پەرتوکی ئەمڕۆ: ئەڤین و جەنگ

ئەڤین و جەنگ کۆکراوەی هۆنراوەکانی هۆنەر بەیان سەلمانە، لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوی کردووەتەوە.

 

ئەڤین و جەنگ کۆکراوەی سەرجەم هۆنراوەکانی نووسەر و هۆنەر بەیان سەلمانە، لە دوو بەشدا لە پەرتوکەکەدا ڕێکخراون، بە ناونیشانەکانی "ئەڤین" و "جەنگ"، ئەم بەرهەمەی هۆنەر وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی کە هۆنەر خۆی یەکێک بووە لە وەرگێڕەکان بە هاوکاری شاعیری فەرەنسی فیلیپ دولارب.

 

یەکێک لە هۆنراوەکانی بە ناوی ئەنفال:

من خوشکێکم هەر هەبوو بە ناوی گوڵ

یەکێکی تریان بە ناوی کل

ئەوی تریشیان بە ناوی خەنە

ئامۆزایەکیشم بەناوی یادگار و

خالۆزایەکیشم بە ناوی ڕۆژگار

کە بردیانن هێشتا لەدایک نەببووم

کە هاتیشمە دونیا، بە سەبەتە

میوەی یادگاریی ئەوانم دەخوارد

لە ڕەنگی هەر میوەیەک دەگەڕام بۆ گوڵ

لە دەنکەکانیان وێڵبووم بە شوێن کل

لە بۆنیان شاروشارم دەکرد بەدوای خەنە

 

لە تامی هەر یەکەیان یادگارێک

لە جوانیشیان ڕۆژگارێک

کە تازە لەدایک ببووم

وەک ئەو کەسانەی ئازاریان زۆرە

پێدەکەنیم

وەک ئەوانەی هیچیان نەماوە

هەڵدەپەڕیم

وەک ئەوانەی ژمارەیەک لە سەر قۆڵیان کوتراوە

منیش ناوی ئەوانم لەسەر زمانم هەڵکۆڵی و

پڕ بەدەمم هاوارم کرد و بە پشتا کەوتم

 

ڤیل داڤرێ، پاریس ٢٠١٤