پەرتوکی ئەمڕۆ: دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان

ڕۆمانی "دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان" لە نووسینی بەیان سەلمان، لەلایەن ناوەندی ڕەهەند بڵاوکراوەتەوە، باس لە گەڕانی مرۆڤ دەکات بەدوای خەونەکانیدا.

 

ڕۆمانەکە باس لە گەشتێکی مەودا درێژ دەکات کە مرۆڤ بەدوای خەونەکانی خۆیدا دەگەڕێت، بەر چەندین ڕووداو و بەسەرهات دەبێت، بەیان سەلمان لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت: ڕمانەكە سەراپای باسكردنە لە گەشت، بەتایبەت گەشت لە دەریادا، كارەكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە ناوی (مەرجانە) دەكرێت بپرسین، چ گەشتێکە ئەوەی مەرجان پێ هەڵدەستێت؟ چ ئامانجێکی لە پشتە؟ مەرجان خۆی بە بنەماڵەی زەندییەکان پێشکەش دەکات، لە بەسرا دەژی. لەو ساتەوەی تاقمی کەشتییەکەی بە هاوکاری زێفیر پێکهێنا، لەنگەریان لە بەسرا هەڵکێشا و دەرگاکانی گەشت بە خواستی ئازادی بەڕوویاندا واڵا بوو.

 

هەروەها دەڵێت: "دنیایەک بە رەنگی دەریا، هاوبەشی گۆڕانی دۆخی ئاسمان، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرە و بەرەوڕووبوونەوەی باوبۆران، بەڵام بە ڕەنگی خەونێکی شاراوەش، کە دەبێتە ئۆرکیسترایەک و سەرجەمی ڕووداوەکانی کەشتیەکە ڕووەوئاراستەی ئەوێ دەکات. چوونە ناو جیهانێکی سەیر و بینینی خەڵک و زمانی جیاواز و بەرکەوتنی خەون لە نزیک و دوورەوە، لە نێوان هاوڕێیەتی و وەدیهێنانی خەون سنوورێکی باریک هەیە، لەودیوی هاوڕێیەتیش نهێنی هەر یەک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە لەگەڵ گەشەی ئەو گەشتە سەیرەی مەرجان و زێفیر و هاوڕێیانیان پێی هەڵدەستن، ئاشکرا دەبێت. ئیدی چەندی ئەو نهێنیانە ڕاستن، یان داهێنراون، لە نێوان دەقی ڕۆمانەکە دەرەکەوێت".