مریم ئاخۆندی... دەنگێکی ژنانە بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری ئێران

مریم ئاخۆندی نموونەیەکی بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەنگی ژنان لە دیمەنی مۆسیقای ئێرانیدا پێشکەش کرد، چونکە گۆرانیوتنی کردە سەنگەرێکی بەرگری لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ئەو کولتووری گۆرانییەی کە ژنان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستوویانەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مریم ئاخۆندی بەوە ناسراوە کە کولتووری گۆرانیی ژنانی ئێرانی زیندوو کردووەتەوە و لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی مۆسیقییەوە بە داڕشتنێکی هاوچەرخ پێشکەشی کردووە، کە دیارترینیان گروپی "بانو" و ئەلبومی "سەرمەست"ن، کارەکانی بەوە جیادەکرێنەوە کە خاوەنی ڕۆحێکی زیندوون و دوورن لەو سستبوون و خەمۆکییەی کە بەسەر مۆسیقای نەریتیی ئێرانیدا زاڵە.

 

مریم ئاخۆندی لە ساڵی ١٩٥٧ لە تاران لەدایک بووە، دوای ئەوەی لەسەر دەستی ئیسماعیل مەهرتاش و نەسروڵا نەسرەپوور (کە لە دیارترین کەسایەتییەکانی مۆسیقای ئێرانین) ڕاهێنانی بینی، پسپۆڕیی لە مۆسیقای کلاسیک و نەریتیی فارسیدا وەردگرت، دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر هونەرمەندەکانی ژناندا سەپێنرابوون، ئێرانی بەجێهێشت و ڕووی لە ئەورووپا کرد و لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو، لەوێوە بەردەوام درێژەی بە ڕێچکە هونەرییەکەی و پاراستنی کولتووری مۆسیقای ئێرانی دەدات.

 

ئەو مۆسیقا بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بەو ئاستەنگانە بەکاردەهێنێت کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە گۆرانیوتندا لە شوێنە گشتییەکانی ئێراندا، سەرنجی خۆی لەسەر زیندووکردنەوەی ئەو گۆرانییانە چڕ کردووەتەوە کە ژنان لە ڕێگەی نەوەکانەوە دایانڕشتووە، گروپی ژنانی "بانو" ئەم میراسە لەسەر شانۆ نێودەوڵەتییەکان پێشکەش دەکات بە جۆرێک کە دەنگی ژنانی ئێیرانی بە گوێی گەلێکی فراوان لە سەرانسەری جیهاندا دەگەیەنێت.

 

مریم ئاخۆندی دوای جێگیربوونی لە ئەورووپا، لەگەڵ مۆسیقاژەنە ئێرانییەکانی تری پەنابەردا هاوکاریی کرد و لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا لەگەڵ هەردوو گروپی مۆسیقای نەریتیی ئێرانی "ناوا" و "چاکاواک"دا کۆنسێرت و ئاهەنگی پێشکەش کرد، دواتر گرپی "پاربادی" دامەزراند، کە گروپێکی مۆسیقییە و لە سێ بۆ پێنج مۆسیقاژەنی خاوەن ڕاهێنانی مۆسیقای کلاسیک پێکهاتووە، بە درێژایی ساڵان، ئەم گروپە لە چەندین شاری ئەورووپادا بەشداریی لە چالاکییەکاندا کردووە.

 

پرۆژەی "سرمست"یەکێکە لە کارەکانی مریم ئاخۆندی بە هاوکاریی لەگەڵ گروپی "ئینسامبل بارباد"، کە پشتی بە کاریگەریی شیعرە کلاسیکییە فارسییەکان بەستووە، بەتایبەت شیعری حافزی شیرازی. وشەی "سرمست" لە زمانی فارسیدا واتای مەستی دەگەیەنێت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕۆحی عیرفانیی ئەو دەقە ئەدەبییانەیە کە پرۆژەکەی لەسەر وبنیاد ناونراوە، ئەلبومی "سرمست" لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکرایەوە، پێک هاتبوو لە پارچە مۆسیقایەک کە لە شیعری نەریتیی فارسی و مۆسیقای کلاسیکیی ئێرانییەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، لە چوارچێوەی هەوڵی مریم ئاخۆندیدا بۆ پێشکەشکردنەوەی ئەم کولتوور بە شێوازێکی سەردەمییانە.

 

گروپی "بانو" بە یەکێک لە دیارترین کارەکانی مریم ئاخۆندی دادەنرێت، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ وەک پرۆژەیەکی مۆسیقی دامەزرا وەک وەڵامێک بۆ ئەو سنووردارکردنانەی لەسەر گۆرانیوتنی ژنان لە شوێنە گشتییەکانی ئێراندا هەبوون، لەو دۆخەدا کە دەرکەوتنی گۆرانیبێژان بە ئاشکرا سەخت بوو، گۆرانیوتنی ژنان تەنها بۆ کەشە تایبەتەکان سنووردارکرابوو، چونکە ژنان لە ماڵەکاندا، لە کارەکانی ڕۆژانەدا، لە کێڵگەکاندا و لەو بۆنانەدا کە تەنها ژنانی تێدا کۆدەبوونەوە گۆرانییان دەوت.

 

بە درێژای چەندین ساڵ، مریم ئاخۆندی کاری لەسەر کۆکردنەوەی ئەم گۆرانییە نەریتیانەی ژنان کرد و دیسانەوە زیندووی کردنەوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی هونەریی هاوچەرخدا پێشکەشی بکات، ئەم هەوڵە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە بڵاوکردنەوەی ئەلبومی "بانو ـ گۆرانی ژنانی ئێران" خەڵات کرا، کە کۆمەڵێک گۆرانی لەخۆگرتووە کە لەو کولتوورو گۆرانییەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ژنان لە ڕێگەی نەوەکانەوە دایانڕشتووە.

 

ئەلبومی "بانو"، کە بە زمانی فارسی بە واتای "ژنی خانەدان" یان "ژنی پایەبەرز" دێت، گەشتێکی مۆسیقییە بە ناو ناوچە و کولتوورە جیاوازەکانی ئێراندا، تیشک دەخاتە سەر نەریتەکانی گۆرانیوتنی ژنانی ئێرانی و ئەو متمانەبەخۆبوونەی کە ئەم نەریتانە بەرجەستەی دەکەن.

 

ڕێژەیەکی بەرچاو لە گۆرانییەکان بە زیندوویی و پڕ لە وزە جیا دەکرێنەوە و ئامێری لێدان لەگەڵیاندا بەکاردێت، بەم شێوەیەش جیاوازن لەو مۆسیقایە ئێرانییەی کە بە گشتی بە هێمنی و تەمومژاوی یان خەمۆکی ناسراوە، لە گۆرانییە میللییە کۆنەکاندا نوکتە و گاڵتەجاڕی دەردەکەوێت، بێجگە لە دیمەنگەلێک لە ژیانی ڕۆژانە و تایبەتیی ژنی ئێرانی، تا ساڵی ٢٠١٢ش گروپی ”بانو” لە ئەورووپا، تورکیا و تونس کۆنسێرتی ساز کرد.

 

مریم ئاخۆندی لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی ”WDR Jazz” بۆ ساڵی ٢٠٢٣دا، وەک ڕێزلێنانی بۆ ڕێڕەوی هونەریی خۆی، خەڵاتی "کولتوورە مۆسیقییەکان"ی پێبەخشرا و پێی ووتن: با پێکەوە گوێ لە دەنگی یاخیبووی بانو بگرین.