پەرتوکی ئەمڕۆ: لازۆ ئازاد

پەرتوکی شیعری "کتێبی نووسینەوەی هەزار و یەک خەون" لە نووسینی لازۆ ئازاد.

 

پەرتوکەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکراوەتەوە لەلایەن ناوەندی غەزەلنووس.

لازۆی شاعیر لەم شیعرانەیدا ئازادانە باس لە ژنێتی و ژیانی خۆی دەکات، نەزەند بەگیخانی دەربارەی لازۆ و کتێبی نووسینەوەی هەزار و یەک خەون دەڵێت:

 

''کتێبی نووسینەوەوی هەزارو یەک خەون'' ی لازۆ ئازاد پەنجەرەیەکە بەسەر ناخی ژنێکدا دەکرێتەوە کە راستگۆیانە نمایشی ژیانی خۆی دەکات، بانگهێشتمان دەکات بۆ جیهانی خۆی، لەگەڵمان دەدوێ، دەمانباتەوە سەرزەمینی ژنێکی هەستیار و ناسک، سەرزەمینی ژنێکی رۆژهەڵاتی کە عەشق تێیدا کارەساتە ... لەوێ کاتێ پیاوەکان شمشێر و خەنجەرەکانیان هەڵدەگرن و بۆ جەنگ دەڕۆن، باخچەکان دەبنە وێرانە و ژنەکان کۆرپەیان لە دامێن دەکەوێتە خوار و چاوەڕێ دەکەن. عەشق و یادەوەریی ئەو پیاوەی کە لە چیڕۆکێکی دیکەدا دەشێت لە بیربچێتەوە ئەم وێرانییەی شاعیر دەگۆڕن، لە شەوێکی شین و لە پاسێکی شیندا، شاعیر ''شین'' دەبێت و لە ئاوێنەکاندا دەدرەوشێتەوە، دەبێتە لەیلا لە ئەڤیندا و پیاوەکان ئاشت دەکاتەوە بە نیشتمانێکی نەخۆش و زامدار کە ئەو لە ژوورەکەی خۆی لە مەنفا دروستی دەکاتەوە.

 

شاعیر ژنێکە بەخشندە لە پێناوی سەرفرازیی ئەو پیاوەی کە دەیەوێ لەبیری بچێتەوە، بەڵام لە هەموو سوچێکی خەیاڵدانیدا بەری دەکەوێت و ناوی دەهێنێت، بانگی دەکات، ماچی دەکات... عەشقێکی جوان کە وەکو هەموو چیڕۆکە نەمرەکانی عەشق لە غیابدا جوانتر دەردەکەوێت. ئەو ژنە پڕە لە برین، برینی جەنگ و مەنفا و تەنیایی و دابڕان، برینی جیابوونەوە لە پادشایەکی خەمبار. بەڵام بە ئەندازەی بێباکی بەرامبەر بەم دابڕانە، لازۆ رەنگڕێژە بە ئەڤین... ئەو چاوەکانی دادەخات و لە فۆرم و وشە و مۆسیقای شیعردا، پادشای خەمبار و نیشتمان و خودی خۆشی بنیات دەنێتەوە... لە هەوای یادەوەری و ئەڤین و منداڵیدا خۆی رەدەتەکێنێت و جوانترین وێنەی شیعری لێ دەبارێ:

عەبا رەشەکەی نەنکم لە (با) دا

رادەکات

لە خۆی دەئاڵێت

لوول دەخوات و

دەکەوێت

بۆنی نەنکم بە کۆڵاندا

بە ماڵاندا

بە مزگەوت و

نانەواخانەکاندا

دەگەڕێت

منداڵیم رادەچڵەکێت

ئا لێرەدا، لازۆ دەبێتە شەهرەزاد و شکۆمەندانە هەزار و یەک حیکایەتی خۆی و کچانی نیشتمان دەگێڕێتەوە. ئەمە دەبێتە وزە بۆ داهێنان، بۆ بەردەوامی، بۆ ئومێد و هیوا کە لە لە شیعر و شازادە ئۆفیلیای کچیدا کۆدەبنەوە."

 

سەرچاوە: تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک- لازۆ ئازاد