پیشەنگی گەنج و ئازا: ئاڤزەم چیا
داپیرەی شەڕڤانی یەپەژە ئاڤزەم چیا کە لە ٢ی کانوونی دووەم لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک لە بەنداوی تشرین گیانی لەدەستدا، ڕایگەیاند کە نەوەکەی لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدان جێگەی خۆی گرتووە و شانازی بە نەوەکەیەوە دەکات.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250207-20250206-manset-jpgf11146-image-jpg246776-image.jpg)
هاڤین ئەحمەد
قامیشلۆ- لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی گەنج بە کۆمەڵ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنانی هەپەژە، لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە فەرمی خۆیان ڕاگەیاند، ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین پڕە لە سەرگەرمی، بە تایبەت گەشت بەرەو ئازادی و خەبات و بەرخۆدان، پڕە لە چەندین ئەزموونی قارەمانانە. یەکێک لەو ئازادیخوازانەی لێگەڕینی ئازادی کرد. شەڕڤانی یەپەژە ئاڤزەم چیا بوو.
ئاڤزەم چیا لە شاری قامیشلۆ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە، لە خێزانەکەدا دوو منداڵ هەبوون. تا پۆلی شەشی خوێندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە کردووە، لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە یەپەژە، لە بەرەکانی پێشەوە بوو، لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی هێرشێک لە شوێنی بەرخۆدان، بەنداوی تشرین، پەیوەندی بە کاروانی نەمرەکانەوە کرد.
"زۆر زیرەک و بەتوانا بوو"
بەهیا حسێن، داپیرەی باسی ئاڤزەم چیای نەوەی بۆ کردین و وتی: ئەو وەک نەوەم نەبووە، وەک کچم بووە، هەمیشە هاوڕێکانی زۆر خۆشدەویست و هەمووان خۆشیان دەویست، هەرگیز ئازاری کەسی نەداوە، لە پۆلی سێ تا شەش لەگەڵم بوو، من ئاگاداری بووم، کچم نەبوو، بوو بە کچم، لە خوێندنگە زۆر زیرەک بوو، مامۆستایی براکەی دەکرد و هەمیشە لە ڕیزی یەکەمدا بوو، دوای تەواوکردنی پۆلی ٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە کرد، کاتێک لەگەڵم بوو، هەرچی لە توانایدا بوو بە باشترین شێوە دەیکرد و یارمەتیمی دەدا.
"ئێمە وەک هاوڕێ بووین"
داپیرە بەهیا ئاشکرای کرد کە ئاڤزەم چیا ڕۆژێک پێش ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە بکات لەگەڵ براکەی شاییان کردووە، بەڵام کەس تێنەگەیشتووە بۆچی شاییان ئەنجامداوە. بەهیا حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی نەوەکچەکەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژەوە کرد، بۆی دەرکەوت کە ئەم ڕێگایەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، و وتی: من و ئەو وەک هاوڕێ بووین، زۆر میهرەبان و ئارامگرو بەرخۆدێر بوو، لە هەموو ڕوویەکەوە یارمەتیمی دەدام، پەیوەندی لەگەڵ هەمووان هەبوو، هەرگیز باسی ڕۆشتنی بۆ نەکردم، کە وتم هەندێک شتت بۆ دەکڕم، ڕێگەی نەدام، تەنانەت نەمدەزانی هۆکارەکەی ئەوە بوو.
"شانازی پێوە دەکەین"
بەهیا حسێن سەرنجی بۆ ئەو ڕێگایە ڕاکێشا کە نەوەکەی بۆ خۆی هەڵیبژاردووە و شانازی خۆی بەم قسانە دەربڕی: بەشداریکردنی خۆبەخشانە بوو، نەمانتوانی ڕێگری لێبکەین، ئەو ڕێگایەی بۆ خۆی هەڵبژارد و ڕۆیشت، ئەویش وەک هەموو هاوڕێکانی گەیشتە ئەنجامێک، ئەو ڕێگایەکی بۆ خۆی هەڵبژارد، ئێمە شانازی پێوە دەکەین.