یش، تا ڕادەیەک زیاتر نزیکە لە ”چاوی فیلمەکە” وەک لەوەی کەسایەتییەک بێت کە ژیانێکی سەربەخۆ و ئاڵۆزی ھەبێت، کۆتایی کراوەش ڕەنگە بۆ ئەو بینەرەی کە چاوەڕوانی دەرئەنجامێکی ڕوونە، دڵخۆشکەر نەبێت.
بەڵام ئەم کەموکوڕییە لە تەواوێتیدا ھاوگونجاو بێت لەگەڵ جیھانی فیلمەکەدا خۆیدا، چونکە "گەشتی قەندەهار" ھەوڵ نادات چیڕۆکێکی کۆتایی ھێمن و یەکلاکەرەوە بگێڕێتەوە؛ چونکە ئەو ئەفغانستانەی کە فیلمەکە دەریبخات، ئەویش ھێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی خۆی.
بۆچی دەبێت ئەمڕۆ فیلمەکە لە نوێوە سەیر بکرێتەوە؟
زیاتر لە دوو دەیە بەسەر بەرھەمھێنانی فیلمەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکەی ھەر دەمێنێتەوە: چۆن ژن دەتوانێت لە کۆمەڵگەیەکدا بژی کە داوای لێدەکات نەبینراو بێت؟
ئەمڕۆش، لە سایەی ئەو سنووردارکردنە فراوانانەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی، ئەفغانستانی جارێکی تر کردووەتە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتیی ژنان، سەیرکردنی "گەشتی قەندەهار” تەنھا گەڕانەوەیەک نییە بۆ فیلمێکی کۆن؛ بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ پرسیارێک کە ھەتا ئێستا وەڵامێکی نەدۆزیوەتەوە.
ڕەنگە یادگارترین وێنەی فیلمەکە ئەم وێنەیە بێت: ژنێک لە پشت بورقایەکەوە خۆی حەشارداوە، بەڵام بەردەوامە لە ڕۆیشتن، دەموچاوی نابینرێت، بەڵام هێشتا لەسەر ڕێگایە.